سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زیادبوونی کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان لە کوردستان وای کردووە کە بزاوتی ئابووری و جووڵەی بازاڕەکانی کوردستان گەشە بە خۆیەوە ببینێت، ئەوەش وای کردووە کە هەرێمی کوردستان ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی بەرووی وڵاتانی جیهاندا. دەشڵێ، ئەو کۆمپانیانە هەلی کاریان بۆ هەزاران کەس رەخساندووە.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان، بە “هەولێر”ـی گوت:” تا دێت ژمارەی کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان لە کوردستان ڕوو لە زیادبوون دەکەن، ئێستا زیاتر لە 25 هەزار کۆمپانیای ناوخۆیی لەگەڵ زیاتر لە 3 هەزار کۆمپانیای بیانی لە هەرێمی کوردستان هەن، ئەو کۆمپانیانە لە هەموو بوارە جیاجیاکاندا کار دەکەن، ئەوەش وای کردووە کە هەلی کار بۆ هەزاران کەس بڕەخسێت.
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد:”بە گەشبینیەوە دەڕوانینە بارودۆخەکە، هاوردە و هەناردە لەچاو ساڵانی رابردوو زۆر زیادی کردووە، دەرفەتێکی باش دروست بووە کە بتوانرێت لە هەرێمی کوردستان ئالوگۆری بازرگانی بکرێت، هەتا لە هەرێمی کوردستانەوە کاڵا هەناردەی شارەکانی دیکەی عێراق دەکرێت، هەر بۆیە ئالوگۆڕی بازرگانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، هەتا لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشی دروست کردووە و، رۆژبەرۆژیش ئەو پەیوەندیانە روو لە فراوانبوونن، ئۆمێد هەیە لە داهاتوودا جموجۆلی بازرگانی زیاتر ببێت و هەرێمی کوردستان ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی، بەرووی وڵاتانی جیهاندا.