ڕائیب جادر – هەولێر
ھەر دوو وەزیری دەرەوە و وزەی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان پاش کووبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت، ئامادەیی وڵاتەکەیان بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانیان و ھاوکاری ھاوبەشیی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا دەربڕی. سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ھەر دوو وەزیری دەرەوە و وزەی تورکیا لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: گفتوگۆیان لەبارەی چۆنییەتی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بە گوێرەی مافە دەستوورییەکان کردووە. وەزیری دەرەوەی تورکیاش، دەڵێت: تورکیا بایەخ بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەدات. حیزب و لایەنەکان و چاودێرانی سیاسی، دەڵێن: سەردانی بەرپرسانی وڵاتان بۆ ھەرێمی کوردستان، پێگەی گرنگی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکە دەردەخات.
تورکیا یەکێکە لە ھاوبەشە بازرگانییە گرنگەکانی ھەرێمی کوردستان و نەوتی ھەرێمی کوردستانیش لە چەندین ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی لوولە نەوتی ئەو وڵاتەوە ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان دەکرا، بەڵام لە ٢٥ی ئاداری ڕابردووەوە تا ئێستە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیا وەستاوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا لە بوارە جیاجیاکاندا پەرەی سەندووە و بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، زیاتر لە ھەزار و پێنج سەد کۆمپانیای بازرگانیی تورکی لە ھەرێمی کوردستان، لە بوارە جیاوازەکاندا کار دەکەن، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٧ گەیشتە یەک ملیار و چوار سەد ملیۆن دۆلار، ئەم ژمارەیەش لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ زیاتر لە پازدە ملیار دۆلار زیادی کرد.
سەرۆک بارزانی، لە سەلاحەددین پێشوازی لە ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی ھەردوولا ئاڵوگۆڕ کرا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ھاکان فیدان ڕایگەیاند: ھەرێمی کوردستان بە گرنگی و بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا دەڕوانێت، کە بەرژەوەندیی ھاوبەشی ئابووری، بازرگانی و ئەمنییان پێکەوە هەیە.
لە کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزیرانی دەرەوە و وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا و دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیا کرایەوە.
بەگوتەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، وەستانی ھەناردەکردنی نەوت، زیانی بە ھەموو لایەک گەیاندووە، ھەروەھا چۆنییەتی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بەگوێرەی ئەو مافە دەستوورییانەی ھەرێمی کوردستان ھەیەتی، بتوانین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بەجۆرێک چارەی بکەین، کە لە بەرژەوەندیی ھەموو لایەکدا بێت.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: لەڕووی ئابووریشەوە قسەمان لەسەر پەرەپێدانی ئابووریی نێوان ھەردوولا کردووە کە لە بەرژەوەندیماندا بێت و بتوانین ئەو کێشە و گرفتانەی ھەن چارە بکرێن.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردەوە تورکیا گرنگییەکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەدات و بەغدا و ھەولێر گرنگییەکی تایبەتیان بۆ تورکیا ھەیە، ستایشی ئارامی و سەقامگیریی ھەولێر و ھەرێمی کوردستانی کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان و ھاریکاریی ھاوبەشی نێوان ھەردوولا لە ھەموو بوارەکاندا دەربڕی.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، ڕایگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکانی وزەدا چەندین پرۆژە جێبەجێ بکەین، ھەروەھا ئامانجمانە لەگەڵ بەرپرسانی دەستەڵاتی ھەرێمی کوردی عێراق لە نەوتەوە تا گازی سرووشتی و ھەموو بوارەکانی دیکەی وزە ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بکەین کە دەبنە ھۆی دابینکردنی پێداویستییەکانمان لە ئاسایشی وزە و ھەموو بوارەکانی دیکەی وزەدا.
پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی حکوومەت، ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری وزە و وەزیری دەرەوەی تورکیا، کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو، خاڵی ھاوبەشمان زۆرە کە پێکەوە بتوانین کۆبوونەوە و دانیشتنی لەسەر بکەین. ئەوەی وەزیری وزەی تورکیا ھاتووە بۆ ئێرە، لای ئێوە و خەڵکیش ڕوونە بۆ مەبەستی گفتوگۆکردنە لەسەر هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ جارێکی دیکە و کەوتنەوەکاری سیستەمی نەوتیی ھەرێمی کوردستان، کەواتە ھاتنی ئەوان مانای ئەوەیە نیازێکی جیددی ھەیە بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە دەست پێبکاتەوە و چیدیکە زیان بەر کەرتی وزە و بەتایبەت کەرتی نەوتی ھەرێمی کوردستان نەکەوێت، چونکە بێگومان دواکەوتنی ئەو پرۆسەیە لەوە زیاتر زیان بە کۆمپانیا نەوتییەکان و کێڵگە نەوتییەکان و شێوازی کارکردنی کێڵگە نەوتییەکان دەدات، لە کۆتاییدا زیانیشی بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت.
ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: تورکیا دراوسێیەکی گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان ھاوکات بۆ عێراقیش، لە ساڵی ١٩٩١ـەوە ئەو پەیوەندییەی نێوانیان دروستبووە بە قۆناغی جیاوازیشدا ڕۆیشتووە، بەڵام ھەمیشە ئەو پەیوەندییانەی نێوانیان بەرەو باشتر ڕۆیشتووە.
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی، گوتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تورکیا لەڕووی ئابووری، ئەمنی و سیاسی پەرە بە پەیوەندییەکانیان دەدەن، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ھاکان فیدان جەختیان لەسەر ئەو خاڵە کردەوە.
ھۆشیار سیوەیلی، دەڵێت: سەردانی وەزیرانی دەرەوە و وزەی تورکیا گرنگی پێگەی ھەرێمی کوردستان دەردەخات، ھەرێمی کوردستان خاوەن سەرچاوەیەکی باشی وزەیە وەک نەوت و گاز، تورکیا دەتوانێت سوودی لێببینێت بۆ پێویستە ئابوورییەکانی خۆی، ھەروەھا ھەرێمی کوردستان دەروازەی بازرگانییە بۆ ھەموو عێراق، لەڕێگەی دەروازەی سنووری ھەرێمی کوردستانەوە عێراق دەتوانێت بازرگانی لەگەڵ تورکیا و وڵاتان بکات.
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: سەردانی ھاکان فیدان لەڕووی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری و بازرگانییەوە گرنگن، وەک چۆن ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا گرنگە، بەو جۆرەش تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگە، پەیوەندییەکانی ھەولێر و ئەنقەرە لە ئاستێکی زۆر باشدایە، لە داھاتووشدا زیاتر بەرەوپێش دەچێت، ئێمەش وەک پێکھاتەکان ھەمیشە لەگەڵ ئەوەین پەیوەندی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان بەرەوپێش بچێت.