فراکسیۆنی پارتی: بە مافی خۆمانی دەزانین داوای یاسایی لەسەر گوته‌بێژی قوباد تاڵه‌بانی تۆمار بکەین

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی روونکردنەوەیەکی لەبارەی قسەکانی سەمیر هەورامی، کە بەخۆی دەڵێت: “قسەکەری جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم”، بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 30/11/2021، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: “هەڤاڵێکی پەرلەمانتارمان وەک ئەرکی پەرلەمانی و لە چوارچێوه‌ی بەدواداچوونی ورد دا کۆمەڵێک داتای بڵاوکردوونەتەوە لەبارەی داهاتی پارێزگای سلێمانی، لەبەرانبەردا کەسێک بەناوی سەمیر هەورامی کە بەخۆی دەڵێت: “قسەکەری جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم”، نووسینێکی بڵاوکردووەو لەبری ڕەتکردنەوە بە داتاو بەڵگە، تەشیهیرو زمانێکی کوالێتی نزمی بەکارهێناوە، بۆیە فراکسیۆنی پارتی وێرای رەتکردنەوەی سەرلەبەری قسەکانی ئەم قسەکەرەی جێگری سەرۆكی حکوومەت، بە مافی خۆی دەزانێت داوای یاسایی لەسەر ناوبراو تۆماربکات”.

ئاماژەی بەوەش داوە: “هەمیشە داوامان لەهەڤاڵانمان کردووە بە بەڵگەو داتا زانیارییەکان بخەنە بەرچاوی خەڵکی کوردستان و ئاستی نزم و زمانی نزم ئەو کەلتوورە نییە کە ئێمەی پێ بناسرێتەوە، لەکاتێکدا سەرنج لەو کەس و بەناو پەرلەمانتارانە بدەیت بە ھەڵچوونەوە وەڵامی قسەکانی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتییان داوەتەوە، جگە لەوەی نەیانتوانیوە بەڵگەو زانیاریی و بەدواداچوونەکانی ئەو ڕەتبکەنەوە، لەهەمانکاتدا دیسان بەخوێندنەوەی وەڵامە لاوازەکانیان سەنگ و ئاستی خۆیان نیشانی هەموو لایەک دایەوە”.

ئەم روونکردنەوەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دوای ئەوە دێت کە هێڤیدار ئەحمەد ئاشکرایکردبوو داهاتی سلێمانی دەدزرێت و نە پڕۆژەی پێ ئەنجام دەدرێت و نە دەدرێتە مووچە و نە دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی حکوومەت لەبەرامبەردا ژماره‌یه‌ك لە په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی و گوته‌بێژی قوباد تاڵه‌بانی وه‌ڵامیان دابوویه‌وه‌.

ھەواڵی زیاتر