دیمانە: هێمن خەلیل
كۆلێژی ئەندازیاری، یەكێكە لە كۆلێژە گەورە و گرنگەكانی زانكۆی سەلاحەدینی هەولێر لە ڕووی ژمارەی مامۆستا و قوتابیان و ڕووبەر و سەوزاییەوە، ئەم كۆلێژە لە (9) بەشی زانستی پێك هاتووە، بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون دیدارێكمان لەگەڵ (پڕۆفیسۆر د. شوكر قەرەنی عەزیز) ڕاگری كۆلێژی ئەندازیاری كرد.
سەرەتا پڕۆفیسۆر د. شوكر قەرەنی باسی لە مێژووی دروستبوونی كۆلێژی كرد و گوتی: “دامەزراندنی كۆلێژی ئەندازیاری بۆ ساڵی 1968 دەگەڕێتەوە كە سەر بە زانكۆی سلێمانی بوو، بەڵام ساڵی 1981 هاتە شاری هەولێر بوو بە زانكۆی سەلاحەدین ـ هەولێر، ئەم كۆلێژە لە نۆ بەشی زانستی پێك هاتووە كە ئەمانەن:
ئەندازیاریی شارستانی، ئەندازیاریی كارەبا، ئەندازیاریی میكانیك و میكاترۆنیكس، ئەندازیاریی تەلارسازی، ئەندازیاریی پرۆگرامسازی و ئینفۆرماتیكس، ئەندازیاری سەرچاوەكانی ئاو، ئەندازیاری ڕووپێوان، ئەندازیاریی كيميا و پترۆكیمیا، ئەندازیاریی فڕۆكەوانی.
بۆ ساڵی 2022-2023 ژمارەی قوتابیانمان 1700 قوتابی بوو و ژمارەی مامۆستایان 262 بوو، هەروەها باڵەخانەكانمان بە شێوەیەكی باشە و ژێرخانێكی زۆر باشمان هەیە، لە كۆلێژی ئەندازیاریدا گرنگییەکی زۆر دراوە بە سەوزایی بۆ پاكوخاوێنی و ژینگە.
ڕاگری كۆلێژ باسی لە كۆنمرەی قوتابیان كرد كە لەپۆلی دوازدەوە دێنە بەشەكانی ئەو كۆلێژەو دەڵێ:” دەتوانم بڵێم كۆنمرەی 97-98 وەردەگرێت و بە گوێرەی ساڵەكان گۆرانكاری بەسەر كۆنمرەدا دێت،ساڵ هەبووە تا كۆنمرەی لە سەرووی 80 قوتابیی وەرگرتووە، زیاتر پەیوەندی بە ڕێژەی ژمارەی دەرچووانی پۆلی دوازدەوە هەیە،
جگە لەمەش زۆر جار هەیە قوتابی لە بەشە پزیشكیەكانەوە دێنە بەشەكانی كۆلێژی ئەندازیاری.”
بەو پێیەی خوێندن لەكۆلێژی ئەندازیاری سیستەمی بۆڵۆنیایە ڕاگری كۆلێژ ئاماژەی دا: “لە بەشەكانی كۆلێژی ئەندازیاری سیستەمی بۆڵۆنیا پەیڕەو دەكرێت، لەبەرئەوەی سیستەمێكی نوێیە، ئەوساڵ لەسەر ئەوسیستەمە قوتابیانمان خوێندنیان تەواوكرد، هەندێك گرفتی تەكنیكیمان هەیە، لێژنەمان داناوە لەسەر ئاستی بەشەكان، ڕاو پێشنیازی مامۆستاو سەندیكای ئەندازیاران و قوتابیانمان وەرگرتووە، دەكرێ سوود لە خاڵە بەهێزەكان وەربگرین و خاڵە لاوازەكان كاری لەسەر بكەین تا باشتری بكەین.”
دەربارەی تاقیگەكانی كۆلێژ دكتۆر دەڵێ: “بە سپاسەوە ساڵی ڕابردوو سەرۆكایەتیی زانكۆ هاوكاری تاقیگەكانی بەشی كیمیا و بەشی ڕووپێوانیان كرد، هەروەها هەندێ تاقیگەی بەشی شارستانی و سەرچاوەكانی ئاو و بەشی كارەبا تاقیگەكانیان كەرستە و ئامێری نوێ بۆ دابین كراوە،وە تاقیگەی بە شی میكانیك لە لایەن زانكۆ و زانكۆی فرایبێرگی ئەڵمانی هاوكاری كراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر پێویستیمان بەتاقیگە هەیە، چونكە ژیان بەرەو گۆڕانكاری و بەرەو پێشەوە چووە.”
