چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ڕەخنەی ” دەق “ لە نێوان ڕازیبوون و ڕەتکردنەوەدا

پەری عومەر ئەسعەد

زۆر گرنگە کاتێک بتەوێت ببیتە نووسەرێکی باش، بەر لەوەی بەهرەکەت گەشە پێ بدەیت و پەروەردەی بکەی؛ بەوردی چەند شتێک لەخۆت بپرسیت، ئایا بۆچی و بۆ کێ دەتەوێت بنووسیت؟ ئەی لەپێناو چی دەنووسیت؟ ئەو کاتەی بەهرەی نووسین هۆشیاری و دانایی لەگەڵ دابێت ( دەق ) دەکاتە گۆڕەپان و بەشێوەیەک دوو ڕێڕەوی لێ ببێتەوە ، تیایدا خوێنەری ڕاستەقینە و فەیک لێک جوێ بکاتەوە، چونکە خوێنەری جددی ئەگەر هیچیش لە سیفات و بنەمای زانستی رەخنە نەزانێت لە دوای خوێندنەوەی هەر دەقێک ڕاو بۆچوونی خۆی لەبارەیەوە بنووسێت، ئەگەر بۆ کەسیش بەیان نەکات، وەک دیتوومانە لە کۆتا لاپەڕە یان لە کاغەزێک خوێنەر هەبووە سەرنجی خۆی نووسیوە و جێیهێشتووە، بەم کارەی خوێنەر دەگوترێت: چالاکی ڕەخنەیی.

  • کورتەی مێژووی ڕەخنە:
    لە هەموو جیهان ئەگەر بێت و لە میژووی ڕەخنە بدوێیت، ڕێگاکان دەمانبەنەوە سەر دوو شاڕێگای ڕەخنەیی ئەوانیش( ڕەخنەی ڕۆژئاوایی و رۆژهەڵاتییە) ، خۆ ئەگەر بە درێژیی لێیان بدوێین بەدەیان لاپەڕە پڕدەکەینەوە، بەڵام بەقەد پێویستیمان لێی هەڵدێنجین. سەبارەت بە ڕەخنەی ڕۆژئاوایی ئەوا لە پێش زایین و لە لایەن یۆنانییەکانەوە سەری هەڵداوە، هەروەک لە سەرچاوە مێژووییەکانەوە هاتووە : لە (سەدەی پێنجی پ .ز)یۆنانییەکان لە جەژنەکانیان کۆمەڵێک چالاکییان پێشکەش دەکرد؛ بەتایبەت شانۆگەری جا چ کۆمیدیی با چ تراژیدیی؛ ئەمانەشیان بە شیعر پێشکەشکردووە، لەو میانەیەدا ئەوان لەوکات بڕیاری پەسندکردنی دەقە شانۆییەکانیان داوە، کە ئەمە کردەیەکی ڕەخنەییە و لەسەر بنەمای هونەری باڵا و لوژیکی ڕاستەقینەیە. لێرەدا کاتێک دەبینین ئەریستۆڤانیس (446 – 386 پ.ز) وەک شاعیرێک دێت لەبەرهەمە کۆمیدییەکەی خۆی کە کتێبی (بۆقەکانە) قسەوباسی لەبارەی هەردوو شاعیری گەورەی یۆنانی ( یوربیدز و ئەسخیلۆس) خستۆتە ڕوو، ئەم هەنگاوە پڕ بزاوتە ڕەخنەییانە وایکرد سایدێکی ڕەخنەی ئەدەبی بکرێتەوە؛ تیایدا بەدەیان فەیلەسوف ببنە جێی بایەخ، بەتایبەت هەردوو قوتبی فەلسەفەی جیهانی بەگشتی و یۆنانی بەتایبەتی (ئەفلاتون 428پ.ز – 348پ.ز) و (ئەرستۆ 384 پ.ز – 322پ.ز) کە تا ئەم قۆناغەی ئەدەب جێی هەڵوەستە لەسەرکردنن. هەر لە نموونەیەکی دیکەی تایبەت بە (ئەرستۆ) دا هاتووە
