لە گواستنەوەی هەندێک جۆری دەرمان و مادەی هۆشبەر لە ڕێی زیارەتکارانەوە هۆشداری دەدرێ

ئەم ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری زیارەتکاری ئێرانی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن، هاتوونە. یەکێک لە گرنگترین ئەو کێشانەی پۆلیس و ئاسایشی هەر دوو دویوی سنووری بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە پرسی گواستنەوەی مادەی هۆشبەر و هەندێک جۆر دەرمانی ترە کە لە ئێران ئاسایین بەڵام لێرە بە مادەی هۆشبەر هەژمار دەکرێن.

زیاتر لە دوو هەفتەیە هاتنی زیارەتکاران دەستی پێکردووە و لە سنووری حاجی ئۆمەرانیش بڕیارە ئەمساڵ نزیکەی نیو ملیۆن زیارەتکار بێنە هەولێر و پاشان بەرەو پارێزگاکانی تری عێراق بگوازرێنەوە. گەشتی ئەوانەش لە ١٨ی مانگی ئابەوە دەستی پێکردووە و ئیدارەی کۆمەڵگەی حاجی ئۆمەران و پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران بۆ پێشوازیی لەو زیارەتکارانە ڕێکاری توندوتۆڵیان گرتووەتە بەر، ئامانجەکە ئەوەیە لە لایەک وەک میوان پێشوازییان لێ بکرێ و کارەکانیان بە خێرایی ڕاپەڕێندرێ و بە بێ کێشە بەرەو پارێزگاکانی تری عێراق بەڕێ بکرێن و لە لایەکی تر بە توندی کۆنترۆڵ بکرێن ڕێگری لە گواستنەوەی هەر جۆرە مادەیەکی قاچاخ بکرێت.
پێشبینی دەکرێ کۆی ژمارەی ئەو زیارەتکارانەی لە ئێرانەوە دێنە ژوورەوە بگاتە ملیۆنان کەس و ئەو زیارەتکارانەش خەڵکی جیاوازیان تێدایە و ژمارەیەک لەوانە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە و هەندێکیان ناچارن دەرمانەکانیان لەگەڵ خۆیان بگوازنەوە و ڕەنگە کەم نەبن ئەوانەش کە ئاڵوودەی مادەی هۆشبەرن و بۆ ڕۆژانی گەشتیان بیر لە شاردنەوەی بڕێک بکەنەوە.
جگە لەمە کێشەی سەرەکی لەوەدایە ژمارەیەک دەرمان هەن کە لە ئێران لە دەرمانخانەکان دەفرۆشرێن و بۆ چارەی نەخۆش بەکار دەهێنرێن و نەکەوتوونەتە خانەی قەدەغەکراوەکانەوەوە بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو دەرمانانە بە مادەی هۆشبەر هەژمار دەکرێن و هەر کەسێک دەرمانەکەیان پێ بگیرێت ئەوا تووشی سزای قورس دەبێتەوە.
پۆلیسی ئێرانیش لەم پرسە ئاگادارە و بۆیەش لە ڕێی میدیاکانیانەوە ڕێنوێنیی زیارەتکارانی شیعەیان کردووە لە هەڵگرتنی ئەو دەرمانانە وریا بن کە لە عێراق قەدەغە کراون.
ئیرەج کاکاوەند بەڕێوەبەری پۆلیسی ڕووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەری ئێران داوای لە زیارەتکاران کردووە بە هیچ شێوەیەک تەنانەت یەک گرامیش مادەی هۆشبەر لەگەڵ خۆیان نەبەنە عێراق چونکە بەگوتەی خۆی بەهۆیەوە زیان بە متمانەی ئێران دەگەیەنن.
هەروەها بۆ زیارەتکاران باسیان لەو ئامێرە پێشکەوتووانە کردووە کە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دانراون بۆ دۆزینەوەی مادەی هۆشبەر و ئاگاداریان کردوونەتەوە بیر لە گواستنەوەی تەنانەت یەک گرامیش مادەی هۆشبەر نەکەنەوە.
پۆلیسی ئێران هەڕەشەی لە زیارەتکاران کردووە ئەگەر لە دەروازەکان هەر جۆرە مادەیەکی هۆشبەریان لێ بگیرێت ئەوا دەست بەسەر پاسپۆرتەکەیاندا دەگیرێت و لە قۆناغی یەکەمدا بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە هەر جۆرە گەشتێکی دەرەوە بێبەش دەکرێن و لە قۆناغی دووەمیشدا سزاکە بۆ 15 ساڵ درێژ دەکرێتەوە.
پۆلیس سزاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیشیان بیر هێناوەتەوە کە هەر کەسێک مادەی هۆشبەری لێ بگیرێ جا بۆ مەبەستی بازرگانی بێت یا بۆ خۆی بەکاری بێنێت ئەوا لانی کەم ساڵێک تا سێ ساڵ دەخرێتە زیندان ئەوە وێڕای سزادانی ١٥٠٠٠٠٠٠ تا ٣٠٠٠٠٠٠ دینار سزای مادی و هەندێک جار بەندکردنەکە چەندین ساڵ درێژە دەکێشێت.
هەر بۆیەش لیستی ئەو دەرمانانەیان بڵاو کردووەتەوە کە لە ئێران ئاسایین بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە مادەی هۆشبەر هەژمار دەکرێن و داوا لە زیارەتکاران کراوە لە هەڵگرتنی ئەو دەرمانانە دوور بکەونەوە.
ژمارەیەک لەو دەرمانانە کە لێرە بە مادەی هۆشبار هەژمار دەکرێن بریتین دیازپام، فلۆرازپام، کلۆنازپام، ئێگزازپام، لۆرازپام، دیفن ئێکسیلا، شروبی تریاک، ئێستامینۆفێن کۆدێئین، مێتادۆن، ترامادۆل، ریتالین، بوپونورفین، دەرمانەکانی سەرع و شێرپەنجە کە هەڵگری برێکی زۆر مادەی هۆشبەرن.
کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە و ناچارن هەندێک دەرمان لەگەڵ خۆیان بهێنن داوایان لێ کراوە نووسراو و بەڵگەی پزیشکیش لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن بۆ ئەوەی لە کاتی هەر لێپێچینەوەیەک کێشەیان بۆ نەیەتە کایەوە.
هەروەها هەندێک جۆری دەرمانی ڕووەکی هەن کە لە ئێران خەڵک بۆ سەرئێشە و هەندێک جۆری نەخۆشیی سوودیان لێ وەردەگرن بەڵام ئەو جۆرە دەرمانانە نەناسراون و داوا لە زیارەتکاران کراوە لە هەڵگرتنی ئەو دەرمانانەش دوور بکەونەوە چونکە نەناسراون و لەوانەیە پۆلیسی دەروازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کێشەیان بۆ دروست بکەن و لەسەر دەرمانەکە داوای ڕوونکردنەوەیان لێ بکەن.
پێویستە بگوترێ لە سەرجەم دەروازەکانی هەرێی کوردستان ئامێری پێشکەوتوو بۆ ناساندنەوەی هەر جۆرە مادەیەکی هۆشبەر داندراوە و سەرەڕای ئەوەش هەندێک جارئەو گەشتیار و زیارەتکارانەی کە خۆیان ئاڵوودەی مادەی هۆشبەرن هەوڵ دەدەن ئەگەر چەند گرامێکیش بێ هەندێکی بشارنەوە و بەمەبەستی بەکاربردن لەگەڵ خۆیاندا بیگوازنەوە.
زۆر جار لە دەروازە سنوورییەکان ئەو جۆرە کەسانە ئاشکرا کراون کە لە نێو دەمیان یان لە ژێر پێڵاویان هەندێک مادەیان شاردووەتەوە و لێیان ئاشکرا بووە. ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە دۆزینەوەی ئەو جۆرە کەسانە شارەزاییەکی تایبەتی هەیە و هەموو ڕێوشوێنێکی توندی لەم بارەیەوە گرتووەتە بەر.