سەرۆ قادر
بەشی یەکەم
دوو باسی سەرەکی باس دەکەم؛ یەکێکیان سیاسەت و سیاسەتی باش چییە، ئەوەی تر چی لە سیاسەتی باش و بەڕێوەبردنی باش چاوەڕوان دەکرێت.
پرس و ناوی سیاسەت لە کوردستان ئێستا زۆر بەدناو بووە؛ خەڵکی وڵاتی ئێمە کە لە ناو کێشەی سیستەمی سیاسیدایە و ٣٣ ساڵە تەواو نەبووە، بێزار بوونە، هەروەها لە کاری سیاسی وەکوو ئەوەی دەیبینن لە بەشی زۆری سیاسییەکانی کوردستان، لەوەش بێزار بوونە. خەڵکی سادەشمان هەیە بە واتای ئەوەی ژیانی ئاسایی خۆی دەژیت، هەڵسوکەوتی سیاسییەکانی کوردستان بە نموونەیەکی باش نازانن. هەر لەوەشەوەیە لە نێو فەرهەنگی ئێمەدا “سیاسەتکردن واتا درۆکردن و فێڵکردن، سیاسەتی کرد، واتا ڕەزیل و سەفیلی کرد و هیچی بۆ نەهێشتەوە.” کەمتر هەیە لە ژیانی ڕۆژانەدا خەڵک چەمکی سیاسی بە مانای شتێکی باش بەکار بهێنێت. بەڵام سیاسەت لە ڕاستیدا ئەوە نییە کە من باسم کرد. کاردانەوەی سیاسەتی خراپ لە ناو خەڵک و ژیانی ڕۆژانەدا، ناوی وەکوو خۆی لێ دەنرێت.
ئەگەر بتوانین زۆر بە ئەسپایی پێناسەی سیاسەت بکەین؛ لەم زەمانەدا هونەری زانایانی سیاسی و ئەکادیمی ئەوەیە کە بابەتەکانی زانستی بە شێوەیەکی ئەوتۆ جارێکی تر بڵێنەوە و دابڕێژینەوە، کە لە ژیانی ئاساییی ڕۆژانەدا تێگەیشتن دروست بکات و دواتریش جێبەجێ بکرێت.
سیاسەت زۆر بە سادەیی بریتیە لەو زانیاری و ڕێوشوێنانەی بۆ بەڕێوەبردنی سیستەم بەکار دێت؛ بۆ بەڕێوەبردنی ئەو سیستەمەی کۆمەڵگە دەپارێزێت و دامودەزگاکانی ڕێک دەخات و ئامانج بۆ هەر دامودەزگایەک دادەنێ، وە ئامانجی هەر دامودەزگایەکیش بەدیهێنانی بەشێک لە خواست و پێگەیاندنی دانیشتووانی وڵاتە. بە گشتی هەموو دامودەزگاکانی سیستەمی وڵاتێک، کە خۆی لە دامودەزگای حوکوومەت و دەوڵەت، دوایی دێتە ناو دامودەزگای مەدەنیی خۆبەخش، هەموو ئەوانە مەبەستیان پێگەیاندنە، ڕێکخستنە، پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیە، کردنەوەی دەرگای گەشەکردن و پێگەیشتن و بەردەوامیی ئەو دەزگایانەیە، چ وەکوو دەزگا، چ وەکوو کادیر.
سیاسەت ئەگەر نەبێت، هیچ وڵاتێک بەڕێوە ناچێت؛ لە مێژووی مرۆڤیشدا، لەو کاتەوەی مرۆڤ لە خێڵی زۆر بچووکی ناو جەنگەڵان هاتە دەرێ، دوو تا سێ دەزگا هەبوو خۆی پێ بەڕێوە دەبرد، یەکێکیان خێزانە، کە مرۆڤ ناتوانێت بژیت بە بێ خێزان. دووەمیان ڕێکخستنی تەرتیباتی ژیانە کە ئابووری پێ دەڵێن. سێیەمیان پاراستن و بەڕێوەبردنە کە سیاسەتی پێ دەڵین. چوارەمیان ئایینە کە بیروباوەڕە؛ ئەمانە زۆر کۆنن لە مێژووی مرۆڤایەتی و زانستی مرۆڤناسیدا؛ دەخوێندرێن و دەبێت مرۆڤ تێیان بگات. کەواتە سیاسەت بەرهەمی شتێک نییە لە خواست و ئارەزووی چەند کەس و حزبێک کە دەیانەوێت دەسەڵات بگرنە دەست و سواری قەڵاندۆشی میللەتەکە بن، ئەگەر ئەوەی دواییان هەشبێت کە زۆر خراپە، بەڵام سیاسەت لە بنەڕەتەوە پێویستییە بۆ بەڕێوەبردنی ئینسان.
سیاسەت زانستە و دەخوێنرێ، وەکوو هەموو زانستەکانی دیکە. بەڵام هەموو لقەکانی ئەو زانستە کە بەردەوام پێش دەخرێن، ئامانجی ئەوەیە بەڕێوەبردنی مرۆڤ خێراتر و گەشاوەتر و ئاسانتر بێت. ئینجا پاکتر بێت لە جاران؛ بە مانای ئەوەی سەروەت و سامانی وڵاتەکە بەفیڕۆ نەدات، وە ئەوەی هەیە سەرمایەگوزاری بکات بۆ پتر دەوڵەمەندبوونی وڵاتەکە. وە لە کۆتاییدا ئامانجی سیاسەت ئارامی و بەختەوەریی کۆمەڵگەیە، دابینی ئەو دوو شتە دەکات.
