دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ژمارەیەک قوتابخانە لە خەلیفان نۆژەندەکرێنەوە

لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ ئەمساڵ حکوومەتی ھەرێم لە کەرتی پەروەردە بۆ قەزای خەلیفان زیاتر لە سەد و حەفتا ملیۆن دیناری بۆ بنیادنان و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان تەرخان کردووە.

مامۆستایان، قوتابییان و خەڵکی سنوورەکە، سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەن، کە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی چەند قوتابخانەیەکیان بەشێوەیەکی سەردەمیانە لە ئەستۆ گرتووە، ئەوەش وا دەکات لە بینا کۆنەکان ڕزگار بن کە ژینگەیەکی لەباریان نەبوو بۆ خوێندن.
زیادبوونی ژمارەی قوتابییان پەستانی زیاتر دەخاتە سەر ناوەندەکانی خوێندن، کەرتی پەروەردەش بۆ فراوانکردن و بنیادنانی باڵەخانەی قوتابخانەکان بێپلان نییە و بەردەوام لە ناوچە جیا جیاکانی کوردستان قوتابخانەی نوێ دروست دەکات، لە ھەرێمی کوردستان لە قوتابخانەکان دوو دەوامی و سێ دەوامیان ھەیە، حکوومەتی ھەرێم لە ئێستەدا کار دەکات بۆ ئەوەی قوتابخانەی سێ دەوامی نەمێنێت.
مەغدید عەریف ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان، دەڵێت: حکوومەتی ھەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەرقاڵی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی چەند قوتابخانەکی نوێن لە سنوورەکە. بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام بەدواداچوون بۆ کاری نۆژەنکردنەوە و زیادکردنی ژوور بۆ قوتابخانەکانی سنوورەکە دەکەین، بۆ ئەوەی ھەر چی زووە تەواو بکرێن و بکەونە خزمەت قوتابییان و مامۆستایان.