شەممە, تشرینی دووه‌م 2, 2024
Image default

بە بەشداری مەسرور بارزانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

مه‌سرور بارزانی، له‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند، من شانازی ده‌كه‌م كه‌ ئه‌ندامانی پارتی و خه‌ڵكی كوردستان ئه‌و متمانه‌یان پێ به‌خشین، كه‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانمان پێ ببه‌خشرێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ من لێره‌ له‌ خزمه‌تی ئێوه‌دام وه‌كو ئه‌ندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان.

مه‌سرور بارزانی روونیشی كرده‌وه‌، له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئامانجی پارتی بۆ هێشتنه‌وه‌ی خاك و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان بووه‌، پارتی ده‌یه‌وێت خزمه‌تگوزاری بگه‌یه‌نێته‌ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كان و له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستان.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوو پارتی هه‌وڵی داوه‌ چه‌ند ئه‌ركێكی خۆی جێبه‌جێ بكات و درێغیش ناكات به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌ڵێنه‌ی به‌ ده‌نگده‌ر و جه‌ماوه‌ری خۆی داوه‌.

مه‌سرور بارزانی گوتی: “پارتی وه‌كو ستراتیژیه‌ت سه‌یری پێشخستنی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، سه‌یری ئه‌وه‌ ناكات ئابووری ته‌نیا بۆ چینێك بێت، یان ناوچه‌ و توێژێك بێت، په‌ره‌بسێتێنی و گرنگی پێ بدرێت، به‌ڵكو ئه‌مه‌ ستراتیژه‌تێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژێرخانێكی ئابووری به‌هێز له‌ كوردستان دروست بكرێت، تاكو ئێوه‌ و نه‌وه‌كانی داهاتووش بتوانن ژیانێكی ئاسووده‌تر و باشتر و سه‌قامگیرتر ژیان به‌رنه‌سه‌ر”.

دووپاتیشی كرده‌وه‌، پارتی هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی به‌و رێگایانه‌ی له‌ توانایدایه‌ خزمه‌تی هاووڵاتیان و ئه‌و ئه‌جێندایه‌ بكات، كه‌ بتوانن هه‌موو ناوچه‌یه‌ك له‌ كوردستان پێشبخات و هیچ كه‌موكوڕیه‌ك نه‌مێنێت، به‌ڵام وه‌ك ده‌زانن له‌ ماوه‌ی رابردوودا دووچاری چه‌ندین قه‌یران بووینه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌ خۆڕاگری خه‌ڵكی كوردستان و تایبه‌ت جه‌ماوه‌ری خه‌باتگێڕی پارتی بووه‌.

مه‌سرور بارزانی له‌ كه‌رنه‌ڤاڵی پشتیوانی له‌ كاندیدانی پارتی
مه‌سرور بارزانی له‌ كه‌رنه‌ڤاڵی پشتیوانی له‌ كاندیدانی پارتی

گوتیشی: پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان هۆكاری ئه‌وه‌ن ئێمه‌ لێره‌ بین و به‌ ئازادی بژین و سه‌یری كوردستانێكی گه‌شتر و رووناكتر بكه‌ین.

هه‌روه‌ها گوتی: هه‌موو هاووڵاتییه‌ك له‌ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری كوردستان سوودمه‌ند ده‌بێت، بۆیه‌ هیوادارم به‌رده‌وام بن له‌ پشتیوانیكردنی ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خزمه‌ت به‌رده‌وام بین. پارتی هه‌وڵیداوه‌ نه‌وه‌كانمان به‌ ستانداردی جیهانی بخوێنن. به‌رنامه‌ی پارتی ئه‌وه‌ بووه‌، ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندا بووه‌ بیكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی سیستمێكی ته‌ندرووستی باشتر له‌ هه‌موو شوێنێك هه‌بێت و هیچ كه‌س بێ به‌ش نه‌بێت له‌و خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندرووستیانه‌ی پێویسته‌ بگه‌نه‌ هاووڵاتیان.