سیاسەت ئەگەر بە شێوەی ڕاست و دروست و زانستییانەی خۆی پەیڕەو بکرێت، دەبێت بخوێنرێت، نابێت هیچ کەسێک سیاسەتمەدار بێت، یەکێک لە زانستە کۆمەڵایەتییەکانی نەخوێندبێت، چونکە مرۆڤ ناکرێ بچێتە ناو سیستەمێکەوە کە وڵات بەڕێوە دەبات. واتا ئەوانەی سیاسیین بەڕێوەبەری هەموو دامودەزگا گرنگەکانی ناو کۆمەڵگەن، ئەوانن کە پاسەوانیی دامودەزگای زانکۆیی دەکەن کە زانست لەوێ پێش دەکەوێت. پارێزگاری لە دامودەزگای تەندروستی دەکات و پەرەشی پێ دەدات، کە سەلامەتیی مرۆڤ بەوەوە بەستراوەتەوە. پەروەردە هەروا، کشتوکاڵ هەروا، ئابووری هەروا؛ هەموو بوارەکانی دیکە کە پێی دەگوترێ دامودەزگاکان، یەکتر تەواو دەکەن و دەبن بە سیستەمێکی گەورە. بە گشتی حوکوومەتیش کە دامودەزگای هەیە، گوازرشتە لەو دۆخەی کۆمەڵگە پێویستییەتی.
بەوپێیە بێت، سیاسەت زانستێکی نەک زۆر پێویستە، زۆریش مرۆییە و مرۆڤدۆستە. بەڵام ئەگەر بە باشی پەیڕەو نەکرێت، لە دژی مرۆڤ زۆر بە ئاسانی بەکار دێت. مێژووی مرۆڤایەتی تا سەد ساڵی ڕابردوو، مێژووی کاری خراپی فەرمانڕەوایانی سیاسییە لە هەموو وڵاتان. وە هەموو مێژوو کە بریتییە لە شەڕ و داگیرکاری و کوشتار، هیچی دیکە نییە. کاتێک مێژوو بە تەرازووی باش هەڵسەنگێنین، دەبینین بەرەنگاربوونەوەی فەرمانڕەواکانە لە ئەنجامی نەزانین و توندوتیژی و خشوونەت. یان هێنانەدیی ئاوات و ئامانجی فەرمانڕەوایەکی نەخۆش، کە حەزی لە داگیرکاری و کوشتار بووە. یان یەکترداگیرکردنی فەرمانڕەوا دینییەکان بووە بە ناوی ئایینەوە. سەد ساڵی ڕابردوو مێژوو هەندێک لایەنی ئینسانیشی تێدایە، وەکوو پێشکەوتنی زانست و دروستبوونی دەوڵەتان بە هەموو کەموکوڕییەکانەوە، دروستبوونی دەزگا نێودەوڵەتییەکانە، تا دەوڵەتان ئاگایان لە یەکتر بێت، تا لەو خراپییەی فەرمانڕەوایان بە ناوی سیاسەت کەم بکەنەوە.
ئێستا گەیشتووەتە قۆناغێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو کە زۆرن، سیاسەت سەرچاوەی داهات و ژیان نییە بۆ هیچ سیاسەتمەدارێک. بەڵکوو یەکێکە لە پیشە دیارەکانی ناو کۆمەڵە، کە خەڵکێکی تایبەت توانای هەڵسووڕاندن و جێبەجێکردن و بەرەوپێشبردنیان هەیە؛ پێیان دەگوترێ “نوخبە”، یان دەستەبژێری سیاسی. واتا تەک تەک دەکرێ بیانژمێری، ئەوانەی لەو بوارە دەزانن. هەروەکوو چۆن لە ئەندازیاریی بیناسازیدا، دەکرێ تەک تەک لە سەندیکایەکدا ئەندازیارەکانی بیناسازی دیاری بکەی، یان لە سەندیکای پزیشکاندا هی پزیشکەکان بزانی؛ هەموو بوارەکان نوخبەی خۆی هەیە و نوخبەی سیاسییش هەیە.
بەڵام وەکوو چۆن ناتوانرێت بیناسازێک دوور لە توانای خۆی، هونەری بیناسازی بکاتە سەرچاوەی داهاتی ناڕەوا، سیاسەتمەدارێکیش بۆی نییە سیاسەت بکاتە ئامراز بۆ مانەوەی خۆی، بۆ دەوڵەمەندبوونی خۆی، وە بۆ پاکتاوکردن و لێدانی ئەوانەی نایانەوێت؛ کە بەداخەوە ئەو سێیانەی دوایی هەمووی دەکرێت.
