پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئێران: بوونی ئیسرائیل لە نزیک سنوورەکانمان قبووڵ ناکەین

لە درێژەی ململانێیەکان ئێران و وڵاتی ئازەربایجان، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریدا کە ئەم وڵاتە “گۆڕانکاریی جیۆپۆلیتیکی و گۆڕان لە سنوورەکانی”دا قبووڵ ناکات. حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی 02-10-2021 لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، ئیسرائیل هەوڵدەدات کەڵک لە ململانێی نێوان ئێران و ئازەربایجان وەربگرێت و خۆی لە سنوورەکانی ئێران نزیک بکاتەوە، بەڵام ئێران بوونی ئیسرائیل و “هەوڵی دنەدەرانەی لە نزیک سنوورەکانی” قبووڵ ناکات. لە چەند هەفتەی رابردوو جۆرێک ململانێ لە پەیوەندییەکانی ئازەربایجان و ئێران دروستبووە. ئازەربایجان چەندین شۆفێری بارهەڵگری ئێرانی دەستبەسەرکردووە، باجی لەو بارهەڵگرە ئێرانییانە وەرگرتووە کە لە خاکی ئازەربایجانەوە دەچنە نێو ئەرمینیاوە و ئێرانیش لە سنوورەکانی لەگەڵ ئازەربایجان هێزێکی زۆری کۆکردووەتەوە و نمایشی سەربازی بەڕێوە بردووە. ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان هەفتەی رابردوو، تێپەڕبوونی بارهەڵگرە ئێرانییەکان بە خاکی ئەو وڵاتەدا بە نایاسایی لە قەڵەمدا و رەخنەشی لە نمایشە سەربازییەکەی هەفتەی رابردووی ئێران گرت. بەشێک لە رێگەی گواستنەوەی ئێران و ئەرمینیا بە خاکی ئازەربایجاندا تێپەڕ دەبێت. ئەو ناوچەیە پێشتر سەربە وڵاتی ئەرمینیا بوو، بەڵام نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا ئازەربایجان دەستی بەسەردا گرت. ئیسرائیل و ئازەربایجان پەیوەندییەکی زۆر نزیکیان پێکەوە هەیە. نزیکەی 40٪ی ئەو نەوتەی ئیسرائیل دەیکڕێت لە ئازەربایجانەوە هاوردەی وڵاتەکە دەکرێت و هاوکات ئیسرائیل دووەم فرۆشیاری چەکە بە ئازەربایجان.  لەلایەکی دیکەشەوە ئازەربایجان دەیەوێت هێڵێک لەنێوان ناوچەی خودموختاری نەخجەوان و ئازەربایجاندا بکاتەوە، کە ئێستا خاکی ئەرمینیا لێکی جودا کردوونەتەوە، بە کێشانی ئەو هێڵە جوگرافیای سیاسیی ناوچەی باکووری رۆژئاوای ئێران دەگۆڕێت و، ئەگەر پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئەو دوو وڵاتە نەپچڕێنێت، رووبەڕووی کێشەی دەکاتەوە، بۆیە ئێران پێی هەستیارە.