هانا محەمەد ناوبژیوانی کورد لە خولی پلەیەکی سوید لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی هەولێر دا: ئەمساڵ بە دەنگی ناوبژیوانانی تر پلەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١م بەدەست هێنا لەو ناوچەی کە تیایدا دەژیم

هانا محەمەد ناوبژیوانێکی کوردی دانیشتووی وڵاتی سویدە، ماوەی ١٢ ساڵە کاری ناوبژیوانی دەکات، دوای بڕینی قۆناغەکانی ناوبژیوانی ئێستە ئەو ناوبژیوانی لە ئاستی پلەیەکی ئەو وڵاتەیە، لەماوەیەکی کەمدا پاڵێوراوە بۆ ئەوەی ببێتە ناوبژیوانی نایابی سوید کە بەرزترین پلەی ناوبژیوانیە، لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی هەولێردا باس لەکاری ناوبژیوانی لە وڵاتی سوید دەکات و هەنگاوەکانی بوون بە ناوبژیوان دەخاتە ڕوو.

کەی دەستی پێکردووە؟
دەربارەی کاری ناوبژیوانی و دەسپێکی کارەکەی، ئەو ناوبژیوانە کوردە گووتی: ماوەی ١٨ ساڵە لە وڵاتی سوید نیشتەجێم جگە لەکاری ناوبژیوانی کاری دەلاکیش دەکەم، لەساڵێ ٢٠١٠ وە دەستمکردووە بەکاری ناوبژیوانی، لەسەرەتادا لەپلە شەش دەستمپێکرد کە یەکەم کاری ناوبژیوانیە کە لە وڵاتی سوید دەستی پێدەکەی، ئەمە ١٢ ساڵە کە ناوبژیوانی دەکەم و ئێستە لە پلەیەکی ناوبژیوانیم وەک ناوبیژوانی لاکان (لایمەن) وەک ناوبژیوانی ناوەڕاستیش لە پلەی سێ کار دەکەم.

یەکێک بووە لە باشترین ١٢ ناوبژیوانی سوید
هانا باسی ئەوەیشی کرد کە ئەوە هەڵبژاردەی خۆیەتی کە بۆتە ناوبژیوانی لاکان (لایمەن) چونکە بەبۆچوونی ئەو وەکو لایمەن دەرفەتی زیاترە بۆ ئەوەی بگاتە پلەیەکی باشتر، بەهۆی بەرزی ئاستیشیەوە، لە هەموو وڵاتی سوید ساڵی ڕابردوو ١٢ ناوبژیوان هەڵبژێردراون کە هانا یەکێک بوو لەوانە، ئەم ساڵ بۆ بەرزکردنەوەی پلەکەیان بۆ ئاستی سوپەر ئەتە کە بەرزترین ئاستی ناوبژیوانیە لە وڵاتی سوید، ئەو ١٢ ناوبژیوانە زیاتر چاودێری دەکرێن و کار لەسەر بەرەوپێشبردنی ئاستیان دەکرێت و بۆ ئەوەی ببن بە ناوبژیوانی ئاستی سوپەر ئەتە.

پاڵێوراوە بۆ ئاستێکی بەرزتر
خۆشویستنی بۆ کاری ناوبژیوانی ئەو ناوبژیوانە کوردەی زیاتر ناساندووە و هەردەم لە ناوبژیوانە باشەکانی سوید ناوی دەهێندرێت، مانگی داهاتوو پاڵێوراوە کە بگاتە ئاستێکی بەرزتر، لەو بارەیەوە هانا گووتی: لەدوای چاودێریکردنم لەبەڕێوەبردنی یارییەکانی ئەم وەرزە، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانم لەبەرزترین ئاست دابووە، ئەمەیش وایکرد کە ببم بە یەکێک لەو ٨ ناوبژیوانەی کە مانگی داهاتوو لە شاری یوتۆبوری بەشداری خولێک بکەین بە ناوی (ئیسکەندەنافیان مستەرس کەپ) لەماوەی چەند ڕۆژێک یارییەکان بەڕێوەدەبین و چاودێریمان دەکەن، لەو ٨ ناوبژیوانەی لاکان لایمەن چوارمان هەڵدەبژێرن بۆ بەرزترین ئاستی ناوبژیوانی لە وڵاتی سوید کە ئەمە بەرزترین پلەی ناوبژیوانیە پێی دەڵێن هەنگاوی پێنجەم.