سەرباری ئەو کەموکوڕیییانەش، ئەگەر بێت و سیاسەت دەرگا بکاتەوە بۆ کەسانێک کە لە ڕاستیدا سیاسەت نازانن و داخلی سیستەمی سیاسی دەبن، زیانی زۆر بە وڵاتەکە دەگەیەنن. خراپییەکەی سیاسەت ئەوەیە. لە دنیادا سەرۆک و پاشاکان کە بۆ کوڕ و کچەکانیان دەست لە کار دەکێشنەوە، دوایی ژیانی ئاسایی دەژیەن، زۆر ئاسایی لە شەقام دێن و دەچن و گەشت دەکەن و دواتر دونیا بەجێ دێڵن، یاسا چاودێرییان دەکات، ئەگەر سەرپێچییان لە سامانی وڵات و ئازاردانی خەڵک لە وڵاتی خۆیاندا کردبێ، دادگاییان دەکەن، سزایان دەدەن. جا ئەوە زۆر گرنگە ئێمە کە لە کوردستاندا دەژین، تێبگەین ڕەفتاری خراپ و بیروڕای خراپ کە هەیە لە ڕاستیدا بزووتنەوەی سیاسی کە سیاسییەکان بەڕێی دەخەن، پێویستییان بە پشتگیریی کۆمەڵایەتییە، ئەو پشتگیرییە جەماوەری حزبەکە دروستی دەکەن، جەماوەری گشتی دروست دەکەن، دواتر پەرەی سەندووە بۆ دامودەزگای ڕاگەیاندن و کتێب و گوتار، وە ئێستا ئامرازی گەیاندنی بیروڕا زۆر ئاسان بووە، هەر لە دەست سیاسییەکان نییە، لە دەست هەموواندایە.
کاتێک کە بزووتنەوەی سیاسی دەبێتە ئامانج، یان جارێ پێویستە بەردەوام بێت تا وڵات سەقامگیر بێت، دەرگا دەکرێتەوە تا جەماوەرێکی زۆر بێتە ناوەوە، لە جەماوەری زۆردا یەکێک لە مەترسییەکانی ناو سیاسەت ئەوەیە کەسانی هەلپەرست کە دەتوانن یارییەکە بۆ سواری سیاسەتبوون و بەرژەوەندیی خۆیان بەکار بێنن، داخلی بزووتنەوە سیاسییەکە دەبن و زیانێکی زۆر بە هزری سیاسی و وڵاتەکە دەگەیەنن، وە ماوەیەکی زۆر وڵاتەکە لە ئێش و ئازاردا دێڵنەوە. ئەوەیە کە ئێمە بمانەوێت سیاسەت باش تێبگەین، دەبێ لای خۆمان بە باشی لێی حاڵی بین و لێکی بکەینەوە؛ کێ بەڕاستی سیاسەت وەکوو زانست و پیشە دەکات، کێش وەکوو هەلپەرستی و هەلقۆستنەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی دەکات.
لە هەموو دونیادا هەموو کەس ناتوانێت کاری سیاسی بکات، چونکە کەیفی پێ نایەت، من کچ و کوڕەکەم کاتێک چوونە زانکۆ، یەکێکیان حەزی لە بیناسازی بوو، کچەکەشم بووبە پزیشکی ددان. بەلای سیاسەتدا نەهاتوون، ڕۆژێک لە ڕۆژان کاتژمێرێکم بۆ تەرخان نەکردوون کە پێویستە لە سیاسەت تێبگەن، کاتێک وڵات ڕزگار بووە، کچ و کوڕی من بۆ سیاسی بن؟ چ پێویست دەکات ناوی من بۆ کار هەڵبگرن؟ ناوی من تەنیا ناوی ناسنامەی ئەوانە و هیچی دیکە نییە. بۆیە کەسەکانی کە سیاسەت دەکەن، نوخبەی سیاسی پێک دێنن، ئەوانە لە نێوان خۆیان گفتوگۆ دەکەن، قوتابخانەی فکریی جیاوازیان هەیە، وە ئەو گفتوگۆیەی ئەوان کە بە شێوەیەکی زانستی ڕێک بخرێت و بە ڕێکوپێکی سەرکردایەتی بکرێت، دەبێتە مایەی دەوڵەمەندبوونی هزری سیاسیی وڵاتەکە، وە هەمیشە زانکۆکان زۆر بایەخ بەوە دەدەن، چونکە شوێنی دەوڵەمەندکردنی هزری سیاسی، زانکۆکانە. دەبێ نوخبەی سیاسی لەوێ دەرچووبن.
ئینجا لەم زەمانەدا، هەر سیاسەتمەدارێک، بەشێک لە زانستە سیاسییەکانی نەخوێندبێت، یان دەرچووی بەشێک لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان نەبێت، کە زۆر بە ئاسانی لە سیاسەت دەگات، بچێتە ناو سیاسەت، دەبێتە مشەخۆر و شتێکی زیادە بەسەر ژیانی سیاسییەوە. وەک ئەوە وایە کەسێک دکتۆر نەبێت و بچێتە ناو سیستەمی پزیکشی و نۆرینگە دانێت و لە نەخۆشخانە جل لەبەرکات و خەڵک تەشتەرکاری بکات؛ وێرانی دەکات و خەڵک دەکوژێت.