    کەوا لە بەرهەمێکی دیکەی بەناوی (ھونەری شیعر) کۆمەڵێک دەستوور و یاسای وەهای بۆ بابەتی (تراژیدیا ) داڕشتووە کە دواجار بوونەتە بناغەی تیۆری (ڕەخنەی ئەوروپی ). لەدوای ئەوەش کاتێک (ڕەخنەی کلاسیکی نوێ ) وەک ڕێبازێکی ئەدەبی لەسەدەی حەڤدەدا لە فەڕەنسا سەری ھەڵدا و گەشەی کرد. ئەمەش زیاتر لەسەر دەستی ڕەخنەگری بەتوانای سەردەمی ئەوسا (بوالو 1636- 1711) ڕا و بۆچوونەکانی ئەرستۆی جێگیر کرد و کردنی بە پێوانەی ڕەخنەی کلاسیکی نوێ لە ئەوروپادا، ھۆی ئەمەش ئەوە بوو کە رێبازی کلاسیکی بۆخۆی لە ئاکامی بوژاندنەوە و لاساییکردنەوەی بەرھەمی یۆنانییەکان و رۆمانییەکان سەری ھەڵدا. هەروەها بەرھەمی کلاسیکەکان کە (تراژیدیا و کۆمیدیا) بوون، ئیدی لە دوای رێبازی رۆمانتیکی کۆمەڵێک رێبازی دیکەی ئەدەبیی سەریان ھەڵدا وەک : رێبازی ریالیزم، پڕناسی، ھێماگەری، فۆرمالیزم و ھتد… لەپاڵ ئەم رێبازە ئەدەبیانەشدا چەند رێبازێکی ڕەخنەیی ھاتنە کایەوە گرنگترینیان رێبازی شیکاری دەروونی و رێبازی مارکسی و رێبازی شێوەگەرایی یان بنیاتگەری بوون؛ بەگشتی رەخنەی نوێ لە ئەدەبی ئەوروپی سەدەی رابردوودا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت دەبێ : پێوانە رەخنەیییەکان بابەتی بن و لە بازنەی تێڕوانینی کەسیی ڕەخنەگردا نەھێڵدرێتەوە، بەڵکو راستەوخۆ لە سروشتی دەقی ئەدەبی خۆیەوە بەدەست بھێنرێن. هەروەها مەبەست لە ‘ڕەخنەی ڕۆژهەڵاتی “ ئەو ڕێگا رەخنەییەیە کە سەرەتا لە ئەدەبی عەرەبیدا کراوەتەوە و پاشتر لەلایەن ئەدەبی میللەتە موسوڵمانەکانی دیکەوە فراوانتر و بەربڵاوتر کراوە و بووەتە تیۆرێکی رەخنەیی تایبەت بەو گەلانە، هەروەها پاش بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام، پێوانە رەخنەییەکان لە رێنماییەکانی ئایینی ئیسلامەوە بەدەست دەھێنران و لە روانگەی باوەڕی ئایینی شاعیرەوە لەدەقی هۆنراوە داوا دەکرا شاعیران دەبێ “پەیامدار” بن و بەرھەمەکانیان لە خزمەتی کۆمەڵگا دابێت .
