شەممە, تشرینی دووه‌م 2, 2024
Image default

منداڵانی کۆچبەری ئەفغانستان بۆ خوێندن لە ئێران کێشەی زۆریان رووبەڕوو دەبێتەوە

منداڵانی ئەفغان لە ئێران بە کۆچبەری نایاسایی ئەژمار دەکرێن و سەرەڕای بڕیارێک کە حکومەتی ئێران بۆ وەرگرتنیان لە قوتابخانەکانی ئەو وڵاتە داویەتی، بەڵام هێشتا خێزانەکانیان لەلایەن بەرپرسانی پەروەردەوە لەژێر گوشاردان و بە تەواوی رێگە بە خوێندنی منداڵەکانیان نادرێت. دایکی قوتابییەکی ئەفغان دەڵێت، “دوێنێ هاتم، گوتیان دەبێت [منداڵەکەت] کارتی ڤاکسینی هەبێت. چووم کارتی ڤاکسینم بۆ هێنان. ئەمجار گوتیان، دەبێت بەڵگەی لەدایکبوونی هەبێت. بەڵگەی لەدایکبوونم بۆ هێنان. دەڵێن، بەڵگەی لەدایکبوونی ئەفغانستانمان قبووڵ نییە و دەبێت بچی بەڵگەی لەدایکبوونی ئێرانمان بۆ بێنیت. ئیدی منیش گەڕامەوە”. خوێندنی منداڵانی بیانی لە ئێران، بەردەوام ئاڵنگارییەکی گەورەی پەروەردەی ئەو وڵاتە بووە، بەڵام شەش ساڵ پێش ئێستا لەلایەن رێبەری باڵای ئێرانەوە، بڕیارێک دەرکرا کە دەبێت بەرپرسانی پەروەردە رێگە بە خوێندنی منداڵی کۆچبەران بدەن و هیچ جیاوازییەکیش لەنێوان کۆچبەرانی نایاسایی و یاساییدا نەبێت؛ بڕیارێک کە بەرپرسانی حکومەت دەڵێن، بە باشی خەریکن جێبەجێی دەکەن. مەهدی مەحموودی، بەرپرسی بەشی بیانییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەڵێت، “ساڵی رابردوو نزیکەی 523 بۆ 524 هەزار قوتابیی کۆچبەر ناونووس کرابوون، کە 188 هەزاریان بە نایاسایی هاتبوونە نێو ئێران و نزیکەی 100%یش ئەفغانستانی بوون. ئەمساڵ نزیکەی 10% زیاد بووە. بەگشتی لە دوو ساڵی رابردوودا، رێژەی ناونووسینی قوتابییانی کۆچبەری ئەفغانستانی 58% زیادیکردووە. ئێمە دەتوانین ناویان نەنووسین و لە وڵاتەکەشمان دەریان بکەین، بەڵام بەپێی ئەو بڕیارەی رێبەری کۆماری ئیسلامی داویەتی و بەپێی بەزەیی ئیسلامی، ئەو کارە ناکەین”. حکومەتی ئێران نۆ بڕیاری بۆ ناونووسینی قوتابییانی بیانی لە قوتابخانەکان دەرکردووە، لەوانەش: ئەو قوتابییانەی لە ساڵانی رابردووشدا خوێندوویانە و بەڵگەی ناوتۆمارکردنیان هەیە، ئەوانەی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی لە ساڵانی رابردوودا خوێندوویەتی، ئەوانەی پۆلی یەکن و خێزانەکەیان لە دوایین سەرژمێریی ئێراندا تۆمارکراوە، ئەو قوتابییانەی خاوەنی پاسپۆرتی خێزانین، ئەو منداڵانەی دایکیان ئێرانییە و هێشتا وڵاتینامەیان نییە، ئەوانەی دایک و باوکیان وڵاتینامەی بڕواپێکراویان هەیە و ئەوانەشی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کۆچبەرانەوە بەڵگەنامەی خوێندنیان پێدەدرێت، دەتوانن لە قوتابخانەکانی ئەو وڵاتە بخوێنن. کۆچبەرێک دەڵێت، “هیچ بەڵگەیەکیان بۆ خوێندن پێنەدام و گوتیان ئێوە وڵاتینامەتان نییە. لەم سێ ساڵەدا کە ئێمە لە ئێران بووین، بەڵگەی خوێندنیان پێنەداوم، هەستێکی زۆر ناخۆشم هەیە. نازانم چی بکەم. سێ قوتابین لەنێو ماڵدا. یەکمان پۆلی نۆیەمە و ئەوانی دیکە پۆلی چوارن، نازانین چی بکەین”. ئامارەکانی وەزارەتی کاروباری کۆچبەرانی ئەفغانستان باس لەوە دەکەن 850 هەزار هاووڵاتیی ئەفغانستان لە ئێران دەژین کە مەزندە دەکرێت نزیکەی 200 هەزاریان قوتابی بن. بەڕێوەبەری یەکێك لە قوتابخانەکانی تاران، رۆژی چوارشەممەی رابردوو ئاشكرای کردووە، نیوە زیاتری منداڵانی ئەفغانستانی، بەهۆی مەرجە قورسەکانی بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانەوە بۆ ناو تۆمارکردن، لە خوێندن دواکەوتوون و مەترسیی ئەوە هەیە، ئەو منداڵانە بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووریی خێزانەکانیان، ببنە منداڵانی کارکەر لە بازاڕەکانی ئێران.