سیاسییەکان بەم بیروباوەڕە ئینساندۆستییە، دەبێ مرۆڤی دەستپاکیش بن، وە زۆر بە ئاسانی قبووڵ دەکەن سیستەمی چاودێریی وڵات بیانگرێتەوە، زۆر بە ئاسانی یاسا جێبەجێ دەکەن، زۆر بە ئاسانی کاتێک کە دادگا لێیان دەپێچێتەوە، دەچنە بەردەمی دادگا. وە زۆر بە سنگی فراوانەوە پارێزەر بۆ خۆیان دەگرن، بۆ ئەوەی پاکیی خۆیان بسەلمێنن، کاتێک کە تاوانبار بوون، تۆمەتەکە قبووڵ دەکەن، کەی ئەوە قبووڵ دەکەن؟ کاتێک کە زانان. هەرچۆن کاتێک پزیشک پزیشکە کە زانستەکەی خوێندبێت، ڕەفتاری پزیشک زۆر جیاوازە لە ڕەفتاری یەکێک کە نەیخوێندووە. هەروەهاش ڕەفتاری سیاسەتمەدارێک کە زانایە لە بواری سیاسەت، وە دەزانێت کارەکەی ئەو پەیوەندی بە کوێی پێشکەوتنی وڵاتەوە هەیە، زۆر بە ئاسانی پەیڕەوی لە هەموو ئەو سیستەمە باشە دەکات کە سیستەمی ئازاد و دیموکراسییە، سیستەمی مەدەنییە، هەمووی قبووڵ دەکات، ئێمە ناتوانین وڵاتێکی مەدەنیمان هەبێت، کاتێک سەرکردەکان مەدەنی نەبن، مەدەنییەت ئەوەیە کە یاسا مەدەنییەکانی قبووڵە و پێشی هەموو کەس لە ژیانی خۆیدا جێبەجێی دەکات.
ئەوەیە کە دەڵێن ئەرێ بۆ هەندێک وڵات جێگۆڕکێی سیاسی لە پۆستە باڵاکان دەبێت، حزبەک دەیدۆڕێنێت و یەکێکی تر دێت، وڵاتەکە لە سەقامگیریدا ماوە، چ شتێک دەستەبەری ئەوەیە؟ پێش هەموو شتێک ئەزموونی مێژوویی ئەوەمان پێ دەڵێت، پێش هەموو شتێک زامنی ئارامیی سیاسیی وڵاتێک ئاستی زانایی و لێهاتووییی سیاسەتمەدارەکانییەتی، ئەوانەی پابەندی یاسا دەبن. ڕاستە لە هەندێک وڵاتدا پشتیوانی بۆ دەستووری وڵاتەکە دادەنێن، کە زۆرجار دامەزراوەی سوپا دەبێت، کە بێلایەن بێت و پارێزەری یاسا بێت، ئەمە زۆر ڕاستە، بەڵام کێ ئەم سوپایە دروست دەکات، ئەو سیاسەتمەدارانەی مەدەنینە، ئەوانەی پێیان وایە وڵات بە جۆرێک پێش دەکەوێت کە زانست دایناوە. ئەوە ڕاستەقینەی سیاسەت و سیاسەتمەدارانە و دەسەتەبەری سیاسەتی سەقامگیریی وڵاتە، دەستەبەری دامودەزگای سەقامگیرە کە توانای پێشکەوتنیان هەیە، کاتێک کە دەڵێین پێویستە وڵات گەشە بکات، گەشەی مرۆیی دەبێت لێرەوە دەست پێ بکات. ئینسان دەبێ ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆی لە هەموو شتێکدا؛ لە جلوبەرگ و ژیانی تایبەتییەوە، تا بیروڕای سیاسی، بیەوێت سیاسەت بکات و نەکات، حزب هەڵبژێرێت و نەبژێرێت، دەنگ دەدات بە کێ دەیدات، حەزیشی لێ بوو دەنگ نادات. ئەمە پێی دەگوترێت “ئازادی”. کە ئازادیی سیاسەتمەدارێک بۆ خۆی پێویست بێت، دەبێت بۆ هەموو وڵاتەکەش ئازادیخواز بێت. ئێمە ناتوانین پێش بکەوین کە وڵاتێکی ئازاد نەبین، ئینسان کاتێک دەکەوێتە ژێر گوشاری چاودێری و هەڕەشە، جا هەر جۆرێک بێت وەک ئابووری، کار، دەروونی، جەستەیی، هەموو ئەوانە هاوسەنگیی مرۆڤ تێک دەدەن، وە کاتێک مرۆڤ هەڕەشەی لێ کرا، سیستەمی مێشکی مرۆڤ باش کار ناکات. هەتا ئێمە لە کاری ڕۆژانە و ماڵەوەمان، گەر منداڵ و کەسوکار و هاوکارەکانمان، تێکەڵ و پێکەڵی بکەن، دەڵێین: “سەروەشێنت کردم”، واتا سیستەمی مێشکی من خەریکە لە کار بکەوێت، چونکە تۆ ناهێڵی وەکوو خۆی بیر کاتەوە. مرۆڤ ئەوەیە زیاتر نییە.
