پاش ئەوەی لە ماوەی رابردوودا چەند سەرچاوەیەك لەنێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڕەشەی ئەوەیان كرد، تۆڵەی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت ”بەم زوانە“ لە ئیستەنبۆڵ و ئەنقەرە دەكەنەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە 1ی ئۆكتۆبەری 2023 تەقینەوەیەك لە ئەنقەرە ڕووی دا.
كەمێك لەمەوبەر، تەقینەوەیەك لەبەردەم وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە ئەنقەرەی پایتەختی ئەو وڵاتە ڕووی دا. لەمبارەیەوە وەزیری ناوخۆی توركیا ئاشكرای كرد، ڕووداوەكە خۆكوژی بووە و دوو پۆلیس بریندارن، بەم هۆیەشەوە هێزێكی ئەمنیی زۆر بڵاوەیان پێ كراوە و ڕێگە سەرەكییەكانیش داخراون.
ئەم ڕووداوە پاش ئەوە دێت كە لە ماوەی رابردوودا لەنێو یەكێتییەوە هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی ئەو هێرشە لە توركیا كرابوو كە لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە كرایە سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت.
لەمبارەیەوە كهمال دیبهگهیی، ئهندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان و یهكێك له سهركردهكانی پێشووی كۆمهڵهی رهنجدهرانی كوردستان رایگەیاند توركیا دهتوانێت لێدوانی رۆژنامهنووسهكهی یهكێتی و مستهفا چاوڕەش بكاته بیانوو بۆ ئهو تهقینهوهیەی ئەمڕۆی ئەنقەرە، ئاخر لێدوانی له خۆڕا له دژی توركیا ئاكامی خراپی دهبێت.“
ڕوونیشی كردەوە: ”من گوێم له قسهكانی مستهفا چاوڕهش بوو، چاوڕەش كابرایهكی سهربازییه و پلهی ههیه لەنێو یهكێتی، به توركیای گوت (تۆڵه بە سەبرە ئهما به زهبره). ئهمه بیركردنهوهی ساڵانی ههشتاكانی له مێشكدا ماوه، وا دهزانێت ئێستاش ههر ئهو كاتهیه.“
گوتیشی: ”هەروەها ئهو ڕۆژنامەنووسەی یەكێتی كە گوتی جەرگی ئهنقهره دەبڕن، ئهمه زۆر خراپه بۆ ئاییندهی یهكێتی، ئهم دوو لێدوانە و كاتەكەی و هەڕەشەكانی یەكێتی، لەگەڵ ڕوودانی تەقینەوەكەی ئەنقەرە، باش نین.“
ئەو سەركردەیەی گۆڕان پێیوایە، ”ئەگەر بارودۆخەكە گەیشتە لێكۆڵینەوە و وەڵامدانەوە، دەبێت یەكێتی ڕوونكردنەوە بدات و بڵێت ئێمە لەو لێدوانانە بەرپرسیار نین، چونكە دۆخەكە مەترسیدارە، پەكەكەش هاوشێوەی یەكێتی لێدوانی دا و گوتی لەمڕۆوە چالاكییەكانمان دەخەینە ناو شارەكان.“
جەختیشی كردەوە، لێدوانی میدیایی بەرپرسیارێتییە، ”پێویستە سەركردایەتیی یەكێتی ئەم بابەتە ڕێك بخاتەوە و بەرپرسیارێتیی ئەو جۆرە لێدوانانەش لە ئەستۆ بگرێ، رەنگە توركیا ئەم لێدوانانە بكاتە بیانوو بۆ هێرشكردن لە داهاتوودا.“
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 18ی ئەیلوولی 2023، تەقینەوەیەک لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە سلێمانی رووی دا، دژەتیرۆری یەکێتی رایگەیاند کە لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەکە.
ڕۆژێك دوای هێرشەكە، میدیاكانی یەكێتی لە زاری مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی و فەرماندەی یەكەی حەفتای پێشمەرگەی ئەو حزبەوە بڵاویان كردووەتەوە: ”تۆڵە بە سەبرە، ئەمما بە زەبرە.“ بەڵام ئەوەی ڕوون نەكردبووەوە كە چۆن و لە كوێ تۆڵەی ئەو هێرشە دەكەنەوە، لە كاتێكدا دەیانزانی توركیا هێرشەكەی ئەنجام داوە.
هەر لە ڕۆژی 19ی 9ی 2023، دیار سوڵتانی، راگەیاندكاری یەكێتی كە بەوە ناسراوە لە بافڵ تاڵەبانییەوە نزیكە، چەند كاتژمێرێك پاش ڕووداوەكە، بڵاوی كردەوە كە هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیایە و ”بە هۆكاری بوونی گەریلا“ هێرشەكە ئەنجام دراوە. دواتریش بانگەشەی ئەوەی كردووە كە ئاژانسی (تەسنیم)ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، زانیارییەكانی ئەویان پشتڕاست كردووەتەوە.
دیار سوڵتانی هاوكات بڵاوی كردەوە: ”بەم زووانە لە ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ جەرگی تورکیا ئەبڕن.“ بەڵام ئەو لایەنەی دیاری نەكردوو كە ئەركی ”جەرگبڕین“ی توركیا لەئەستۆ دەگرێت، ئاخۆ یەكێتی خۆی ئەو كارە دەكات یانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ پەكەكە دەیكات، تەنیا نووسیویەتی ”زانیاری“ كە مەبەستی لەوەیە، ئەو پۆستەی كردوویەتی ”زانیارییە“ و دەستی كەوتووە، نەك شیكردنەوەیەكی كەسی!