چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

حیكمە‌تی”كوردستان یان نە‌مان”

ھاودەنگ فارووق

لە‌ یادی٧٧ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیماندا، دیسان بە دەنگی دلێر و بڵندەوە دەیڵێینەوە “كوردســـتان یان نەمان” حیكمەتی ئەم دەســـتەواژە پڕماناو پیرۆزە لە یادگـــەی پارتی و بارزانیدا هەر زیندووە و هەر بە زیندوویش بۆ ئێســـتا و ئایندەی كوردستان دەمێنێتەوە.

ئـــەم دروشـــمە لە دوێنێ خەباتی پارتی و لە ئێســـتا و ئاینـــدەی پارتیدا زۆر مانا هەڵدەگرێ، سەركردایەتی پارتی لە سەردەمێکدا دروشمی: ” كوردستان یان نەمان” ی بەرز كردەوە، کە گەلی كوردستان لە سەختترین قۆناغەكانی نێوان مەرگ و ژیاندا بووە، لە بن ڕەحمەتی ئاگر و ئاســـن و بۆمبارانی دڕندەترین هێڕشـــی داگیركەراندا بوو، هەڕەشەی سڕینەوە و جینۆسایدی نەتەوەیی لەسەر بووە، كۆمەڵكوژ كراوە لەو ســـاتە مێژووییە گرنگ و چارەنوسسازەدا، كوردســـتان یان نەمان ئەو دروشمە كاریگەرە بوو، بۆ فریادڕەســـی مانەوەی میللەتێك و گیانفیدایی هەزاران ڕۆڵەی ئەم میللەتە بەرز كرایەوە، لە سێبەری خەبات و ڕێبەرایەتی بارزانیی نەمرو تێكۆشەرانی ڕێبازی پارتی و بارزانی بۆ كوردستان، ڕێگای بە گژدا چوونەوی مەرگیان هەڵبژارد. ڕاســـتییەکەی، ئـــەوەی ئەمـــڕۆ وەدی هاتووە و هەیە لە ئەنجامی ئەو دروشـــمە لە خۆبوردوو خۆنەویستەی ئەو تێكۆشـــەرو قارەمانانەی كوردایەتی و پارتایەتی بووە كە زۆرینەیان بوونە قوربانی و ژیانی خۆیان بە كوردســـتان بەخشی. بەشێكیش لەو تێكۆشەرانە ئێســـتەش لە ژیاندان و سەركردایەتی و ڕێنوێنیمان دەكەن و دەرسی” كوردستان یان نەمان” مان پێدەڵێنەوە. بۆ ئەوەی كاروانی خەبات و ئاڵای کوردستان هەر بە بڵندی بشەكێتەوە.

ئێســـتا كە كورد خاوەنی قەوارەی سیاســـی وحكوومەت و خاكی ئازادی خۆیەتی، بەرهەمی خەباتی ســـایەی ئەو دروشمە مەزنەیە كە چەندین نەوەی لەسەر پەروەردە كراوە و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بۆ ئێمە، هەر كوردستان یان نەمانە.