    قۆناغێکی گرنگی ئەم ڕێگا ڕەخنەییە سەردەمی عەباسییەکان بووە، کە بەھۆی تێکەڵاوبوونی رۆشنبیری گەلانی موسوڵمانەوە و ئاگادار بوونیان لە ئەدەب و رەخنەی یۆنانی بەتایبەتی “ھونەری شیعر” ەکەی ئەرستۆ، پێوانە ڕەخنەییەکان فراوانتر بوون و بەرەو بایەخدان بە لایەنی ھونەری براون؛ هەروەها زیاتر ئەو تێڕوانینە رەخنەییە پەیڕەوی کراوە کە بەلایەوە دەقی شیعری چنراوێکی زمانییە و دەبێ شاعیر بایەخ بەلایەنی جوانکاری دەقەکە بدات ، ئەو لەو بوارەدا توانا و دەسەڵاتی ھونەری خۆی پیشان بدات، لەسەدەی نۆزدە بەدواوە ئەو رێرەوە رەخنەییە بە سوود وەرگرتن لە ڕێبازە رەخنەییە ئەوروپییەکان گەشەی کردووەو ئاوێتەی ڕێبازە ڕەخنەییە جیھانییەکان بووە.
    لەدوای ئەم باسە کورتەی سەرەوە ئێستا بەرچاو ڕوونترین لە باسکردنی مێژووی ئەدەبی کوردی، ئەدەبی کوردی مێژوویەکی دێرینی ھەیە و کۆنترین جۆری ئەو ئەدەبەشی شیعر بووە، لەپاڵیشیدا لەگەڵ پێشڤەچوونی شیعری کوردیش ڕەخنەی ئەدەبیش سەری ھەڵداوە و گەشەی کردووە ، چونکە گوێ لێ بوونی یان خوێندنەوەی هەر شیعرێک وایکردووە تێڕوانینی رەخنەییش بۆ پەسەندکردن و پەسەندنەکردنی دەق سەرھەڵبدا و دروست ببێت؛ ئەگەر بەشێوەیەکی سادە و ساکاریش بوو بێت و هیچ قیاسێکی زانستی رەخنەییشی لەگەڵ نەبووبێت.
    لەگەڵ ئەوەشدا چالاکی و بەرھەمی رەخنەییمان لەچاو بەرھەمی شیعریدا کز و لاواز دەبینرێت چونکە تا ئێستاش وتار و لێکۆڵنەوەی رەخنەیی پێش سەدەی بیستەممان نەھاتووەتە بەردەست و ئەو بەرھەمە رەخنەییانەی ھەنە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی بیستی سەدەی رابردوو بە دواوە کە رۆژنامەگەری و چاپەمەنی کوردی تیایدا بەرەو گەشەسەندن چووە،
    لەگەڵ ئەو دیاردەی کزی و لاوازییەی رەخنەی کوردیشدا، دەکرێت ئەو راستییە بخرێتە بەرچاو کە لە قۆناغە جیاجیاکانی شیعری کوردی پێش سەدەی بیستەمدا چالاکی رەخنەیی لە ئارادا بووە و شاعیرانی کورد خۆیان لە بەرھەمە شیعرییەکانیاندا تێروانین و بۆچوونی رەخنەییان خستۆتە بەردەست و دەستنیشانی کۆمەڵێ پێوانەی رەخنەییان کردووە.
    یەکێک لەو شاعیرانەش کە لە بەیتە شیعرییەکاندا کۆمەڵێ باسی رەخنەیی وروژاندووە، مەلای جزیرییە لە شیعرێکیدا دەڵێ:
    ئەحسەن ژ ڤی نەزمی لەتیف چەندی سڤک ھاتی خەفیف مەحبوب بدەستێ خوی شەریف نەقدی مە مووھرو سککەدا ئەحسەن ژ ڤی وەسفێ رەفیع ئەشکال و ئەوزاعێن بەدیع تێتن ژ نورێ وەک رەقیع بێ عەیب و نەقی و رەخنەدا
    لەو چەند بەیتەدا، مەلای جزیری وشەی رەخنەی بەو واتایە بەکارھێناوە کە ئێستا بەکاری دەھێنن، لەپاڵ ئەو وشەیەشدا کۆمەڵێک زاراوەی رەخنەیی بەکارھێناوە کە ھەریەکەیان تایبەتن بە چەند پێوانەیەکی رەخنەی شیعرییەوە، وەک (نەزمی لەتیف) و (سڤک) و (ئەشکال و ئەوزاعێن بەدیع)، بەو پێوانانەش ئەو بنەما رەخنەییە دەستنیشان دەکات کە بەلایەوە: باشترین شیعر ئەو شیعرەیە وشەکانی جوان و چێژبەخش و رەوان بن و واتاکانیشی سوود بەخش بن.

