پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئۆقرە‌ی مرۆڤێكی ئارام لە‌ ترسە‌وە‌یە‌ یان لە‌ ھە‌قیقە‌ت تێگە‌یشتووە‌؟

گوهدار شکری ئاکرەیی

مرۆڤ بەگشتی لە یەک شتدا هاوبەشن ئەمیش ئەو جیاوازییە کە لە رەفتارە هەستیارەکانی مرۆڤدا بەدی دەکرێن، کە لەبنەرەتدا بە تایبەت مەندیەکانی مرۆڤ ناودەبرێت.جا بۆ ئەوەی کێش و بەهای راستەقینەی هەموو ئەو تایبەت مەندی یانەی مرۆڤ بزانرێت پێویستی بە یەکەی کێشکردنی هەیە، چونکە هەموو شتێک یەکەی کێش کردنی خۆی هەیە، تەنیا تاکە شتێک یەکەی کێش کردنی نیە تاوەکوو ئێستا ئەمیش ئەو تایبەت مەندی یانەی ناو عەقلی خودی مرۆڤە ! کە لە بنەرەتدا پێناسەیەکی دیاری کراوی نیە و چەندەها پێناسەی جیاجیای بۆ دەکرێ؛ کەچی گومانی تیانیە هەر شتێک هەبێ لە ژیاندا یەکەی پێوانەشی هەیە. بەڵام زۆرینەی زۆری شارەزایانی ئەم بوارە جۆرە شێوازیک بەکار دەهێنن، هەر چەندە ئەم شێوازە کێشکردنە نەبووەتە یاسایێک بۆ یەکەی پێوەر کردنی ئەقڵی مرۆڤ تا لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ بە گشتی تێبگەین، بەڵام جۆرێکە زۆر نزیکە ببێتە بە (یەکەی) کێشکردنی ئەقڵ و ئاستی مرۆڤەکان، کە لە رێگای ئەو رەفتار و بیرکردنەوە و کردارانەی دەیکا تا چەند ئارامشت و لەسەرخۆیی و تووڕەیی و هەڵچوونی پێوە دیارە، کە بەو هۆیەوە خاڵە لاوازەکانی و توانستی ئەقڵ و بڕی ئارامشتی پێ دیار بکرێ، کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهاتەکانی ژیانی ڕۆژانەی بەدیار دەکەون. جا بۆ ئەمە ئەگەر سەرنجی کەسی نائارام بدەین زۆر بە ڕوونی دیارە لە بچووکترین گرفتەکاندا، زۆر زوو جیهانبینییەکەی دەگۆڕێت و هیچ پەیوەندییەکی ئاساییی بە ژینگەی خۆیەوە نامێنێ و بۆچوونی زۆری لەلا دروست دەبێ، بێگومان هەردەم بۆچوونی زۆر هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئارامشت و ئۆقرە لەدەست بدەیت و بە دروستی کار بە ئەقڵی نەکات تاوەکو لە هەقیقەتی کێشەکە تێبگات و بۆی بەدەر دەکەوێت کەوا هەرگرفتێک ماوە و کاتی چارەسەری پێویستە، بەمەش ناتوانێ رێگا لە هەڵچوونی خۆی بگرێت تووڕەیی زاڵ ببێت بەسەر ئارامیەکەی. گومانی تیا نیە هیچ کەسێک بە ڕق و تووڕەیی ناتوانێ زاڵ بێ بەسەر ڕق و تووڕەییدا؛ بەدەگمەن شتێک بە تووڕەیی بنیات بنرێت و، ئایندەیەکی جوانی بۆ لەدایک ببێت، هەموو کاتێک بە هەلاکەت کۆتایی هاتووە. بەڵام هەرچی مرۆڤی ئارامە هەردەم ڕووبەڕووی هەقیقەت دەبێتەوە و بوار بە خۆی دەدات تاکو لە هەقیقەتی گرفتەکان تێدەگات؛ جا هەر مرۆڤێک لە هەقیقەتی گرفتێک تێگەیشت جۆرە ئارامی و دڵنیاییەک بە ڕۆحی دەگات، ئەوکاتە وزەی شاراوەت بەدەر دەکەوێ؛ بەئاگات دێنێتەوە و قبووڵی گرفتەکە بە پێویستی بزانی، لەبەر ئەوەی هەموو پێگەیشتنێک و چارەسەرێک پێویستی بە کات و ماوە هەیە بە قەد ماوەی پێگەیشتنی خۆی، دەگمەنە گرفتێک چارەسەر ببێت لە ماوەی کەمتر لە خۆی. بەڵام زەحمەت لەوەدایە هەموو مرۆڤێک ناتوانێت ماوە و کاتی پێویست بنوێنێ، کە جۆرە یەکەیەکی باوی کێشکردنی سەردەمانەی ئەقڵی مرۆڤ ناسراوە کە ئێمە ناوماندا لێ ناوە ئارامشت و ئۆقرە، ئەمەش لە ترسان نیە بەڵکو لە تێگەیشتن و فرەوانی ئەقڵی تاکەکەوەیە و چارەسەری لەلایە لە بەرهەمی بیرکردنەوە و ئەو بڕیارانەی کە لە قووڵایی هزروو بیری دایە . کەواتە ئارامی گرنگی خۆی هەیە، (تۆیێکە) بەرهەمەکەی گەورەترین نیعمەتی ژیانە چونکە رووحمان ئارام دەکاتەوە دڵنیاییمان بۆ دەڕەخسێنێ و تاکە شتێکە نرخ بە کەسایەتیمان بدات و، نرخی خۆمانی پێ ڕابگرین. کەواتە ئەو مافە بە خۆمان بدەین و هاوڕاین، ئارامشت و ئۆقرەی مرۆڤ لە تێگەیشتنی هەقیقەتە نەک لە ترسان.