سەردانی سەرۆک بارزانی گڕ و جۆشی کوردایەتی خستەوە دڵی دانیشتوانی بادینان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بۆ چەندین ڕۆژ سەرۆک بارزانی لە بادینان مایەوە، لەو چەند ڕۆژەدا سەرۆک بارزانی سەردانی ھەموو قەزا و ناوچەکانی سنووری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی زاخۆی کرد و لەگەڵ چین و توێژەکانی ئەو ناوچانە کۆبوویەوە و گوێ لە داواکاریی و گلەییەکانی ھاووڵاتییان گرت. ھاووڵاتییانی بادینان بە سەردانی سەرۆک بارزانی دڵخۆش بوون، دڵنیان دوای ئەو سەردانە گۆڕانکاری بەسەر بارودۆخیاندا دێت و کێشەکانیان چارە دەبن.

چین و توێژەکان کە ئامادەی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی بوون دەڵێن: بەو سەردانەی سەرۆک ھەستێكی نیشتمانی و نەتەوەیی دیکەی بە ئێمە بەخشی و دڵنیاین دەستی ئاوەدانی بۆ بادینان زیاتر دەبێت، چونکە سەرۆک بارزانی داوای لە ئێمە کرد سەرنج و پێشنیاز و داواکارییەکانتان بخەنەڕوو و لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی وەڵامی پرسیار و داواکاریی ھەمووانی دایەوە.
بە دیتنی مامۆستایانی زانکۆ و چاودێرانی سیاسی، سەرۆک بارزانی، سەرۆک و ڕابەری خەڵکی کوردستانە، سەردانییان بۆ ناوچەکانی کوردستان بەگشتی و دەڤەری بادینان بەتایبەتی ھێز و توانایەکی دیکەی دایە خەڵکی ناوچەکە و زۆربەی کێشەکان کە ھاووڵاتییان خستیانەڕوو، لە داھاتوویەکی نزیکدا چارە دەبن.
مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بادینان بۆ ئەوە بوو بارودۆخی سیاسی، ئابووریی و کۆمەڵایەتی ئەو ناوچەیە بزانێت، ھەروەھا بەسەرکردنەوەی بارەگاکانی پارتی و زانینی بارودۆخی خەڵکی ئەو دەڤەرە بوو، بۆیە سەردانەکە سەردانێکی گشتگیر بوو.
د. سەبری ئەحمەد، مامۆستای زانکۆ، دەڵێت: ھاووڵاتییان لە زۆر شت بێئاگا بوون، یان نەیاندەزانی خەم و ئێش و ئازارەکانی خۆیان بە کێ بگەیەنن، بەڵام کە بینییان سەرۆک بارزانی، مەرجەع و ڕابەری خەڵکی کوردستان لە بادینانە و لەگەڵ ئەوان کۆدەبێتەوە، بە دەرفەتییان زانی ئێش و ئازارەکانی خۆیان بۆ سەرۆک بارزانی باس بکەن. سەرۆک بارزانییش بە ھەموو چین و توێژەکانی گوت: ئەوەی لە دڵتانە و دەتانەوێت ببێن باس بکەن، منیش بەدواداچوون بۆ کێشەکانتان دەکەم. بینیتان ھەر دوای کۆبوونەوەی سەرۆک لەگەڵ چین و توێژەکان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، مەسرور بارزانی قەرزەکانی پێشینەی خانووبەرە و ھاوسەرگیری ڕاگرت، ئەوەش ھاووڵاتییانی خۆشحاڵ کرد.
د. سەبری ئەحمەد، دەشڵێ: سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بادینان پەیامێک بوو بۆ بەرپرسان، چونکە ڕەنگە زۆر بەرپرس ھەبن دەرگایان لەسەر ھاووڵاتییان داخستبێت، یان خۆیان بە دوور گرتبێت، بەڵام دوای کۆبوونەوەی سەرۆک لەگەڵ ھاووڵاتییان و گوێ گرتن لە کێشەکانیان لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بەدواداچوون بۆ کێشەکانی خەڵک بکەن و ئەوەی پێویست بێت بۆ ھاووڵاتییان بکەن.
د. زکری شەوکەت، مامۆستای زانکۆ، ڕایگەیاند: سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بادینان لە کاتی خۆیدا بوو و بە گرنگی دەزانین، چونکە نزیکبوونەوەی کەسایەتیەکی وەکو سەرۆک بارزانی لە ھاووڵاتییان، ئەوە دەگەیەنێت کە سەرۆک بارزانی بەردەوام بە دواداچوون بۆ کێشەکانی ھاووڵاتییان دەکات، جا لە ھەر ناوچەیەک بن.
گوتیشی: ڕوونکردنەوەکانی سەرۆک بارزانی لەسەر ڕەوشی ناوخۆ، ناوچەکە و نێودەوڵەتی ئومێدبەخش بوون، سەرۆک بارزانی زۆرترین کاتی بۆ ھاووڵاتییان دابین کرد تا لە نزیکەوە گوێ لە داواکاریی و سکاڵای ئەوان بگرێت، ھەموو داواکاریی و سکاڵای ئامادەبووانی دیدارەکەی سەرۆک بارزانی بە سینگێکی فراوان وەرگیران. سەردانەکە بەشێوەیەکی گشتی ئومێدی لای ھاووڵاتییان دروست کرد، سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکانی خۆیدا داوای لە بەرپرسان کرد زیاتر لەناو خەڵکدا بن و خزمەتی زیاتر پێشکەش بە ھاووڵاتییان بکەن.
ھیڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان، گوتی: ھاووڵاتییان بەردەوام گلەیی ئەوەیان دەکرد داواکارییەکانیان بە سەرۆک بارزانی ناگەن؛ بەڵام لە کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی لەگەڵ ھاووڵاتییان، ھاووڵاتییان ڕاستەوخۆ ئەوەی لە دڵیان بوو بە سەرۆک بارزانی گوت، سەرۆک بارزانییش بەڵێنی دا وەڵامی داواکاری ھەموو ھاووڵاتییان بداتەوە.