دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بە‌ردە‌وام بە‌ لە‌ ھاندانی خۆت

به كر كه ریم حه سه ن*

شۆڕشگێر و یەكەم سەرۆكی رەشپێستی ئەفریقیای باشوور (نیلسۆن مەندێلا) دەڵێ “دانایی لەم ژیانە لە ساتمە و كەوتندا نییە، بەڵكو لە هەستانەوەدایە دوای هەر ساتمە و كەوتنێك”.
شكی تێدا نییە مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەی ئاسایی و خوێندن و كاركردندا رووبەڕووی كۆمەڵێ تەنگ و چەڵەمە و كێشە و هەوراز و نشێو و سەختی و ئاسانی دەبێتەوە، بەڵام هیچ كاتێك نابێ ورە و بڕوا و باوەڕ و ئیرادە و متمانەی لە دەست بدات و بێهێز و ڕاڕا دەربكەوێ و هەردەم جەخت لەسەر هەوڵدان و بەردەوامی بكاتەوە لە ژیان. چونكە ژیان بە ناخۆشی و سەختییەكانیەوە خۆشە و مرۆڤی ئازا و بەهێز دروست دەكات، لە سەختترین كاتەكانی ژیانیشدا نابێ ڕقمان لە خۆمان بێتەوە، پێویستە هەردەم خۆت لا پەسند بێت و لە خۆت ڕازی بیت و هانی خۆت بدەی و بەردەوام بی لە هاندانی خۆت و پاڵپشتی خۆت بكەی. هەرگیز نابێ ورە بەر بدەی خۆت بەدەستەوە بدەی، چونكە خۆ بەدەستەوەدان مردنە دەبێ شەڕی ئازار و ئێش و ژانەكان بكەیت، لە بیرمان نەچێ هەموو هاندانێك بۆ خۆمان وامان لێ دەكات بەهێزبین و دڵ خۆش بین وئیرادەمان بەهێزتر دەبێت بۆ سەركەوتن، هاندانی بەردەوام متمانەی زیاتر دروست دەكات بەخۆمان، هاندانی بەردەوامی خۆمان دۆڕان و شكان و خۆبەدەستەوەدان دەشكێنێ لە ناخمان و یارمەتیمان دەدات بۆ ئاسانتر گەیشتن بەوەی دەمانەوێ، كوردەواری دەڵێ “بە خۆت دڵی خۆت بدەرەوە واتە بە خۆت دڵی خۆت خۆش بكە و هانی خۆت بدەی لە هەموو كێشەوگرفتێكدا چارەسەری بۆ بدۆزیتەوە و لەوەش دڵنیا بیت كەوا هیچ دروێنەیەك نییە بەبێ چاندن و هیچ سەركەوتن و بردنەوەیەكیش نابێ بەبێ هەوڵدان و خۆماندووكردن. بۆیە دەبێ هەموو ئازایەتی ئەوەمان هەبێت كەوا بەرەنگاری و رووبەڕووی مەترسییەكان ببینەوە و دەستەوەستان و دۆشداماو نەبین، هەمیشە هانی خۆمان بدەین كەوا كارەكان دەتوانین ئەنجامیان بدەین و بەرهەمی باشمان دەبێت، بۆیە هەمیشە هاندانی خۆمان گرنگە كاتێ هەست بە بێزاری و داڕمانی و نائومێدی دەكەین و كاتی هەست دەكەین هێز و توانا و بڕوامان لاواز بووە و پەرۆشی و چالاكی و كارمان سست بووە، دەبێ هانی خۆمان بدەین تا زاڵ بین بە سەر ئاستەنگ و بەربەستەكاندا و ئازایەتی ئەوەمان هەبێت لە ناخۆشترین كاتەكانی ژیان ئومێد و هیوا لە دەست نەدەین و دەست بەرداری خەونەكانمان نەبین، هەرگیز خۆ بەدەستەوە نەدەین و بڕیاری دروست و یەكلاكەرەوە بدەین، هیچ كات ڕەش بین و نائومێد نەبین و بەگەش بینیەوە هەنگاو بنێین و ئامانجەكان دێتە دی، لە بیرمان نەچێ هەموو هاندانێكی خۆمان لە ناخەوە بارگاوی دەبن بە هەست و سۆز و وزەی ئەرێنی و بەهێز، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا زۆر جار هاوڕێ و هاورێباز و هاوسۆز و هاو ئامانجی ڕاستگۆ و بێ بەرژەوەندی هەر ببینن و بیستنی ناویان هاندانە بۆ خۆمان و پاڵپشتی مەعنەوی باشە بۆ هەوڵدانی زیاتر و دڵخۆشیمان. لە كۆتایی گرنگە بەردەوام متمانەمان بەخۆمان بێت و پەرە بە خۆمان بدەین و بە باشی و چاكی و بە گەشبینی باسی خۆمان بكەین و دەستكەوتەكانمان بە بەرزی سەیر بكەین و ڕابردوومان لەبیر بێت، بیر لە پاشەڕۆژی گەش بكەینەوە و هەردەم هەوڵ بدەین ئەو هاوڕێیانەمان لە خەیاڵ بێت كەوا هەموو كات پاڵپشت و هاوكار بوونە و كانگا و سەرچاوەی وزە و ورەی بەرز بوونە و خاڵی هاوبەش بووە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لە هەموو بێزاری و نیگەرانییەك توانا و دەستكەوت بەرهەم بهێنە و ئەو جیاوازیانەی كە ناسراوی پێی لە خەڵكی تر نییە، لە پێش چاوت بێت لەگەڵ ناوی ئەوانەی كەوا لە دڵت گەورەن و قەرزاریانی و نۆش لایان گەورە و بەنرخی، ئەوەش هەمووی دەبێتە وزە و هاندانێكی لە‌ بن نە‌ھاتوو.