محەمەد لادێ – ههولێر
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دروستکردنی پردی تووەقوتی دەرکرد و وا بڕیارە تا چەند ڕۆژی دی بەردی بناغەی پڕۆژەکە دابنرێت.
پردی تووەقوت لەسەر ڕووباری سیروان دروست دەکرێت و پارێزگای هەڵەبجە بە ئیدارەی گەرمیانەوە دەبەستێتەوە و ماوەی ڕێگاکە ٤٥ خولەک کەم دەکاتەوە و ئەو دوو ناوچەیە بە تەواوی لێک نزیک دەکاتەوە. ئەو پردە وەختی خۆیشی لەسەر ڕووباری سیروان هەبووە بەڵام لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێراق ئێراندا تەقێنرایەوە و ڕووخا.
دروستکردنی ئەم پردە ڕێگای چەند کاتژمێرەی نێوان پارێزگای هەڵەبجە و شارۆچکەی دەربەندیخان بۆ نزیکەی ٤٥ خولەک کەم دەکاتەوە و پارێزگای هەڵەبجە بە ئیدارەی گەرمیانەوە دەبەستێتەوە.
درێژای پردەکە ٢٥٠ مەترە و تێچووی پرۆژەکەش ٣١ملیار دینارە و ماوەی تەواوبوونی پڕۆژەکەش دوو ساڵە کە بە تەواوبوونی و خزمەتێکی زۆر بە دانیشتوانی هەردوو ناوچەکە دەکات.
هەرچەندە لە کابینەی هەشتدا بڕیاری دروستکردنی پردی تووەقوت درابوو بەڵام بەهۆی باردودۆخی ئەوکاتەی کوردستان و قەیرانی داراییەوە، بڕیارەکە نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە و وەک خۆی مایەوە بەڵام لە کابینەی نۆیەمدا بڕیارەکە چووەتە بڕیاری جێبەجێکردنەوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەردی بناغەی پڕۆژەکە لە پەرێزگای هەڵەبجە دادەنرێت و بە تەواوبوونی پرۆژەکەش ئەو ناوچەیەی دەوروبەری ڕووبارەکە دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری.
شاهین حەمەڕەزا جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، وتی پردی تووەقوت لە پارێزگای هەڵەبجە، یەکێک بوو لە داواکارییە سەرەکییەکانی خەڵکی ناوچەکە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و خۆشبەختانە بڕیارە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا، سەرۆکوەزیران، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری ئاوەدانکردنەوە بێنە پارێزگای هەڵەبجە بۆ دانانی بەردی بناغەی پردەکە”.
جێی باسە لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە و بە هەوڵەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، زیاتر لە ١٠ پڕۆژەی جیاوازی ڕێگاوبانی لە سنوورەکە ئەنجام داوە، هاوکات جەخت دەکەنەوە، کە وەزارەت لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ خزمەتکردنی خەڵکی پارێزگای هەڵەبجە.