ئه‌وه‌شی گوت: كاتێك پێویست بووه‌ به‌رگری له‌ ئه‌زموونی كوردستان و كه‌رامه‌تی كوردستان بكرێت، پێش هه‌موو كه‌سێك سه‌رۆكی خۆشه‌ویستمان سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی پارتی له‌ سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی به‌رخودان و به‌رگری بوون و نه‌یانهێشت ده‌ستی هیچ داگیركه‌رێك ئه‌زموونی كوردستان له‌ناو به‌رێت. په‌یامی ئێستای ئێمه‌ش و په‌یامی پارتی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ په‌یامی ئاشتی بووه‌ و هه‌رگیز نه‌مانویستووه‌ یه‌كڕیزی تێكبچێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین پێكه‌وه‌ ژیان له‌ كوردستان به‌رده‌وام بێت.

مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێویسته‌ هه‌موو كه‌سێك ئازاد له‌ ده‌ربڕینی رای خۆی و ئازاد بێت له‌وه‌ی كێ نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات، بۆیه‌ هیچ كه‌سێك بۆی نییه‌ به‌ زۆر كه‌سێك ناچار بكات فۆڕم پڕبكاته‌وه‌، یانیش به‌ زۆر ده‌نگ به‌ لایه‌نێك بدات، هه‌موو تاكێكی كوردستان ئازاده‌ بای ئه‌وه‌نده‌ تێگه‌یشتووه‌ كه‌ بزانێت ده‌نگ به‌ كێ بدات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئێمه‌ قه‌بوڵ ناكه‌ین له‌به‌ر بیروبۆچوونی سیاسی، ته‌هدیدی هیچ فه‌رمانبه‌رێك یان هیچ تاكێك بكرێت، كه‌ له‌ ئیشه‌كه‌ی دوور ده‌خرێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگ به‌ لایه‌نێكی تر ده‌دات، ئه‌وه‌ پره‌نسیپێكه‌ و بڕوای پارتییه‌، كه‌ ئازادی راده‌ربڕین پێویسته‌ بۆ هه‌موو هاووڵاتیه‌ك ده‌ستبه‌ر بكرێت، به‌ڵام داوا له‌ هه‌مووان ده‌كه‌م و روو له‌وانه‌ ده‌كه‌م كه‌ هێشتا خۆیان یه‌كلانه‌كردووه‌ته‌وه‌، ده‌نگ به‌ كاندیدانی پارتی بده‌ن.

كه‌رنه‌ڤاڵی سه‌رخستنی كاندیدانی پارتی له‌ هه‌ولێر

مه‌سرور بارزانی، گوتیشی: ئێمه‌ هه‌میشه‌ خۆمان به‌ خزمه‌تكاری خه‌ڵكی كوردستان زانیوه‌ و قه‌ت داوای ئه‌وه‌مان نه‌كردووه‌ ببینه‌ ئاغا و كوێخا به‌سه‌ر هیچ لایه‌ن و ناوچه‌یه‌كه‌وه‌، پارتی داوای كوێخایه‌تی و ئاغایی ناكات، داوای سه‌روه‌ری یاسا ده‌كات، ئێمه‌ ئاغا و كوێخا نین و خزمه‌تكاری خه‌ڵكی كوردستانین.

هه‌روه‌ها گوتی: پێویسته‌ ئێمه‌ ئه‌و خاڵه‌مان له‌به‌رچاو بێت و بزانین چ جۆره‌ كه‌سێك ده‌نێرین بۆ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی ده‌ستووریی بۆ هه‌رێمی كوردستان بكات. پێویسته‌ كه‌سانی شاره‌زا و به‌وه‌فا و كه‌سانێك خۆیان بكه‌ن به‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و وڵات هه‌ڵبژێرین، نه‌ك كه‌سانێك بن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان كوردستان بكه‌ن به‌ قوربانی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، به‌ پشتیوانی خوا و هێزی ئێوه‌ نه‌مانهێشت و قه‌تیش ناهێڵین واز له‌ هیچ مافێكی خۆمان بهێنین و ناكه‌وینه‌ ژێر هیچ پاڵه‌په‌ستۆیه‌ك و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هێنانه‌دی ئه‌و مافانه‌ی ماون.

