لەیلا بەرزنجی
پاداشت و سزا پێویست و زەروورەتێکە دەبێت بەکار بهێنرێ لە هەر تەمەنێکدا بێت بە گوێرەی بکەرەکە و کارەکەی کە دەیکات دەگۆڕدرێ.
لێرەدا باس لە پاداشکردن منداڵ دەکەین لەناو خێزاندا، کە چۆن جێبەجێ بکرێ و، هەوڵی لەگەڵ بدرێ؛ لە چ کاتێک پێویستە منداڵ پاداشت بکرێ و، لەبەر چ کارێ کە کردوویەتی؛ ئایا هەموو کارێکی منداڵ، دەبێت پاداشت بکرێ، یاخود نا؟ منداڵ لە بەرامبەر ئەو ئەرکەی دەبێ بیکات لە ژیانی ڕۆژانەیدا، وەک کۆکردنەوەی ژووری تایبەتی خۆی، ڕێکخستنی کەلوپەلەکانی، خەوتن و، دانیشتن و، گوێڕایەڵ بێ بۆ دایک و باوکی، دەبێت دەستخۆشی لێ بکرێ و، هان بدرێ بە گفتوگۆی شیرین و، بەرز بنرخێنرێ لەناو خێزاندا.
لێرەدا هیچ پێویست ناکات منداڵ پاداشت بکرێ چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی بەردەوام چاوەڕێی پاداشت بکات بۆ تەواوی ئەو ئەرکانەی کە لەسەر شانیەتی و، بەردەوام ناڕازی دەبێت لە چواردەوری و ئەگەرهاتو پاداشتیان نەکرد یاخود بە گوێرەی ویست و داواکاریەکانی نەبوو، لە هەمان کاتیشدا کارەکەی بە جۆرێکی تر و بە دیوێکی تردا دەڕوات کە هەمیشە چاوەڕێی پاداشت دەبێت، ئەگەرنا ئەرکەکەی جێبەجێ ناکات و، ئەگەر بیشیکات وەک پێویست نابێت. نووسەر د. کەریم شەریف دەڵێت: (منداڵ کە پۆشاک و جلوبەرگەکانی خۆی لەبەر کرد یاخود نانی خوارد یاخود ئەرک و چالاکی قوتابخانەی ئەنجام دا، نابێ پاداشت بکرێ، چونکە منداڵانی هاوتەمەنیش ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکەن و، خۆشەویستی خێزان و بەختەوەری بە ئەرک و مافەوە بەندە، نەک بەرتیل و پارە و، دیاری و دەمچەورکردن، لە لایەکی تریشەوە ئەوە کوڕ و کچی ئەو دایک و باوکەیە و کرێکار نین تا لە دوای هەرکارێک ڕۆژانەیان بدرێتێ و، ئەگەر پارە وەرنەگرن ئەوە هیچ کارێک نەکەن.) منداڵ دەبێت ڕۆژانە ئەرکێکی پێ بسپێردری هەتا توانای بەرپرسیارێتی بۆ دروست ببێت و، هەست بە بوون و پێگەی خۆی بکات لەناو خێزاندا، چونکە ئەم ئەرکە وا دەکات بەخۆداپەرمیان و باوەڕبەخۆبوون لە منداڵدا چەکەرە بکات بۆ نموونە: ئەرکی کوژاندنەوەی گڵۆپی زیادەی ماڵەوەی پێ بسپێرە ئەگەر تەمەنی گەیشتووەتە 5 تا 7 ساڵان؛ بە ئەندازیاری کارەبا ناوی بهێنە؛ ئەمە وا دەکات منداڵەکە شایانی ئەو ناوە بێت، بەردەوام بە دوای ئەرکەکەی دەبێت کەمتەرخەمی ناکات چونکە نایەوێت ناوەکەی لێ بستێنرێتەوە؛ لە هەمان کاتدا، باس لە سوودەکانی بەفیڕۆنەدانی کارەبای بۆ بکرێ لەگەڵ زیانەکانی بەفیڕۆدانی، تا کارەکەی خۆی لا گەورە بێت و بەمەش خۆی لا گەورە دەبێت؛ لە بەرامبەریشدا دەستخۆشی لە منداڵ بکە بۆ هەرکارێکی باش کە دەیەوێ بیکات.
منداڵ دەبێت ڕابهێنرێ لەسەر ئەوەی چ کاتێک پاداشت دەکرێ، کاتێ کارێک دەکات کە بۆ ئەو نیە و، لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئەو کارە دەدکات کە هی تەمەنی ئەو نیە بەڵام باوەڕ و متمانەی بە کەسایەتی و تواناکانی خۆیەتی و، کۆڵ نادات هەتا سەر دەکەوێت لەو کارەدا؛ لێرەدا پێویستە لە کات و شوێنی تایبەتی خۆیدا پاداشت بەکار بێت، بەقەدەر کارەکەی بێت، نابێت لە کارەکەی زیاتر بێت، چونکە منداڵ وای لێ دێت بەردەوام لە چاوەڕوانیدا دەبێت، بە پاداشتی کەم ڕازی نابێت، بەردەوام خەڵات و پاداشتی گەورەی دەوێت.
تێبینی/ بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە کتێبی سایکۆلۆژیا و پەروەردەی منداڵ (د. کەریم شەریف قەرەچەتانی) وەرگرتووە.