سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە هەولێر زەوی بۆ 38 خاوەن پڕۆژە دابین کرا

پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە داوە کە دوای خستنەڕووی داواکاری ئەو خاوەن پڕۆژانەی کە داوای زەویان کردووە بۆ دروستکرنی کارگە، لە کۆی (45) پڕۆژە، (38) پڕۆژەى پیشەسازى قورس و مامناوەند زەویان بۆ تەرخان کرا.

ئەمڕۆ دووشەممە 31ـی 07ـی 2023 بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستى پەرەپێدانى زیاتر بە پڕۆژە پیشەسازییەکان و زیادکردنى دەستى کار و ڕێژەى بەرهەمى خۆماڵى و هاندانى کەرتى تایبەت بۆ سەرمایەگوزارى لە هەولێری پایتەخت، بە ئامادەبوونى هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و سەرجەم ئەندامانى لیژنە، کۆبوونەوەى لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان به‌رێوه‌چوو.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر سەبارەت بە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا، دواى خستنەڕوو و پێداچوونەوە بە بڕیار و ڕاسپاردەکانى کۆبوونەوەى پێشوو، پەرەپێدان و بووژاندنەوەى کەرتى پیشەسازی و کار و بەرهەم و ئامانج و مەبەستی پڕۆژە پیشەسازییەکان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر خرایەڕوو و گفتوگۆ لە بارەی یەکلاکردنەوەی کێشە و گرفتی چەندین پڕۆژەی جیاجیا کرا.

ڕاشیگەیاند: دوای خستنەڕووی داواکاری ئەو خاوەن پڕۆژانەی کە داوای زەویان کردووە بۆ دروستکرنی کارگە، لە کۆی (45) پڕۆژە، (38) پڕۆژەى پیشەسازى قورس و مامناوەند بەڕووبەرى جیاجیا زەویان بۆ تەرخانکرا و (7) پڕۆژە دواخرا.

جێی باسە، لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری کردنی پڕۆژە پیشەسازییەکان بە سەرۆکایەتیى پارێزگارى هەولێر، بەمەبەستى پەرەپێدان بە پڕۆژە پیشەسازییەکان و زیادکردنى دەستى کار و ڕێژەى بەرهەمى خۆماڵى و هاندانى کەرتى تایبەت بۆ سەرمایە گوزارى لە هەولێرى پایتەخت بە ڕووبەرى فراوان زەوی بۆ چەندین کارگەی پیشەسازی قورس و مامناوەند تەرخان کردووە، کە لەداهاتوویەکى نزیکدا سوودی زۆریان دەبێت بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و زیادکردنى دەرفەتى کار بۆ لاوان و گەنجانى هەولێرى پایتەخت.