سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاند، پارتی بە دەنگی خەڵك و بە پشتیوانیی خەڵك هاتووە و دەبێ ئەو متمانەیە بپارێزرێت و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
لە درێژەی سەردانەكەی بۆ دەڤەری بادینان ئەمڕۆ یەكشەممە 20ی ئابی 2023 سەرۆك بارزانی سەردانی شاری زاخۆی كرد و لەگەڵ چین و توێژەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كۆبووەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی گوتەیەكی پێشكەش كرد و خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا كە جارێكی تر دەرفەت ڕەخساوە لەگەڵ خەڵكی شەهیدپەروەری سنووری زاخۆ كۆببێتەوە. هەروەها رۆشنایی خستەسەر ئەو بەڵێنانەی كە بۆ بەجێگەیاندنی پڕۆژەكان و خزمەتگوزاریی زیاتر بە خەڵكی زاخۆ درابوو و رایگەیاند، كە بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی ئەوەم كە خزمەتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بكرێت.
سەرۆك بارزانی باسیشی لەوە كرد كە پێویستە بایەخ بە كەرتی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار بدرێت، بۆ ئەوەی زەمینەی گەشە و خوشگوزەرانیی زیاتر بۆ خەڵك فەراهەم بێت. راشیگەیاند كە ئامۆژگاریی بۆ حكومەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان ئەوە بووە كە خزمەتكاری خەڵك بن.
سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان دا و ئەوەی بە ئامادەبوان راگەیاند، کە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی یەكدەنگی و یەكڕیزیی لایەنەكان دروست ببێ بە تایبەتی لەسەر هێڵە گشتییە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان، پێویستە هیچ لایەنێك لەو هێڵ و بەرژەوەندییە گشتیانە لانەدات.
سەرۆک بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو كە پارتی بە دەنگی خەڵك و بە پشتیوانیی خەڵك هاتووە و دەبێ ئەو متمانەیە بپارێزرێت و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
پەیوەست بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، سەرۆك بارزانی كورتەیەكی مێژوویی لەو پەیوەندییانە باس كرد و ئاماژەی بەوەدا، هۆكاری سەرەكیی بوونی قەیران و ناسەقامگیری لە عێراق بۆ پشتكردن لە ئیمزا و رێككەوتنەكان و جێبەجێنەكردنی دەستوور دەگەڕێتەوە.
سەرۆك بارزانی داواشی كرد كە هاووڵاتیان لەو هەڕەشە و كۆسپانە ئاگادار بكرێنەوە، كە دێنە بەردەم خەڵكی كوردستان و جەختی لە پابەندبوون بە رۆحی نیشتیمانپەروەری و پاراستنی بەهاكان و دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان كردەوە.
لەبەشی كۆتایی كۆبوونەوەكە، دەرگای پرسیار و رەخنە و تێبینیی بۆ ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە كرایەوە و سەرۆك بارزانی وەڵام و بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ ئامادەبوان خستەڕوو.
هەر لەو سەردانەیدا بۆ شاری زاخۆ سەرۆك بارزانی سەردانی پردی (خابوور)ـی شاری (زاخۆ)ـشی كرد.