بۆیە دەبێت سیاسەتمەدارەکان پاسەوانی سەروەشێنکردنی هاووڵاتییانی خۆیان نەبن، دەبێت ئەمن و ئاسایش و هێمنی دابین بکەن، ئەگەر نەیکەن سیاسەتمەداری خراپن، وە سیاسەتمەداری خراپ کۆتاییەکی تێکدانی دۆخی وڵاتە، هەموو سیستەمەکانی کە حوکوومەتی لێ دروست دەبێت تووشی کێشە دەبن، وردە وردە گەندەڵ دەبن، وردە وردە بەرهەمیان کەم دەبنەوە، دەبنە شوێنی قۆستنەوە و بەکارهێنان بۆ بەرژەوەندیی کەسی، وە سەرەنجام ئەوەی کە پێی دەگوترێ سیستەم، لە کار دەکەوێت. سیستەم لە کار بکەوێت، وەکوو ئەوەیە لەپڕ کارەبا بڕوات، دەی هەتا ئێوارە بتەوێ فیلم سەیر بکەی، دەرسێک بخوێنی، کاتێک کارەبا نەما ناتوانی. سیستەمەکانی دامودەزگاکانیش وایە کە سیاسییەکان لێی بەرپرسن.
بۆیە دەبێت ئێمە هەردەم چاومان لەوە بێت کە سیاسەتمەدارەکان لە ئاستی هەرە وردەوە بە مانای شارەکانەوە، تا ئاستی هەرە قەبە و زل کە دەگاتە پایتەخت و سەرۆکەکان، چاومان لەوە بێت ڕەفتار و کرداری مەدەنییانە بێت، ژیانی مەدەنییانە بێت، سیاسەت سەرچاوەی داهاتی نەبێت، سەرچاوەی دەوڵەمەندکردنی نەبێت، سیاسەت نەکاتە تیرۆر و ترساندن، دەنا گەر ئەوانە ڕوو بدەن، بە هیچ شێوەیەک پێشکەوتن لە وڵاتدا ڕوو نادات و میللەت لە پاشکەوتووییدا دەمێنێتەوە.
هۆکاری پاشکەوتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەد ساڵی ڕابردوو ئەو بەزمەیە کە من باسی دەکەم؛ ئەوە سەد ساڵ تێپەڕی کە عوسمانی ڕووخا و دەوڵەت دروست بوونە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شانازی بە یەک سیاسەتمەدار و سەرکردەیانەوە ناکەن، گەر بۆشیان بکرێت دەیانکوژن، وەکوو سەدامم و قەزافی. کەواتە کۆتاییی کاری سیاسەتی خراپ، کارەساتە. نەک هەر بۆ میللەت، بۆ سیاسەتمەداریش. ئەوە لۆجیکی مێژووە؛ هیچ سیاسەتمەدارێکی خراپ لە دەست سیاسەتی خراپ بە سەلامەت دەرناچێت، هەتا کەسوکارەکەشی بە سەلامەت دەرناچن. تەنیا ڕێگەی بەردەوامی ئەوەیە کە پێشکەوتن و گەشەسەندنی بەردەوام هەبێت، بەشداریپێکردنی هەمووان هەبێت، بەوپەڕی ئازادییەوە من بتوانم بیروڕای خۆم بە ئێوە بگەیەنم. کاتێک یەک خولەک قسە بۆ ئێوە دەکەم، قبووڵم بێت سەد دەقە گوێ لە بەرانبەر بگرم کە دژی ڕایەکەی من دەدوێت، ئەوە پێی دەگوترێت گفتوگۆ و دیالۆگ. پێی دەگوترێت دیبەیت، هەموو بیروڕای خۆمان دەڵێین، هەڵیدەڕێژینە سەر مێز، دوایی زاناکان بیروڕا باشەکان لە یەکتر جیا دەکەنەوە و بۆ هەموو وڵات بەکاری دەهێنن. ئەگەر وا نەبێت، شتێک بە ناوی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی دروست نابێت.
ئەگەر سیاسەتی ناوخۆ ئەوە بێت کە سیاسەتمەدارەکان گەشەسەندن و پێشکەوتن و ئازادیی ناوخۆ دابین دەکەن، وە وڵات دەپارێزن، چونکە پاراستنی وڵات بە خواستی یەک سەرکردە ناکرێت، بە ئیرادەی یەک حزب ناکرێت، حزبێک و سەرکردەیەک بە زاناییەوە دەتوانن میللەتێک ئامادە بکەن کە خۆی بپارێزێت، دامودەزگای بۆ دروست بکەن، سوپای هەبێت. ئێمە دەبێت لە کوردستان سوپایەکی هاوچەرخمان هەبێت، کە وەکوو هەر دامودەزگایەکی تر ئەو سوپایە بتوانێت زانست و هونەری سوپایی و پاراستنی ئاسایشی کوردستان فێر ببن. تەکنۆلۆژیایان بدرێتێ و تەکنەلۆژیای پاراستن بەکار بێنن، دەنا ناکرێت.
