پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

کچێکی دیکەی ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگار کرا

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کچێکی دیکەی ئێزدی ڕفێندراوی دەستی داعش لە کەمپی ھۆڵ ڕزگار کرا و بە کەسوکارەکەی شادبووەوە. بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، دەڵێت: بە ڕزگارکردنی ئەو کچە تا ئێستە سێ ھەزار و پێنج سەد و حەفتاو پێنج کەس ڕزگار کراون، لە ئێستەدا کار لەسەر چەند کەیسێکی دیکە دەکرێت و لە زووترین کاتدا ھەندێک کەسی دیکە ڕزگار دەکەین.

تا ئێستە زیاتر لە حەفتا گۆڕی بە کۆمەڵ ھەڵدراونەتەوە، سەرەڕای ھەڵدانەوەی دەیان گۆڕی تاکە کەسی، ژمارەی مەزارگە و نزرگە ئاینییە تەقێندراوەکان لە لایەن داعشەوە، شەست و ھەشت مەزارگەنە و ژمارەی ئەو ھاووڵاتیانەی کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات، نەوەد ھەزار ھاووڵاتی دەبن.
لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا داعش شنگالی داگیرکرد و لە ھەردوو ڕەگەز شەش ھەزار و چوار سەد حەڤدە ھاووڵاتی کەوتنە دەست داعش، لەو ژمارەیە سێ ھەزار و پێنج سەد و چل و ھەشت کەسیان ئافرەت بوون و دوو ھەزار و ھەشت سەد و شەست و نۆ کەسیان پیاو بوون.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، ڕایگەیاند: وەکو نووسینگە بەردەوامین چ وەکو گەڕان بەدوای بێسەروشوێن بووەکان، چ وەکو ڕزگار کردن، توانیومان کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی کۆمەڵگەکانی دەوروبەری شنگال ڕزگار بکەین، بەوەش تا ئێستە سێ ھەزار و پێنج سەد و حەفتاو پێنج کەس ڕزگار کراون.
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، دەشڵێ: لە ساڵی ٢٠١٤ لەسەر ئەرکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە ئەو کات سەرۆکی حکوومەت بوو، نووسینگەیەکی تایبەت بۆ ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی کرایەوە، بە ھەوڵ و پشتگیری بەڕێزیان تا یەک کەس لە دەست داعش مابێت لە ھەوڵەکانمان بەردەوام دەبین، سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەکەین بۆ ھاوکاریکردنی بەردەوامی ئەوان لەگەڵ ئێمە، لە ئێستەدا کار لەسەر چەند کەیسێکی دیکە دەکرێت و لە زووترین کاتدا ھەندێک کەسی دیکە ڕزگار دەکەین.
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، ئاشکراشی کرد: تائێستە لە کۆی شەش ھەزار و چوار سەد و حەڤدە کەس کە داعش ڕفاندوونی سێ ھەزار و پێنج سەد و حەفتاو پێنج کەس ڕزگار کراون.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، گوتیشی: حکوومەتی عێراق ھیچ ھاوکاری ئێمەی نەکردووە و خۆی لەو بابەتە نەکردووەتە خاوەن، ئەمە لە کاتێکدایە پێویست بوو حکوومەتی ناوەند ھەموو ھەوڵێکی دابایە بۆ ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی، بەڵام ئێزدییەکان بە خەڵکی خۆی نازانێت، ھەر لەبەر ئەوەیە ھاوکاری ئێمە ناکات بۆ ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی، ھەتا ھاوکار نییە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا، چونکە ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ کرابایە، ئێستە ڕەوشی شنگال ئاسایی دەبوویەوە و خەڵکەکە دەگەڕایەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەستیان بە ژیانێکی نوێ دەکرد، ئەوەش زیاتر کارەکانی ئێمەی ئاسانتر دەکرد.