پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

بەهۆی نەبوونی وەزیری سوننە، پەرلەمانتارێکی کورد رەخنە لە حکومەتی ئێران دەگرێت

کابینەی ئیبراهیم رەئیسیش دەرگای بەڕووی سوننە مەزهەبەکانی ئێراندا نەکردەوە. لە گۆڕانی هەموو حکومەتێکدا، سوننە مەزهەبەکان لە ئێران هیوایەکیان بۆ دەگەڕێتەوە کە بەڵکو حکومەتی نوێ پۆستی بەرز بەوانیش بدات، بەڵام  نوێنەرێکی سونە لەم گوتارەیدا لە پەرلەمانی ئێران گوتی، ئیدی خەڵک لەوە بێهیوا بوون. موحسین فەتحی، نوێنەری سنە، کامێران و دیواندەرە رایگەیاند، “چاوەڕوانیمان هەبوو کە دوای بردنەوەی هەڵبژاردن و دوای ناساندنی کابینە، بە ئاوڕدانەوە لە هەنگاوەکانی رێبەری شۆڕش، حکومەتیش بۆ گرنگیدان بە بژاردە شیاوەکانی سوننە مەزهەب، بێ گوێدان بە پێگەی جوگرافیایی و ئایینییان، مامەڵە بکات. بە داخەوە، تاوەکو ئێستا پەیوەندیدار بە بەڵێنەکانی سەردەمی هەڵبژاردن بۆ دانانی وەزیری سوننە مەزهەب، هیچ هەوڵێک نەدراوە. کۆمەڵگەی سوننە مەزهەب لە تاقیکردنەوەی ریفۆرمخواز و نەریتخواز بۆ ئەندامێتی لە کابینەدا سەرکەوتوو نەبووە و هەڵبەت نائومێدیش بووە. ئێستا دەبێت حکومەتی بەڕێز وەڵامدەرەوەی هەموو ئەو پرسیارانە بێت کە خۆیان لە حکومەتەکانی پێشووتریان دەکرد، ئەویش ئەوەیە کە بۆچی بژاردە سوننەکان لە پێکهاتەی گەلانی وڵات و بە دیاریکراوی حکومەتدا، کەڵکیان لێوەرناگیرێت”. لە چەند دەیەی رابردوودا دەنگی سوننەکان لە ئێران زیاتر بۆ ریفۆرمخوازەکان بووە، بەڵام لە دوایین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا بەشێکی زۆری سوننەکان دەنگیان بە ئیبراهیم رەئیسی دا. بە گوتەی مەولەوی عەبدولحەمید، کە کەسایەتییەکی دیاری سوننەکانە، نەریتخوازان بەڵێنیان داوە ئەوان وەکو ریفۆرمخوازان نابن، بەڵام ئەوانیش سوننەکانیان لە پۆستە گرنگەکان بێبەش کرد. ئیبراهیم رەئیسی لەمێژە کابینەی پێکهێناوە و تەنیا وەزیری پەروەردەی ماوە دیاریی بکات، بەڵام لەبەر هەستیارییەک کە دەسەڵات لە ئێران بەم وەزارەتەی هەیە، زۆر ئەستەمە کەسێکی سوننە مەزهەبی بۆ دابنرێت. ئەگەرچی کابینەی رەئیسی دوو کوردی تێدایە، بەڵام هیچیان سوننە نین. ماوەیەک لەمەوبەریش عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران بۆ یەکەمجار پلەدارێکی کوردی وەکو فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای ئێران دەستنیشانکرد، کە هەندێک لە چالاکڤانانی سوننە هیوادارن ئەمە تابووی دانەنانی سوننەکان لە بەرپرسایەتییە ئاست بەرزەکاندا بشکێنێت و هەستیاریی کەسایەتی و دامەزراوە کاریگەرەکانی کۆماری ئیسلامی بڕەوێنێتەوە کە بۆ دانانی بەرپرسانی سوننە هەیانە.