ئەگەر ئەوەمان هەبوو، ئەوە پێی دەگوترێت “بەشێک لە سیاسەتمەداران کە کاری ناوخۆیی دەکەن”، سیاسەتمەداری دەرەوەشمان هەیە کە ئیشی پاراستنی پەیوەندیی وڵاتە لەگەڵ دەرەوە. سیاسەتمەدار ئەگەر جیا لە سیاسەتی باشی ناوخۆییدا، لێزان نەبێت، بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکە لە دەرەوەش دابین بکات، هەتا ئێوارێ ئێمە لە ناوەوە باش بین، لە دەرەوە ئەگەر زانا نەبین، دنیا وەکوو کۆمەڵێک دەوڵەت هەریەک بۆ بەرژەوەندیی خۆی، ئامادەیە غەدریش بکات. تاکوو ئێستا دەوڵەتان لە نێوان خۆیاندا، ئەوەی پێی دەگوترێ یاسا و سیستەمی نێودەوڵەتی، ئەوەندە پتەو و ڕێکخراو نەبووە کە هیچ دەوڵەتێک نەتوانێت ستەم لە دەوڵەتێکی تر بکات، بۆیە بواری ئاژاوە و بۆش ماوە کە بواری فرت و فێڵ و لێکتر دان و غەدر لێک کردنە، بۆیە بەشێک لە سیاسەتمەدارانی ناوخۆ پێیان دەگوترێت دیپلۆماتەکانی ئەو وڵاتە کە پەیوەندییەکانی دەرەوە لە سەرۆکی کۆمارەوە، هی کوێ بێت، عێراق یان هەرێم، یان سەرۆکی حوکوومەت و پەرلەمان و وەزیرەکان و دامودەزگاکانی ترمان. دەبێ دەرچوو و شارەزای بواری زانستی بن، کە ئەم پەیوەندییانەی نێودەوڵەتی وەکوو خۆی تێبگەن، وە شارەزاییەکەیان لە پاراستنی بەرژەوەندیی کوردستان لەوێدا دەربکەوێت. ئەگەر ئەوە نەزانن، زۆر بە ئاسانی وڵات غەدری لێ دەکرێت، داگیر دەکرێت، ژێردەست دەکرێت، مافی دەخورێت. با نموونە بێنمەوە؛ ئێمە کاتێک ڕیفراندۆممان کرد، ئەوەمان باش ڕێک نەخست، ڕیفراندۆمەکە دواتر شکایەوە بە سەر خۆماندا، نیوەی خاکی کوردستانمان لە دەست چوو. کەواتە بەشی دیپلۆماسیی ئێمە، هیچ زیرەک نەبوون. ئەو بەشە کێن، من نازانم. زۆر کەس چەند کەسێک دەژمێرن، ئەوە نییە، بەڵکوو ئەوانەی بڕیار لە سیاسەتی دەرەوە دەدەن زۆرن و هەموویان بەرپرسن.
لە جۆری پەیوەندی لەگەڵ عێراقدا؛ ئێمە تا ئێستە بەشێکین لە عێراق، بەڵام عێراق تا ئێستا دۆستی ئێمە نییە، هەموو دونیا فشاری لێ دەکات کە هەرێمی کوردستان وەکوو بەشێک لە پێکهاتەی عێراق سەیر بکات، بەڵام وەکوو دوژمن و وڵاتێک کە دەیەوێت بێت داگیرمان بکات، سەیرمان دەکات. کەواتە دەبێت دیپلۆماتەکانی ئێمە لە پەیوەندی لەگەڵ عێراق زۆر زانا بن و زۆر شارەزا بن. زانایی خوێندنە، شارەزایی کارکردن و پێگەیاندنە. ئەگەر ئەو شارەزاییە نەبێت، ئەو بەزمانەمان بەسەر دێت کە وا ئێستا بەسەرمان دێت؛ بودجە هات، نەهات، هات، نەهات، بۆ دەبێت نەیەت و عێراق بتوانێت داگیری بکات.
پرسی نەوت هەروا، توانیمان لە ناوەوە دابینی بکەین، بەڵام دادگایەکی نێودەوڵەتی توانی بە بڕیارێک ڕای بگرێت. ئێران هەموو ڕۆژێک هەڕەشە دەکات، مووشەک دەهاوێت، بیانوو دەگرێت، تیرۆر دەکات، بۆ دەیکات؟ خۆ ناکرێت بچینە سەر سنوور و بکەوینە شەڕ لەگەڵی، شوێنێکی زۆرانبازی هەیە کە بەشی دیپلۆماسیی دەرەوەی ئێمەیە، لێی دەزانن و شارەزان، زانستی خۆی هەیە، لەگەڵ تورکیا و سووریا و نەتەوە یەکگرتووەکان هەروا، لەگەڵ ئەمەریکا و ئەورووپاش هەروا کە پشتیوانیی ئێمەنە. ئەو دانوستاندنە لە ملی سیاسەتمەدارەکانە کە وڵات بەڕێوە دەبەن و بەشی پەیوەندییەکان یان سیاسەتی دەرەوە بڕیاری لێ دەدەن. سەرنج بدەن سیاسەت وەکوو ئاو و هەوا گرنگە، بەڵام وەکوو ئاو و هەواش دەبێت پاک بێت. ئەو هەوایەی کە هەڵیدەمژین، کەمێک کاربۆنی تێدا زیاد بکات، هەموومان دەخنکێین، کەمێک ژەهر لە ئاوی شارێک بکە، هەموو شارەکە دەکەوێت. سیاسەتیش وایە.
