دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

نیگا‌یە‌ك و دوو ئاوابوون

سەدیق سەعید ڕواندزی

خۆر، یەكێكە لە گەورەترین هەسارەكانی نێو ئەم گەردوونە و سەرچاوەی ڕووناكی و گەرمییە. بێگومان هەموو بەیانیەك، خۆر هەڵدێت و ئێوارانیش ئاوا دەبێت. ئەم سووڕە فیزیكی و گەردوونییە، دەرەنجامی سووڕانەوەی زەوییە بە دەوری خۆیدا، پەروەردیگار بە شێوەیەك ئاسمان و زەویی و هەموو پێكهێنەرەكانی و توخمە زیندوو نازیندووەكانی دروستكردووە، كە بچووكترین كەموكورتی و بۆشایی تێ بكەوێت، ئیدی سیستەمی ژیان و گەردوون تێك دەچن. خۆر ئەگەر لەو مەدارەی تێیدایە دوورتر بووایە، زەوی دەبووە بەستەڵەك، ئەگەریش نزیكتر بووایە، گەرما هیچ شتێكی لە سەر زەوی نەدەهێشت،ئەمە وێرای ئەو سووتانەی بەردەوام هەیەتی. خۆر لای مرۆڤی كورد پیرۆزە و زۆرجار بە خۆر پەرست ناویان دەبەن. خۆر بەشێكە لەپێكهاتەی فسیۆلۆژی و جەستەیی مرۆڤی كورد و كاردەكاتە سەر ئاستی دەروونی و ڕەفتارو بیركردنەوە و جولانەوەكانی، بە جۆرێك ئەستەمە بۆ ماوەیەكی درێژ بێ خۆر هەڵبكات. چیڕۆكنووسی دیاری كورد (شێرزاد حەسەن) لە دیمانەیەكدا دەڵێت: من لە بەر خۆر هاتمەوە كوردستان، چونكە نەمدەتوانی بێ خۆر لە فینلەندا بژیم، كە بە چەندین مانگ خۆرم نەدەدیت، من ناتوانم بێ خۆر بژیم، بۆیە گەڕامەوە. ئێزیدیەكانیش، هەموو بەیانییەك دەڕواننە خۆر و نزاو نوێژ دەكەن. خۆر لە نیگای عەبدوڵا پەشێوی شاعیردا، دەبێتە سەرچاوەی شیعرێكی كورت و جوان و دواتریش دەیبەستێتەوە بە تەمەنی خۆی وەك مرۆڤ، بەو مانایەی خۆر و مرۆڤ هەردووكییان هەر ئاوا دەبن، بەڵام دوو ئاوابوونی جیاواز. ئاوابوونێك كەبەرجەستەیەو دیارە، كە ئەویش ئاوابوونی خۆرە، ئاوابوونێكیش كە نابەرجەستەیەو بە شێنەیی هەستی پێ دەكەین و ئەدگارەكانی لەسەر و سیماو ڕووحسارمان دەردەكەوێت، كە ئەویش پیربوون و ئاوابوونی ژیانە. پەشێو لە شیعرەكەیدا دەڵێت:_ دانی ئێواران سەرنج دەدەمە ئاوابوونی خۆر دەزانم منیش زوو بێ یا درەنگ دەبێ ئاوابم بەڵام مخابن دەمی ئاوابوون وەكو زەردەپەڕ سیحراوی نابم