رەخنە وەک کابووسی نووسەر:
(ڕەخنەگر ) نابێت پێی وابێت: ئەو تاکە پردیی پێکگەیاندنە لە نێوان نووسەر و خوێنەر؛ ڕەخنەگری ڕاستەقینە ئەرکی ناسینی “دەقە” لەگەڵ نیشانکردنی لایەنی لاواز و کرچ وکاڵیی و جوانیی و داهێنانی دەقەکە هتد…، لەپێناو خزمەتکردنی دەق و گەڕان بەدەوری سیاق و ناوەڕۆکی ڕاقیعی، نەک لە پێناو لەقالبدانی نووسەر و بە زۆر پێگییرکردنی بە کۆمەڵێک “ کڵێشە “کە ڕەنگە بە پێی وشەکانیی ئەو تەنگ بن! هەروەها ڕەخنەگر ئەرکی چاودێریکردن و زەوتکردنی ئازادییەکانی نووسەر نییە، بەڵکوو ڕەخنەگر ئاوێنەی دەقنووسە.
ڕەخنەگری ڕەسەن و پڕ مەعریفە هەرگیز ناکەوێتە داشۆرینی دەقنووس! کە ئەمە جگە لە نەزانین و خۆ بەزلزانین چیتر نییە، بۆیە دەبێت هەوڵبدەین (ڕەخنە و نووسین) لەگەڵ یەکتر ئاشت بکەینەوە. هەروەها مانا فراوانەکەی ڕەخنە بکەینە میتۆدی کارکردن؛ نەک دەمارگیریی و بیرتەسکی و هەڵچوون، بەشێوەیەک نووسەر تووشی فۆبیای ڕەخنە بکەین! بیرمان نەچێت هیچ دەقێک هەڵگری یەک دیو و مانا نییە.
ئەگەر بێت و دەقی یەکێک لە شاعیرەکانمان بهێنینەوە وەک نموونەی پراکتیکی ئەوا هۆزانڤان ئەحمەدی خانییە کە لە (مەم و زینەکەی) بەوردی ئاوڕی لەچەند کێشەیەکی ڕەخنەیی داوەتەوە، بەجۆرێک کۆمەڵێک پێوانەی ڕەخنەیی سەردەمەکەیمان بۆ دیاری دەکات، دەڵێت:
لی ھێڤی دکەم ژ موستەعیدان حەرفان نەگرن ل موستەفیدان
ئەڤ نامە ئەگەر خراپە گەر قنج کێشایە مە دگەل وی دوو سەد رەنج نەوبارەیی تیفلی نەورەسیدە ھەرچەند نەھن قەوی گوزیدە
لێ من ژ ڕەزان نەکر تەمەتوع مانەندی دزان بکەن تەتەبوع

خانی زۆر حەکیمانە ئەو راستییە دەخاتە بەردەست کە دەقی شیعری دوای لەدایکبوونی، لەلایەن رەخنەگرانەوە رەخنەی لێ دەگیرێت، بۆیە ئەمیش داوا لە رەخنەگران دەکات کە لەکاتی رەخنەگرتندا رەنج و ماندووبوونی شاعیریان لەبەرچاو بێت ؛ ئەگەر کەم و کوڕییەکیش لە شیعرەکەدا ھەبوو ئەوا نەیکەنە بەھانە و بەیەکجاری دەقەکە بەبێ سود و بێ کەڵک دابنێن ، چونکە ھەموو دەقێک کە ڕەسەن بێت و دزراو نەبێت وەک ڕۆڵەی شاعیر وایە و لای شاعیر خۆشەویستە و کەسیش پێی خۆش نییە بەخراپی لە منداڵەکانی بڕوانرێت، ئەم وەسفەی خانی بەو شێوە نایابە ، هیچ درزێک ناهێڵێتەوە کە تێیدا ڕەخنەگر هەست بەوە نەکات کاری ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی دەق بەر لەهەر شت ڕەوشت ویژدانە.. پێویستە ڕەخنەگر خۆی بپارێزێت لەوەی ببێتە کابووسی شەو و ڕۆژی نووسەر!