بەو پێیەی ڕاگری كۆلێژ لەم چەند مانگە دواییدا پۆستی ڕاگری كۆلێژی ئەندازیاری وەرگرتووە، بۆیە باسی پلان و بەرنامەی چوار ساڵی داهاتوو دەكات و دەڵێ: “دەستخۆشی لە هەموو ڕاگرەكانی پێشتر دەكەم هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم كۆلێژە كە خزمەتیان كردووە و، هەر یەكەیان پلان و بەرنامەی تایبەت بە خۆی هەبووە، ئەوەی بەنیازم كاری لەسەر بكەم، تەنها ئەندازیار دەرنەچوێنین، بەڵكو گرنگییەکی زۆر بدەین بە توێژینەوە، پڕۆژەی دەرچوونی قوتابیان، ماستەر و تێزی دكتۆرا بكەین بەتوێژینەوە، تا گرفتەكانی وەزارە تە كانی حكومە ت و كە رتی تایبە ت و كۆمە ڵگا چارەسەر بكەین و هاوكاری حكومەت و كۆمەڵگا بین لە كاتی ڕوودانی هەر كێشەیەك یاخود لە كاتی قەیرانەكان، خوێندن تەنها چاولێكەری نەبێت و تەنها وانەگوتنەوە نەبێت، بەڵكو ببێتە هۆكارێك بۆ چارەسەری گرفتەكان، بۆ نموونە ئەگەر لە وەزارەتێكدا گرفت هەبوو، بەتایبەتی ئەو وەزارەتانەی كە زیاتر پەیوەندییان بە كۆلێژی ئەندازیاریەوە هەبوو، دەستمان كراوە بێت و كێشەكان چارەسەربكەین، هەروەها هەلی كار بۆ دەرچووانمان دابین بكەین، هاوكاری مامۆستاكانمان بین بۆ توێژینەوەو لێكۆڵینەوە جا چ لەناوەوەی وڵات بێت یان دەرەوەی وڵات، جگە لەمانەش كردنەوەی خولی ڕاهێنان، هەروەها كردنەوەی سەنتەرێكی توێژینەوە لەناو كۆلێژ، ئاسوودەیی زیاتری مامۆستا و قوتابیان و پاڵپشتی بۆ مامۆستاو قوتابیەكانمان بین و كەشوهەوایەكی لەبار فەراهەم بكەین؛ بایەخێکی زیاتر بە سەوزایی و پاك و خاوێنی و ژینگەی كۆلێژ بدرێت، ئەمانە بەشێكە لە پلان و بەرنامەکانمان.”
بەو پێیەی ئەو كۆلێژە بەشی فڕۆكەوانی هەیە، كە بە یەكێك لەبەشە گرنگەكان دادەنرێت لەسەر ئاستی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان تاكە بەشە، لەم بارەوە ڕاگر ئاماژەی دا: “بەخۆشحاڵیەوە بەشی فرۆكەوانیمان كردۆتەوە، دەستخۆشی لەو بەڕێزانە دەكەین كە پلاندانەری كردنەوەی بەشی فڕۆكەوانی بوون لەهەموو ئاستەكان، ئەم بەشە تاكە بەشە لەسەر ئاستی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، ساڵانە بیست تا بیستوپێنچ قوتابیمان وەرگرتووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ داوای پەنجا قوتابیمان كردووە و پلانمان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی ناردووە، سەبارەت بەو بەشە هەماهەنگیمان هەیە لەگەڵ وڵاتی ئوردەن كە لە یەكێك لە زانكۆكانی ئەو وڵاتە دەخوێنن و دوو ساڵ لەكۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سەلاحەدین دەخوێنن، دوو ساڵی تر لە وڵاتی ئوردەن دەخوێنن ئەوەی لێرە دەخوێنن بەشێكی خوێندنەكەیانە، بەشەكەی تر لەو وڵاتە تەواوی دەكەن، ئەم بەشە حەز و خولیای و ویستی زۆری لەسەرە لەلایەن قوتابیانەوە. بەكۆنمرەی بەرز قوتابی وەردەگرێت، قۆناغی یەكەم و دووەممان هەیە، ئەمساڵ شاندێكی زانكۆی سەلاحەدین سەردانی ئەو زانكۆیەیان كردووە بۆ لەنزیكەوەئاگاداربوون لە قوتابیانمان.”
تایبەت بەدەرچووانی بەشەكان و دەستكەوتنی هەلی كار دكتۆر شوكر گوتی: “سەداسەد دەرچووانی بەشەكان پەیوەستن بە بازاڕی كارەوە، ناڵێم سەدا ٩٩، بەڵكو بازاڕی كار سەداسەد پێویستی بە دەرچووانی بەشەكانی كۆلێژی ئەندازیاری هەیە،كە دەڵێی دەرچووی بەشی شارستانی پەیوەندی بە شارستانیەتەوە هەیە، دەتوانی لە بواری باڵەخانە و ڕێگاو بان كاربكات، ئەندازیاری كارەبا دەرچووان دەتوانن لەبارەی كەرتی كارەبا كاربكەن، ئەگەر باسی میكانیك بكەین چەندین بوار دەگرێتەوە ئەوەی پەیوەندی بەئۆتۆمبێلەوە هەیە یان پەیوەندی ساردی و گەرمیەوە هەیە، زیاتر وڵاتەكەمان بەرەو پێشەوە دەڕوات و پێویستی بەو دەرچووانەوە هەیە، ئەگەر باسی ڕووپێوان بكەم هیچ پڕۆژەیەك بەبێ ڕووپێوان نابێت، بەشی پڕۆگرامسازی بەهەمان شێوە حكومەتی بەرەو بەئەلیكترۆنی دەڕوات و هەموو شوێنێك پێویستی بە ئەلیكرتۆنی و بەرنامە هەیە ئێستا ماركێتەكان و كۆمپانیاكان كارەكانیان بەشێوەی ئەلیكترۆنیە، باسی بەشی تەلارسازیت بۆ بكەم هیچ پڕۆژەیەك بەبێ نەخشەی تەلارسازی بەڕێوەناچێت، بەشی فرۆكەوانی كەبەشێكی زۆر گرنگە پێویستیە، بەشی نەوت و كیمیا و سەرچاوە كانی ئاو بەهەمان شێوە گرنگن، واتە بازاڕی كار پێویستی بە دەرچووانی ئێمە هەیە.”
سەبارەت بەناردنە دەرەوە قوتابیان بۆ زانكۆكانی دەرەوەی وڵات دكتۆر دەڵێ: “ئەمساڵ سێ قوتابی بەشی میكانیك چووینە زانكۆی فرایبێرگی ئەڵمانیا، بەشی زانستی بەش بڕیاری دا كە ئەو سێ قوتابیە بچنە ئەو زانكۆیە و خول ببینن و سوودیان لەو خولانە بینیوە .”