هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

شرۆڤەکارێکی سیاسی: هێرشەکەی ئەنقەرە زیانێکی زۆر بە دۆزی کورد لە تورکیا دەگەیەنێت

شرۆڤەکارێکی سیاسی پێیوایە هێرشەکەیی دوێنێ پەکەکە بۆ سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، “زیانێکی زۆر بە دۆزی کورد لە تورکیا، هەدەپە و خودی پەکەکە دەگەیەنێت”. دەشڵێت، دوای هێرشەکە، “تورکیا هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە دژی پەکەکە زیاتر دەکات”.

ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئۆکتۆبەری 2023، محەممەد ڕەشید، شرۆڤەکاری سیاسی، رایگەیاند لەبارەی لێکەوتەکانی هێرشەکەی دوێنێی پەکەکە بۆ سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، کە لە ئەنجامیدا دوو چەکدار کوژران و دوو پۆلیسی دیکەش برینداربوون

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە باس لەوە دەکات، “ئەو هێرشە خۆکوژییەی دوێنێی پەکەکە بۆ سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە کاتێکی هەستیار و پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیا ئەنجام درا، پەکەکە دەیویست ئەم هێرشە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەنگدانەوە بەخۆیەوە ببینێت و بە هەموو لایەك بڵێت، من هێشتا هەم”.

محەممەد ڕەشید پێیوایە هێرشەکەی پەکەکە بۆ سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، “زیانێکی زۆر بە دۆزی کورد لە تورکیا، هەدەپە و خودی پەکەکە دەگەیەنێت، چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەم جۆرە کردەەوە و هێرشانەدا نییە. بینیمان یەکێتی ئەوروپا، ئەمەریکا و وڵاتانی عەرەبی لەبارەی تەقینەوەکە هاتنە سەرهێڵ، پشتیوانی خۆیان بۆ تورکیا دووپاتکردەوە و سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد”.

دوای رووداوەکەی دوێنێی ئەنقەرە، وەکو ئەوەی ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ئاماژەی پێ دەدات، “ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا زیاتر گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا هەڵدەکەن بۆ هێرشکردن و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە دژی پەکەکە. تورکیاش بەو بیانوویە و هەر لە دوێنیوە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و لەسەر ئاستی ناوخۆش دەیان ئەندامی هەدەپەی دەستگیرکرد”.