ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز ئاشکرایکرد: لەم حەفتەیە بە نووسراوی فەرمیی داوا لە بەغدا دەکەن بۆ وەرزی زستان نەوتی سپی بەنرخی پاڵپشتیکراو بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دابین بکرێت، دەشڵێ: داوا دەکەین مانگانە نەوتی سپی لەڕێگەی کۆبۆن دابەش بکرێت.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە وەرزی زستان نزیک دەبینەوە و پلەکانی گەرما بەرەو نزبوونەوە دەچن، ھاووڵاتییانیش پێویستییان بە نەوتی سپی ھەیە بۆ وەرزی زستان، بۆیە بەردەوام ھەوڵ دەدەین نەوتی سپی ماڵان لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی ھاووڵاتییانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دابین بکرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز گوتیشی: لەم حەفتەیەدا بە نووسراوی فەرمیی داواکاری پێشکەش بە وەزارەتی نەوتی عێراق دەکەم بۆ ئەوەی نەوتی سپی بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دابین بکات، چونکە ئێمە و بەغداش نەوتی سپی لەدەرەوە ھاوردە دەکەین، داوا دەکەم مانگانە بەشێوەی کۆبۆن نەوت بەسەر پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دابەش بکرێت.
لەبارەی بەنزینی ٤٥٠ دیناریش د. سەباح سوبحی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد” ئێمە دەمێکە لەھەولداین بۆ ئەوەی بەنزینی ٤٥٠ دیناری بۆ ھەرێمی کوردستانیش ڕەوانە بکرێت، بەڵام کێشە لەوەدایە ئێمە پاڵاوگەی سەر بە حکوومەتمان نییە و لە عێراق چەند پاڵاوگەیەک ھەن و لە ڕێگەی ئەو پاڵاوگانەوە بەنزین دابین دەکرێت.