پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سێشەممە دوایین وادەی وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدانە

سبەینێ کە دەکاتە رۆژی سێشەممە 05-10-2021، دوایین وادەیە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دیاریی کردووە بۆئەوەی خەڵک کارتی بایۆمەتریی دەنگدان لە ناوەندەکانی کۆمیسیۆن لە شارەکاندا وەربگرنەوە. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 15 ملیۆن کارتی دەنگدان دابەشکراون و دراونەتەوە خاوەنەکانیان. بەپێی راگەیێندراوی کۆمیسیۆن، 17 ملیۆن و 95 هەزار و 230 کارتی بایۆمەتریی چاپ کراون، کۆمیسیۆنی لە 05-08-2021وە دەستی بە دابەشکردنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان بەسەر دەنگدەراندا کردووە. تاوەکو ئێستا نزیکەی دوو ملیۆن کارتی بایۆمەتریی دەنگدان ماون کە خەڵک نەچوون وەریانبگرنەوە. لە هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق کە لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، دەنگدەر دەبێت کارتی بایۆمەتریی دەنگدانی پێبێت بۆئەوەی بتوانێت دەنگ بدات، یان هەڵگری کارتی کورتخایەنی دەنگدان بێت کە لە ساڵانی رابردوودا هەبوون، ئەوەش لە ئەگەری نەبوونی کارتی بایۆمەتری. ئەو کارتانەی بایۆمەتری کە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە وەرناگیرێنەوە، دوای رۆژی سێشەممە، نووسینگەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکان دەیانژمێرن، کۆیان دەکەنەوە و تاوەکو کۆتایی دەوامی فەرمیی رۆژی چوارشەممە 06-10-2021، کارتەکان رادەستی ئۆفیسی سەرەکیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیان دەکەن لە بەغدا.