نووسەر لەنێوان خاوەندارێتی دەق و سەرنجی خوێنەردا :
بەشێک لەو نووسەرە بەڕێزانەی خەریکی نووسینن ئینجا لە کۆن و نوێ، لەگەڵ تەواو بوون و پاکنووسکردنی بابەتەکانیان، ئیدی خۆیان لەبەردەم کۆتەڵی “دەق“ەکانیان دەبیننەوە، بەشێوەیەک سەیری کارەکەیان دەکەن هیچ کەس ناتوانێت وەک ئەوان بنووسێت؛ بێ ئەوەی دەرچەیەک بهێڵنەوە بۆ خوێندنەوەیەکی ڕەخنەییانە، هەر لەبنەڕەتیشدا بڕوایان بە مەسەلەی ڕەخنە نییە، هەڵبەت ئەو ڕەخنەی من باسی دەکەم بەشێوە زانستیی و ئامانجە پیرۆزەکەیەوە کە خزمەتکردنی دەقە نەک شکاندنی دەق! هاوکات نووسەرانێکیشمان هەن خاکەڕا و پڕ مەعریفەن کەچی رۆژگارێک لە شەرمی مامۆستاکانیان لە ڕوویان نەهاتووە یەکسەر بڵێن ئەو دەقەمان نوسیووە، بەڵکو سەرەتا گوتوویانە: جەنابی ئوستاد چی دەفەرموون لەبارەی ئەم دەقەوە؛ بە بەراورد لەگەڵ ( فەریکە) نووسەرێکی ئەمڕۆ کە ناتوانی پێی بڵێی ئەم حەرفەت جێی تەنگە! یان ئەم وشەیەت لەنگە؛ یاخود ئەم دەقە کرچ و کاڵە ئاوای لێ بکە جوانتر دەبێت، ئیدی دەکەوێتە پەل کوتان و سەنگەر گرتن ! لەگەڵ ئەوەش نووسەری تازەمان هەن بە شانازییەوە دەقەکەی لەگەڵ قەڵەمێکی سوور دەخاتە بەردەم کەسێکی لەخۆی بەئەزموونتر، بۆ ئەوەی لایەنی باش و خراپی بۆ نیشان بکات، لێرەوە ڕوون دەبێتەوە نووسین وەک هەر هونەرێکی دیکە پێویستی بە هەوڵ و کۆشش و خوێندنەوەی زۆرە؛ زۆر زەروورە بەر لە نووسین نووسەر کار لەسەر شێوازێکی تایبەت بەخۆی بکات و گرنگی بە ڕێنووس و خاڵبەندی بدات، ناکرێت خوێنەر بە خوێندنەوەی بابەتێک دەیان هەڵەی رێزمانی بکەوێتە بەردەمی بە جۆرێک لە خوێندنەوەی بابەتەکەت وەڕس بێت، ناکرێت تۆ بتەوێت ببیتە نووسەرێکی رەقەم یەک و تا ئێستاش جیاوازی لە نێوان کۆمەڵێک وشە نەکەیت کە هاوواتای یەکترن ؛ بێیت بەدوای یەکتر ڕیزییان بکەیت.
بۆیە من وای دەبینم ساڵانە خولی بەردەوام بکرێنەوە، بۆ فێربوونی چۆنییەتی نووسینی گوتار و بابەتی هەمە چەشن، هەر بەو جۆرەی ولیام ڤاگنەر دەیگوت “نووسەرێتی ئارەقڕشتنی ڕۆحە”.