سێشەممە, تشرینی دووه‌م 19, 2024

سبه‌ی كاروانێكی دیكه‌ی كۆچبه‌ران ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان

راوێژكارێك له‌ فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، سبه‌ی ئێواره‌ كاروانێكی دیكه‌ی كۆچبه‌ران له‌ بێلارووسه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌وه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر.

سه‌لیم پاشا راوێژكار له‌  فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رپه‌رشتیاری دۆسییه‌ی كۆچبه‌ران رایگه‌یاند، سبه‌ی كاروانی شه‌شه‌می كۆچبه‌رانی بێلارووس له‌ رێگەی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر لە بێلاڕووسه‌وه‌ ده‌گاتەوە هەرێمی کوردستان.

سه‌لیم پاشا راشیگه‌یاند، كاروانی ئه‌مجاره‌ نزیكه‌ی 430 كۆچبه‌ر ده‌بن، كه‌ ژماره‌یه‌ك منداڵیشیان له‌گه‌ڵدایه‌ و بڕیاره‌  سبه‌ی 2ـی دیسێمبه‌ر،   كاتژمێر 5:00ـی ئێواره‌ فڕۆكه‌كه‌ له‌ مینسكه‌وه‌ بگاته‌وه‌  هه‌ولێر.

روونیكرده‌وه‌، هه‌ندێك له‌م كۆچبه‌رانه‌ كێشه‌ی پاسپۆرتیان هه‌بووه‌، ئه‌گینا ئه‌مڕۆ ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرانه‌وه‌.

تا ئێستا به‌چه‌ند كاروانێك نزیكه‌ی 1500 كۆچبه‌ر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ هه‌ولێری پایته‌خت، كه‌ له‌ سنووری نێوان بێلارووس و پۆڵه‌ندا گیریان خواردبوو.