ئەسرین عاسی شوانی
هەر کۆمەڵگەیەکی شارستانی و ڕێکخراو، لە هەر شوێن و ناوچەیەکدا بێت ، بێگومان ڕێچکەیەکی هەیە بۆ گرێدانی ئەو کۆمەڵگەیە و ڕێکخستنی پایە بە پایەی ئەندامان و گروپەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بە پێی یاسا، کە سەرجەم چین و توێژەکان دەگرێتەوە و بە پێی بەند و خاڵ و ڕێنماییەکانی یاسا و دەستووری ئەو ناوچە و وڵاتە. دیارە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر، جۆری یاسا جیاوازیی هەیە و یاسا بە گوێرەی سیستەمی ئەو وڵات و فەرهەنگی ئەو ناوچە و کۆمەڵگەیە دادەنرێت؛ واتا لە کاتی دانانی یاسا و دەستووری هەر وڵاتێک ڕەچاوی داب و نەرێت و فەرهەنگی دانیشتووانی کۆمەڵگەکە دەکرێت و کاری پێ دەکرێت. بۆیە هەرگیز یاسای ئەوروپایی و جیهانی پێشکەوتووی ئەسکەندنافیا ناگونجێت لە گەڵ خەڵکی خۆرهەڵاتی ناوین و ئاسیای ناوەڕاست، لەبەر ئەوەی جۆری بیرکردنەوە و فەرهەنگ و ئاستی زانیاری ئەو ناوەندانە جیاوازییەکی زۆری هەیە لە ڕووی ئاینی و فیکری و فەلسەفی و ئاستی تێگەیشتن.. ئەتوانین بڵێین لە ڕووی ئابوریشەوە. کەواتە یاسا بۆ هەر کۆمەڵگەیەک و هەر گەل و وڵاتێک دادەنرێت بە پێی ئاستی تێگەیشتنی کۆمەڵەکەی. دەبێت ڕەچاوی باری فەرهەنگی و ئابوری و ئاینی و ئاستی تێگەیشتن و ڕادەی ڕۆشنبیری ئەو گەلە بکرێت کە یاسای بۆ دادەڕێژی و یاسای بەسەردا دەسەپێنیت، لە بەر ئەوەی ئەوە دەستوور و یاسایە ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە ڕێک دەخات و بەهۆیەوە کەس دەست بۆ مافی کەس نابات و سنووری کەسی تر نابەزێندرێت. هەر کەسێک لەو هێڵە دەربچێت و بە پێی یاسا سنووری ئازادی کەسێکی بەزاند بە پێی یاسا مامەڵەی لە گەڵدا دەکرێت، کەواتە یاسا هەموو ئەو گیروگرفتانە ڕێک دەخات کە لە ژیانی ڕۆژانە و بە پێی بەرکەوتنمان ڕووبەڕوومان دەبنەوە. بۆیە دەبینین کۆمەڵگەی کوردیش لە هەرێمی کوردستان کە خاوەنی پەرلەمان و حکوومەتی خۆیەتی پێویستی بە یاسا و دەستووری خۆی هەیە، ڕاستە ئێمە وەک دەستوور سەر بە عێراق و حکوومەتی فیدراڵین، بەڵام وەک گەلێکی جیاواز خاوەن فەرهەنگ و دابونەرێت و زمان و خاک و …..هتد. پێویستمان بە یاسا و دەستووری خۆمان هەیە و نابێت هەر پشت بە یاسا و دەستووری عێراق ببەستین کە دوو بیرکردنەوەی جیاواز و دوو فەرهەنگ و چەندین شتی ناکۆکمان هەیە کە جیاوازیش لە جێبەجێکردنی یاسادا بەرهەم دەهێنێت. بۆیە هەرێمی کوردستان دەبێت لەسەر ڕاستی هەرێمی و فەرهەنگ و زمان و ئابوری و عورف و عاداتی کوردەواری ببێتە خاوەن دەستووری خۆی و لەسەر ڕاستی کۆمەڵگای کوردەواری یاسا دابڕێژێت و تاکی کوردی بە یاسای هەرێمی کوردستان ڕێک بخات، چونکە لەگەڵ عێراق و حکوومەتەکەی جیاوازیەکی زۆر هەیە بۆشاییەک لە جۆری یاسا لەو نێوەندەدا بەدی دەکرێت.