كۆبوونەوەیەكی سەربازیی و ئەمنی باڵا لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكان ئەنجام درا

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: “ئەمڕۆ شەممە 4ی کانونی یەکەمی 2021، لەبەغدا هەردوو شاندی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بە ئامادەبوونی نوێنەری هێزەکانی هاوپەیمانان، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانیان ئەنجام دا.”.

ئەوەش خراوەتە روو: “لەم کۆبوونەوەیەدا فەریق جەبار یاوەر مەندە، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، سەرپەرشتی شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی دەکرد، فەریق روکن عبدولئەمیر شەممەری جێگری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، سەرپەرشتی شاندی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی دەکرد”.

روونیشکراوەتەوە کە لەم دیدارەدا لە هەردوولا ژمارەیەک ئەفسەرو فەرماندەی باڵا بەشدار بوون، تاوتوێی یەکخستنەوەی هەوڵە ئەمنی و سەربازییەکان کرا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش و تۆکمەکردنی ستراتیژیەتی هەماهەنگی و لێک تێگەیشتنی ئەمنی و سەربازی لەناوچەکانی هەماهەنگی ئەمنی هاوبەش، لەنێوان هێزەکانی ناوەند و هەرێم، وەک هەست کردن بە یەکڕیزی بوونی هێزەکان.

ئاماژە بەوەش دراوە کە ھەر لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی ھەماھەنگی ھێزە دۆستەكان كرا، لە چوارچێوەی پاڵپشتی لۆجستی و یەكخستنەوەی ھەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش و رێككەوتن لە بەردەوامیدان بە دیدار و كۆبوونەوە دوو قۆڵییەكان، لەنێوان فەرماندە ئەمنی و سەربازییە ھاوبەشەكان، بۆ دانانی روانگەیەكی روون بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

شایەنی باسە، هەریەک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەدوو پەیامی جیاوازدا، رایانگەیاند کە پێویستە، هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان هێزە سەربازییەکان لە مەیداندا زیاتر بکرێت، یەکڕیزی هەڵوێستەکان بۆ رووبەڕوو بوونەوەی داعش کاری لەسەر بکرێت، لەڕێگەی تۆکمە کردنی سیستەمی هەماهەنگی ئەمنی و سەربازی هاوبەش.

ھەواڵی زیاتر