ساتەكانی ئاوابوونی خۆر، لە ساتە جوان و سەرنج ڕاكێشەكانە، لەو ساتانەن كە دیمەنێكی سیحراوی هەیە و وەك هەر دیمەنێكی دیكەی جوان، سەرنجی مرۆڤەكان ڕادەكێشێت، بەڵام بۆ پەشێوی شاعیر ئەو دیمەنە، مانایەكی دیكەی قووڵتری هەیە كە پەیوەندی بە ژیان و مردنەوە هەیە. بەو مانایەی وەك چۆن خۆر ئاوا دەبێت، ئەوا تەمەنی مرۆڤیش، بە پێی ئەو ڕۆژ و چركەیەی بۆی دیاریكراوە، ئاوا دەبێت، بەڵام جیاوازییەكەیان ئەوەیە، خۆر دیسانەوە هەڵدێتەوە، بەڵام خۆری تەمەنی مرۆڤ، ئیدی هەڵنایەتەوە. بەمەش ئاوابوونی خۆر، كاتییە و هی مرۆڤ هەمیشەییە. لێرەوەش گەر ساتەكانی هاتنە دنیای مرۆڤ، بە ساتەكانی هەڵاتنی خۆر بزانین و مردنیشی بە ئاوابوونی خۆر لێك بدەینەوە، كەواتا تەمەنی مرۆڤ دەكەوێتەوە كوێوەی ئەم سووڕەوە؟ بێگومان نێوان ڕۆژهەڵاتن و ڕۆژئاوابوون، بەو مانایەی ژیان و ئەزموونكردنی ژیان، لەو ساتانەوە دەست پێ دەكات و درێژ دەبێتەوە كە لەدایك دەبێت و لە زەمەنێكیشدا دەمرێت و بە مردنیشی، ئیدی ئاوابوونێكی هەتا هەتایی دێت، كە پێچەوانەی ئەو ئاوابوونەی خۆرە كە ئێواران ئاوا دەبێت و بەیانیان سەر لە نوێ هەڵدێتەوە. پەشێو لەم كورتە شیعرەیدا، مرۆڤ لە بەردەم پرسی ژیان و بوون ڕادەگرێت، بەو مانایەی تەمەنی مرۆڤ، كە كاتییە و هەر كۆتایی دێت، چۆن مرۆڤ دەتوانێت ئەزموونی بكات و بە شێوەیەك بژیت پەشیمانی داینەگرێت. سیحراوی نەبوونی شاعیر، بەو مانایەیە، گەرچی ڕۆژ لە سەروبەندی ئاوابووندا كز و بێ تووك دەردەكەوێت و تین و تاوی نامێنێت، بەڵام دەمی هەڵاتنەوەی، بە هەمان شێوەی جارانی دێتەوە و دەردەكەوێتەوە، بەڵام تەمەنی مرۆڤ كاتێ بەرە و پیریی و ئاوابوون دەچێت، ئیدی جارێكی تر مەحاڵە گەنج ببێتەوە و ئەو گۆڕانكارییانەی بە هۆی پیرییەوە بە سەر ژیان و تەمەنی داهاتوون وەك سەردەمی گەنجی لێ بێتەوە، بۆیە ڕۆژ سیحراوی دەبێت، بەڵام شاعیر نا. بەمەش هەردوو ئاوابوونەكە دوو سووڕی ژیان و بوونن، وەلێ جیاوازیان ئەوەیە، ئەوەی مرۆڤ هەتا هەتایە، بەڵام ڕۆژ كاتییە و ڕۆژی دواتر دەردەكەوێتەوە. بە مردنی مرۆڤ، گەردوون و ژیان هیچیان لێ نایەت،بە‌ڵام بە نەمانی ڕۆژ، وێران دەبن و ژیانی هەموو بوونەوەرێك نامێنێ. بەمەش بوونی خۆر گرنگترە لە بوونی مرۆڤ. سیحراویبوون لێرەدا، دەشێ مەبەست لە تەمەنی مرۆڤ خۆی بێت، بەو مانایەی كاتێ تەمەن هەڵدەكشێ و ئەدگارەكانی پیری دەردەكەون، ئاماژەكانی نەمان و كۆتایی ژیان دەردەكەون و مرۆڤ بەرەو لاوازی و كەنەفتی دەچێت، ڕۆژیش بە هەمان شێوە، لە سەروبەندی ئاوابوونیدا، زەرد و سیس و بێ تین و تاو دەردەكەوێت، بەڵام ئەمەی ڕۆژ پەیوەندی بە ساتەكانی خۆرئاوبوونەوە هەیە و بەیانی لەگەڵ داهاتنی ڕۆژێكی نوێدا، دیسانەوە ڕۆژ بە هەمان تین و تاوی تازە دەردەكەوێتەوە. وەلێ مرۆڤ كاتێ پیر دەبێت و ڕوخسارو هەموو شتێكی دەگۆڕێت، ئیدی وەك ڕۆژ سیحراوی نابێت و خۆی نانوێنێت، پەشێو، نیگای ئەوە دەكات، كە مرۆڤیش هێزێكی هێندە شاراوە و سیحراوی هەبووایە، بیتوانیایە لە لووتكەی پیریشدا، جارێكی دیكە گەنج بێتەوە و بە هەمان ئەدگارەكانی ئەو سەردەمە دەربكەوێتەوە، بەڵام ئەم ئاوابوونە، ئاوابوونێكی هەتا هەتایە و ئیدی مرۆڤ جارێكی دیكە لە سەر زەمینی ژیان دەرناكەوێت بەڵكو دەمرێت. پەشێو لەو شیعرەدا، ئاوابوونی خۆر و ئاوابوونی مرۆڤ لەیەك نیگا دەبینێت و ئاوێتەیان دەكات، لەوێوەش ئەو هەستەمان لادروست دەكات كە وەك سەفەرێكی كاتی بڕوانینە تەمەن و ژیان كە هەر ئاوا دەبن. وێنەی زوو یا درەنگ منیش ئاوا دەبم، ئاماژەیە بەوەی كە شاعیر، خۆی بۆ مردن یەكلاییكردۆتەوە و ئەم ڕووداوە، وەك ڕووداوێكی حەتمی كە مرۆڤ ناتوانێت لە بەرانبەریدا بوەستێتەوە، هەر ڕوودەدات لە ژیانی هەمووماندا، بۆیە بیركردنەوە لە مەرگ و ئاوابوونی تەمەن، هیچ جۆرە ترس ودوودڵیەكی ناوێت، بگرە هەموومان ڕۆژێك لە ڕۆژان هەر ئاوا دەبین، بەڵام بەداخەوە جارێكی دیكە وەك خۆر لەنوێوە هەڵنایەینەوە، بەڵكو ئاوابوونەكەمان ھەتا هەتایە.كە ئاماژەیە بۆ مەرگ و مردن.
*سەرنج/ ئەم وتارە، بەشێكە لە پڕۆژەی نووسینێك دەربارەی شیعرەكانی عەبدوڵا پەشێو، كە خوا یاربێت لە ئایندەیەكی نزیكدا وەك كتێب چاپ و بڵاو دەكرێتەوە