ئێمە ئەمڕۆ لەو تەنگوچەڵەمانەدا دەژین، خەڵک دەپرسن بۆچی وایە؟ سەیری بۆچوون و کۆمێنتەکان بکەن، بەس هەڵچوون و جنێوە، تۆ قسە دەکەی، دەڵین بابت وا لێ بکەم، پێشنیاز دەکەی، پێت دەڵێت داکت وا لێ بکەم! باشە کاکە وەرە گوێ بگرە با کێشەکانمان چارەسەر بکەین. کاتێک کە میللەت نەزان بوو، هەڵەی سیاسییەکانە کە سیستەمەکەیان وا بار نەهێناوە ئەو خەڵکە ئاستێکی دیاریکراویان هەبێت تا تێبگەن دۆخی وڵات بۆ باشە تا بیپارێزن، تێبگەن بۆ تەنگوچەڵەمەمان هەیە تا بەشدار بن لە چارەسەرکردنیدا. کاتێک بزووتنەوەی سیاسی کێبەرکێی یەکتر دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، حزب و ڕێکخراو و سەندیکا دروست دەکەن، ئەوانە هەمووی پێویستن، سیاسەت بەبێ کۆبوونەوە و ڕێکخستن ناکرێت. هیچ بزووتنەوەیەکی سیاسییش، بەبێ هەبوونی کاراکتەرەکانی سەرەکی کە هزرەکەیان لە لایە و خۆیان ماندوو دەکەن و شارەزا و دڵسۆزن ناکرێت. کە پێی دەگوترێت سەرکردەکانی ئەو لاباڵە حزبییە، ئینجا حیزب بێت، بزووتنەوە بێت، سەندیکا بێت.
زۆرجار سەرکردەکانی سیاسی حزبیان نییە، بەڵام لەسەر ئاستی وڵات وەکوو کەسایەتیی نیشتمانی دەوری زۆر گرنگ دەبینن، ئەگەر وڵاتێک ئەو کەسانەی هەبن، وڵاتێکی زۆر بەختەوەرە. ئەگەر وڵات یەک دوو سەرکردەی هەبن لە ئاستی حزب بەرزتر بن، وەکوو هەموو حزبەکان و خەڵک و دینەکانی وڵاتەکە گوێی بۆ بگرن و بڵێن بەرژەوەندیی وڵاتی دەوێت و ئینسانێکە جێی باوەڕە، ئەم وڵاتە بەختەوەرە. لە کوێ سەرکردەکانی سیاسی شیر و تیریان لەیەک سوی و هەموو ڕۆژێک چی جنێو و بوختان و ڤیدیۆیە لەسەر یەکتری بڵاو بکەنەوە، ئەو وڵاتە لە خۆشیدا ناژیت. کەنگێ ئاسایش و پاراستن بەرقەرارە، ئەوکاتەیە کە تۆ دڵنیا بیت ژیانی تایبەتیش کەس دەستتێوەردانی تێدا ناکات. دەبێت یاسا دابینی بکات، باوەڕەکان تەنیا دژی مرۆڤ و دژی یاسا نەبن، لەوانەیە پاشکەوتوو بن، لەوانەیە پێشکەوتوو بن، بۆ خۆتان. بەڵام کە هاتە سەر ژیانی مەدەنی، ئینسانێکی باشی. بۆیە حزبە سیاسییەکان وەکوو کەسە سیاسییەکان دەبێت لە ژێر چاودێری بن، گەر لە یاسا لایان دا، دەبێت دادگایی بکرێن؛ ئەگەر سیستەمی وڵات سیستەمێکی باش بێت. بۆیە دەبی حزبە سیاسییەکان پابەند و وەفادار بن بەو بیروباوەڕانەی کە دەیڵێن، دەبێ سنگیان فراوان بێت کە بیروباوەڕەکەیان گفتوگۆ بکرێت، وە ڕەت بکرێنەوە. وەکوو چۆن ئێستا ئێمە گفتوگۆ دەکەین، گەر ئێوە یەک یەک هەستن بڵێن قسەکانت وا نییە، هەموو باوەڕەکەی من پێچەوانە بکەنەوە، دەبێت من بە ئارامی و سنگێکی فراوانەوە، نەک نیو کاتژمێر، بەڵکوو نیو کاتژمێر بۆ هەر یەکێکتان گوێ بگرم. حزبەکانیش هەروا. حزب نە ئایینە، حزب نە میللەتە، حزب نە پیرۆزە، حزب ئامرازە بۆ ئەوەی تەنزیمی کۆمەڵایەتیی باش بەڕێوە بچێت، تا سیستەمی سیاسی باش کاری خۆی بکات. کە سیستەمی سیاسی باش کاری خۆی بکات، دەبێت ئێمە هەست بە ئارامی و ئاسایش و پێشکەوتن بکەین، دەبێت ئاستی ئابووری بووژابێتەوە، ئاستی پەروەردەی منداڵەکانمان بەرز بووبێتەوە، تەندروستیی وڵاتەکە زۆر باشتر بێت. وە لە کۆتاییدا دەبێ وڵاتەکەمان ئاوەدانتر بێت، وە ژیانی ئێمە خۆشتر بێت. هەست بە ڕەزامەندیی زیاتر بکەین. دەبێ ئامانجی سیاسەت ئەوە بێت. زۆرجار لە وڵاتاندا ئەو ڕابەرانەی