مه‌سرور بارزانی باسی له‌وه‌شكرد، زۆر هه‌وڵدرا كێشه‌ی كوردستان بچووك بكه‌نه‌وه‌ له‌ بودجه‌ و مووچه‌دا، به‌ڵام خه‌باتی ئێمه‌ هه‌رگیز بۆ بودجه‌ و مووچه‌ نه‌بووه‌ و زۆر مافی دیكه‌ش هه‌ن هێشتا نه‌هاتوونه‌ته‌ دی و پێویسته‌ خه‌باتیان بۆ بكرێت، بۆ نموونه‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و پێویسته‌ نوێنه‌رانی ئێمه‌ له‌ به‌غدا كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، پێویسته‌ خه‌بات بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ن، مافی پێشمه‌رگه‌ نه‌فه‌وتێت و قه‌ره‌بووی ئه‌نفاله‌كان بكرێته‌وه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌هێڵن بودجه‌ و مووچه‌ بكرێته‌ كارتی سیاسی. ئێمه‌ ئه‌جێندای تایبه‌تمان نییه‌، جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌جێندای خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی كوردستان.

مه‌سرور بارزانی، دووپاتیكرده‌وه‌، له‌ 2003 هه‌موو هه‌وڵێك درا عێراقێكی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌ت و ته‌وافق و ته‌وازن درووست بكرێت، زۆر له‌ مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان پێشێلكراون و ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین به‌ شێوه‌یه‌كی ده‌ستوورییانه‌ مافه‌كانی خۆمان وه‌ربگرینه‌وه‌. ده‌سه‌ڵاتداران بۆ شاردنه‌وه‌ی شكستی خۆیان ده‌یانه‌وێت هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌ بیانوو.

هه‌روه‌ها گوتی: تێكه‌ڵبوونی نه‌ته‌وه‌كان و خۆشه‌ویستی و پێكه‌وه‌ژیان وانه‌یه‌كه‌ له‌ جه‌نابی بارزانی نه‌مر فێربووین و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام ده‌بین.

مه‌سرور بارزانی، له‌ كاتی وتاردان بۆ پشتیوانی و سه‌رخستنی كاندیدانی پارتی
مه‌سرور بارزانی، له‌ كاتی وتاردان بۆ پشتیوانی و سه‌رخستنی كاندیدانی پارتی

ئه‌وه‌شی گوت: شانازی ده‌كه‌ین، كوردستان له‌ ئاستی جیهان ناوی به‌وه‌ ده‌ركردووه‌، كه‌ شوێنی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، مه‌سرور بارزانی، رایگه‌یاند، ئێمه‌ هیچ كاتێك دژی ئاشته‌وایی نه‌بووین، پرسیار ئه‌وه‌یه‌، هه‌ڵوێسته‌كانی كوردستان هه‌ڵه‌ی ئێمه‌ بووه‌، یان ئه‌و لایه‌نانه‌ی ویستوویانه‌ به‌ پێشێلكردنی مافی ئێمه‌ و خۆسه‌پاندن ئه‌زموونه‌كه‌مان تێك بده‌ن. ئێمه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناكه‌وینه‌ ژێر هیچ فشارێكه‌وه‌ و ته‌عه‌دا له‌ كه‌س ناكه‌ین و ته‌عداش له‌ كه‌ش قبووڵ ناكه‌ین.

ئاشكراشیكرد، پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێم ته‌نیا به‌ له‌سه‌دا 5ی داهاتی عێراق كراوه‌ و یه‌كێك نییه‌ بپرسێت به‌ %95ی داهاتی عێراق چی كراوه‌ له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق.

داواشیكرد، ده‌نگ به‌ كاندیدانی پارتی بدرێت چونكه‌ نه‌ك ته‌نیا پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانیان ده‌بن، توانای جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانیشیان ده‌بن. گوتیشی: رۆژی 10ی 10 بكه‌نه‌ كه‌رنه‌ڤاڵی سه‌ركه‌وتنی پارتی و كاندیده‌كانی و پارتیش هه‌ر سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت.