پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

تاران داخباره‌ له‌وه‌ی ڤاكسینی كۆرۆنای له‌كاتی گونجاودا به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌

محه‌مه‌د قوربانپور، دیپلۆماتكاری ئێرانی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی سێیه‌می كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سزا ئابوورییه‌كانی سه‌ر وڵاته‌كه‌ی به‌ نایاسایی و نامرۆیی وه‌سفكرد و گوتی: به‌هۆی ئه‌و سزایانه‌ نه‌مانتوانی له‌كاتی گونجاودا ده‌ستمان به‌ ڤاكسینی دژی كۆرۆنا بگات.

قوربانپوور گوتی: “به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك وڵات به‌شێوه‌یه‌كی گه‌مژانه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ پێداویستیی مرۆیی له‌ چوارچێوه‌ی سزاكان به‌ده‌رن” به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، “ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌مه‌ش درۆیه‌كی گه‌وره‌یه‌”.

به‌یاننامه‌كه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، “رێكاری تاكلایه‌نه‌ی سه‌پێندراوی نامرۆیی و نایاسایی رێگری له‌ ئێران كرد، ته‌نانه‌ت بۆ ده‌ستگه‌یشتن به‌ ڤاكسینی دژی كۆرۆناش، ئه‌م رێكاره‌ نایاساییه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ به‌ پشتیوانی هاوپه‌یمانه‌كانی به‌رده‌وامی پێ ده‌درێت، بوونه‌ته‌ هۆی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی داهاته‌كانی ئێران له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌مان و رێگریكردن له‌ وڵاتانی دیكه‌ له‌ بازرگانیكردنێكی شه‌رعیانه‌ له‌گه‌ڵ ئێران، به‌تایبه‌ت له‌ ئاڵوگۆڕی كاڵا و پێداویستییه‌ مرۆییه‌كان”.

به‌یاننامه‌كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی ئێران به‌ بنه‌ماكانی جاڕنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كاته‌وه‌، له‌وانه‌ش رێزگرتن له‌ مافه‌كانی مرۆڤ، ئازادییه‌ بنجینه‌ییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌و كاروباره‌ ناوخۆییانه‌ی وڵاتانی دیكه‌، كه‌ تایبه‌تن به‌ خودی ئه‌و وڵاتانه‌.

له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، “ئێران له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌، دیالۆگ و هاوكاری له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتنی ئاڵۆگۆڕكراو و لێهاتوو، تاكه‌ رێگه‌یه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی مرۆڤ و پشتیوانیكردنیان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌كارهێنانی مافه‌كانی مرۆڤ وه‌ك چه‌كێك و گرتنه‌به‌ری رێبازی پێشتبه‌ستن به‌ پێوه‌ره‌ دووفاقییه‌كان، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خزمه‌تی پێكاندنی ئامانجه‌ هاوبه‌شه‌كانمان ناكات”.

سه‌رچاوه‌: ئێرنا