لە سەرەوەی حزب و میللەتان و ئایینەکانن، ئەو وڵاتانەی کە فرەئایین و فرەنەتەوەن وەکوو وڵاتی ئێمە، ئەگەر کەسایەتیی وا هەبن ڕابەرایەتیی بکەن و توانای ئەوەیان هەبێت هەمووان ڕازی بکەن، بە پێی فەرهەنگی ئەو وڵاتە و ڕۆشنبیریی ئەو وڵاتە باش جوڵاندنی سیاسی و ئیدارەدان بزانن، ئەوانە پێیان دەگوترێ ئەو سەرکردانەی کارێزماییان هەیە، واتا هەندێ سیفەت و ڕەفتاری هەیە کە خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی من ئاسانتر قبووڵی بکەم و پەیڕەوی لێ بکەم و متمانەی پێ بکەم، وە ئاسانتر بتوانێت خزمەتم بکات. ئامانج ئەوەیە. بەڵام هیچ کاتێک کەسایەتیی کارێزمایی بەو مانایە نییە هەرچی گوتی و خراپەی کرد، ڕاست بێت. ئەوەی کە خومەینی بەسەر ئێرانی هێنا، کارێزماتیک بوو، بەڵام کارەساتی بەسەر ئێراندا هێنا. سیاسەت دەبێت دادپەروەری و ئینساف دابین بکات، ئینساف ئەوەیە کە دەبێت موڵک و ماڵی ئێوە پارێزراو بێت، حەقی خۆتان بۆ خۆتان و حەقی خۆشم بۆ خۆم بێت، بە پشتیوانیی یاسا ئەو ئینسافە دابین بکات. دووەم، دەبێت دادپەروەری دابین بکات، لە وڵاتی ئێمە خەڵک هەیە پێویستی بە بەهاناوەچوون هەیە، ئینجا ئەو بەهاناوەچوونە تەندروستییە، پەروەردەیە، ژیانی ماددیە، هەرچی هەیە. وە عەدالەت چەمێکێکی سەرووترە، لە پڕۆسەی گشتیدا کە وڵات بەرەو پێشەوە دەچێت، دەبێت وای لێ نەیەت بە پێی ئازادی ژمارەیەک سوود لە ئازادی ببینن، بە شێوەیەک سەرمایەکەیان هەڵسووڕێت کە وەکوو ئاشێکی گەورە دەستاڕەکانی ئێمە هەموو بهاڕێت، دەبێت یاسا پارێزگاری بکات، نەک بە شێوەی شیوعیانە، بەڵکوو ئەوەی پێی دەگوترێ هاوسەنگیی کۆمەڵایەتی بۆ ژیان، سیاسەت ئەوە بپارێزێت، سیاسەت دەبێت زۆر پراگماتیک بێت، واتا زۆر کردارگەرا بێت، ئامانجی هەبێت کاتێک بیروباوەڕێک پێشنیار دەکات، هەر لە خۆوە نەبێت، ماقووڵ نییە کاتێک سەرکردەیەک میللەتێک سەرقاڵی پرسێک دەکات، دواتر هیچی لێ شین نەبێت.
حزبێک بەرنامەیەک دابنێت، بێتە حوکوومەت، دوایی ئەوە جێبەجێ نەکات کە دەیگوت. بیروڕایەک پێشنیار بکات کە لە دواییدا بەرهەمەکەی دیار نەبێت. ئەمانە هەموویان سیستەمی سیاسیی ناوخۆمان بۆ دروست دەکات کە جێی متمانە دەبێت، وە دەمانخاتە ناو سیستەمی سیاسیی نێودەوڵەتی، کە وڵاتەکەمان لە ئەمن و ئەماندا دەبێت، بەرژەوەندییەکانمان لە دنیاندا دەبێت. ئەها ئێمە پاسپۆرتێکمان لە باخەڵدا نییە بتوانین گەشت بکەین، کە یەکێکە لە پێویستییەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە، گەڕان و گەشتوگوزارە، ئامرازێکە بۆ شارەزایی و زاناییی زیاتریش، بۆ بازرگانی و هەموو شتەکانی تر. دەبێت ئەگەر ئێمە بەشێکی باشی سیستەمی نێودەوڵەتی بین، پاسپۆرتەکەمان نرخی هەبێت، هەر هاووڵاتییەکی وڵاتی ئێمە ویستی بڕواتە هەر وڵاتێک، کەس ڕێی پێ نەگرێت، ماندوو نەبێت تا ڤیزەی دەدەنێ، ئەها لە وڵاتی ئێمە هەموو سامانی خۆی دەفرۆشێ تا ڤیزایەکی قاچاغ وەرگرێت و لە وڵاتەکە ڕابکات، ئەوە نیشانەی ئەوەیە سیاسەت خراپە و باش نییە، دەنا بۆچی دەبێت هاووڵاتی ڕابکات. من کە ئەو قسە زلانە دەکەم، دەبێت ئەو کەموکوڕییانەش ببینم. کەواتە دەبێت ئێمە سیستەمێکی سیاسیی باشی ناوخۆمان هەبێت، وە وڵاتەکەشمان داخلی سیستەمێکی سیاسیی نێودەوڵەتی بکەین.