كونسولخانەی ئەمەریكا و بەریتانیا لە هەولێر لە دوو تویتی جیاوازدا دەستخۆشی و پاڵپشتی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی دەردەبڕن.
خاتوو رۆزی كەیڤ، كونسولی بەریتانیا لە تویتەكەیدا دەستخۆشی لە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دەكات بۆ ڕاگەیاندنی وادەی هەڵبژاردنەكان و پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ پرۆسەكە ڕادەگەیەنێت. كونسولی بەریتانیا دەڵێت:
پێشوازی لە ڕاگەیاندنەكەی نێچیرڤان بارزانی دەكەین كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ بەڕێوە دەچێت. بەریتانیا بەردەوام داوای كردووە هەڵبژاردنەكان بە شێوەیەكی ئازاد و دادپەروەرانە و گشتگیر بەبێ دواكەوتنی زیاتر ئەنجام بدرێن. هانی هەموو لایەنەكان دەدەین كە بە شێوەیەكی بنیاتنەر بەشداری بكەن و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش دڵنیایی بدەن لەوەی لە كاتی خۆیدا هەڵبژاردنەكان بەڕێوە دەچن. ئەمەش دەرفەتێكی گرنگە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستانی عێراق بۆ تێكەڵبوون بە پرۆسەی دیموكراسی و بەرجەستەكردن و بەكارهێنانی مافی دەنگدانیان.
هاوكات، كونسولخانەی ئەمەریكا دەستخۆشی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ داكۆكیكردنی لە ئێزیدییەكان. كونسولخانەی ئەمەریكا لە تویتەكەیدا هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێم لەمبارەیەوە بەرز ڕادەگرێت و دەڵێت:
سوپاس نێچیرڤان بارزانی بۆ پاڵپشتیی گەلی ئێزدی و سەرکردایەتیت لە داکۆکیكردن لە دادپەروەری و لێپرسینەوە بۆ ڕزگاربووانی ئێزدی. ئێزدییەکان بەشێکی گرنگی پەیکەری هەمەچەشنی هەرێمی کوردستانی عێراقن. لێبوردەیی و ڕێزی هاوبەش دەبێتە هۆی هەرێمی کوردستانێکی ئارامتر، ئاوەدانتر و كۆكەرەوەتر.