حکوومەتی هەرێمی کوردستان: بە توندی سەرکۆنەی هێرشی داعش بۆ سەر خەڵکی سیڤیل و پێشمەرگە دەکەین

جوتیار عادل گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پامێكی سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كه‌ی دوێنێ شه‌وی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش بۆ سه‌ر گوندی خدرجیجه‌ی بناری چیای قه‌ره‌چووخ بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند كه‌ بە توندی سەرکۆنەی هێرشی داعش بۆ سەر خەڵکی سیڤیل و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین.

له‌ په‌یامه‌كدا هاتووه‌ “شەوی ڕابردوو تیرۆرستانی داعش هێرشێکی ترسنۆکانەیان بۆ سەر هاووڵاتییانی گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچووخ ئەنجام دا، بەداخەوە لەو هێرشەدا چەند هاووڵاتییەکی گوندەکە شەهید بوون و لە کاتی بەهانەوەچوون و ڕاوەدوونانی تیرۆرستانیش، ژمارەیەک پێشمەرگەش شەهید و برینداربوون”.

هه‌روه‌ها هاتووه‌ “ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ترسنۆکانە دەکەین و سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی ئەو خەڵکە سڤیلە و شەهیدە قارەمانانەش دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین”.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌ “دووپاتی دەکەینەوە کە بۆ رێگریکردن لە هێرشە بەردەوامەکانی تیرۆرستانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کورستان و پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە، پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق هاوئاهەنگی و کاری هاوبەشی زیاتر لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە و دەردەبڕێت لەو بوارەدا”.

ھەواڵی زیاتر