پلەی یەکەمی وەرگرت
هانا ئەمساڵ پلەی یەکەمی هەموو ئەو ناوبژیوانانەی وەرگرت کە لە ناوچەی ئەو ناوبژیوانی دەکەن، لەمبارەیەوە گووتی: ساڵانە سێ ناوبژیوان بە دەنگی ناوبژیوانەکانی تر هەڵدەبژێردرێن، بۆ ئەوەی کە دەنگ بدەن بۆ ئەوەی کە کامە ناوبژیوان لەوانی تر باشترە، بۆ ئەم مەبەستە سەیری ئەو ڕاپۆرتانە دەکرێت کە ناوبژیوانەکە لە یارییەکاندا هەڵسەنگاندی بۆ کراوە و نمرەی بۆ داندراوە، بەپێی ئەو ئاستە ئەمساڵ من بە دەنگی ناوبژیوانانی تر پلەیە یەکەمی ساڵی ٢٠٢١هەموو ئەو ناوبژیوانانەم بەدەستهێنا کە لەناوچەکەی من ناوبژیوانی دەکەن.

قۆناغەکانی ناوبژیوانی لە سوید
بۆ ئەوەی هەر کەسێک دەستبەکاری ناوبژیوانی بکات لە وڵاتی سوید پێویستە چەند هەنگاوێک بنێت، ئەو ناوبژیوانە بەمجۆرە باسی کرد و گووتی: بەپێی ئەو ناوچەیەی تیایدا دەژی پلەی دەسپێکی کاری ناوبژیوانیت دیاریدەکرێت، هەندێک ناوچەی سوید لە پلەی هەشتەوە دەسپێدەکات، بەڵام ئەو ناوچەیەی من تیای دەژیم لە پلە شەشەوە دەسپێدەکات، یەکمجار خولێکت بۆ دەکەنەوە، پەرتوکی یاساکانی تۆپی پێت دەدەنێ دەبێت بیخوێنیتەوە، زانیارییەکان بەپێی پێویست وەربگریت، ئینجا لە ساڵی دووەمەوە تێست و تاقیکردنەوەت بۆ ئەنجامدەدرێت، تاقیکردنەوەی جەستەیت بۆ ئەنجام دەدرێت، پرسیار و وەڵامی قانونەکانی تۆپیپێشت لێدەکرێت، کە بریتیە لە ١٣ پرسیار پێویستە ١١ پرسیار بزانیت، ئەگینا دەرناچیت و مافی بەڕێوەبردنی یارییەکانت لێوەردەگیرێتەوە، تاقیکردنەوەی جەستەیش لەساڵێکدا ٢ جار ئەنجام دەدرێت.

کاری ناوبژیوانی لێرە سەختە
هانا مەحەمەد هێمای بۆ کاری ناوبژیوانی کرد کە چەند چاودێری دەکرێن تاوەکو بگەنە بەرزترین ئاست لەو بارەیەوە گووتی: ساڵانە کە ناوبژیوانی دەکەیت زۆر بەچڕی چاودێری دەکرێت، هەموو یارییەک یان دوو یاری جارێک دێن سەیری کارەکەت دەکەن، هەر ٩٠ خولەکەکەت بۆ دەنوسنەوە
هەرچی ڕویداوە لە یارییەکە پێت دەڵێن، لایەنە باش و خراپەکانت بۆ دیاریدەکەن، ئەگەر هەڵەکانت بۆ یارییەکانی داهاتوو چاک نەکەی زۆر لەسەرت دەکەوێم بۆیە کارەکە سەختە تۆ دەبێت بەبەردەوامی کار لەسەر پێشخستنی خۆت بکەی.

بۆچوونی جیاوازی هەیە
لەکۆتایی دیمانەکەی ڕۆژنامەی هەولێردا ناوبژیوانە کوردەکە گووتی: بەبۆچوونی من لەهەموو دونیا هەر کارێک یان ناوبژیوانی بێت، بۆ ئەوەی سەرکەوتووبیت و بگەیت بە ئامانج دەبێت کاتی بۆ تەرخان بکەیت، دەبێت لە زۆر شتی تر خۆش بیت بۆ ئەوەی بگەی بەو ئامانجەی کە مەبەستتە، لەخوا بەزیاد بێت من لە دواین پلەدام و هەنگاو بۆ دواین پلە دەنێم.

ھەواڵی زیاتر