شەممە, تشرینی دووه‌م 2, 2024
Image default

ئه‌مه‌ریكا هۆشداری ده‌داته‌ ئێران

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌نتۆنی بلینكن، هۆشداری دایه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران و گوتی: كات له‌ به‌رده‌م “گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێران” بۆ رێككه‌وتنی ناووكی خه‌ریكه‌ به‌سه‌رده‌چێت.

ئێران و وڵاتانی ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی به‌ به‌شداری ئه‌ڵمانیا له‌ ته‌مموزی 2015 گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن بۆ چاره‌سه‌ری دۆسیه‌ی ناووكی كۆماری ئیسلامی.

له‌ 2018دا یه‌كلایه‌نه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ كشایه‌وه‌. له‌ به‌رامبه‌ریشدا تاران پابه‌ندییه‌كانی به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ كه‌مكرده‌وه‌.

له‌ سه‌رده‌می ئیداره‌ی بایدندا، له‌ ڤیه‌ننا پرۆسه‌ی دانووستان ده‌ستیپێكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردوو لایه‌نی ئێران و ئه‌مه‌ریكا پابه‌ند بن به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌.

دیمه‌نێكی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك له‌ برۆكسل 2015
دیمه‌نێكی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك له‌ برۆكسل 2015

به‌ گوێره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌، ئێران ده‌ستبه‌رداری پیتاندنی یۆرانیۆم به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر ده‌بێت و له‌ به‌رامبه‌ریشدا كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ گشتیی و ئه‌مه‌ریكا به‌ تایبه‌تی سزاكانی سه‌ر ئێران لاده‌به‌ن و سووته‌مه‌نی پێویستی پێ ده‌ده‌ن.

بلینكن رایگه‌یاند، تۆپه‌كه‌ له‌ گۆڕه‌پانی ئێرانییه‌كانه‌، ئه‌و كاته‌ی له‌ به‌رده‌میاندایه‌ زۆر درێژ نییه‌ و كاتی كه‌م له‌ به‌رده‌میاندا ماوه‌.

گوتیشی: ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌یه‌ به‌ ته‌واوی پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كه‌ ببێت، ئه‌گه‌ر ئێرانییه‌كان وا ده‌رده‌كه‌وێت، هێشتا ئاماده‌ نین بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ رێككه‌وتنه‌كه‌.

تا ئێستا له‌ ڤیه‌ننا شه‌ش خول پرۆسه‌ی دانووستان به‌ سه‌رپه‌رشتی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ڕێوه‌چووه‌.

هه‌روه‌ها دانووستانی ره‌سمی له‌ نێوان ئێران له‌ لایه‌ك و هه‌ریه‌ك له‌ رووسیا، چین، به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ كراوه‌. ئه‌مه‌ریكاش به‌ شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر مێزی دانووستانه‌كان بووه‌.

كۆماری ئیسلامی ئێران ره‌تیده‌كاته‌وه‌ بچێته‌ سه‌ر مێزی دانووستان له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی بایدندا، ئه‌گه‌ر پێشوه‌خته‌ ئیداره‌ی بایدن ته‌واو سزاكانی سه‌ر ئێران هه‌ڵنه‌گرێت.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووی ئێران و رێكخه‌ری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا، له‌ برۆكسل، 2015
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووی ئێران و رێكخه‌ری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا، له‌ برۆكسل، 2015

ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان مامه‌ڵه‌ بكات و ده‌ڵێت ئه‌وان هه‌ر هه‌نگاوێك بێنه‌ پێش ئێمه‌ش هه‌نگاوێك به‌ره‌و روویان ده‌نێین.

له‌ مانگی ئابی رابردووه‌وه‌ پرۆسه‌ی دانووستانه‌كانی ڤیه‌ننا په‌كیان كه‌وتووه‌، به‌و پێیه‌ی له‌ ئێران پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو و كابینه‌یه‌كی نوێی حكومه‌ت به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئیبراهیم ره‌ئیسی پێكهێنرا.

سه‌رچاوه‌: فرانس پرێس