هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

لێكترازان بە‌رە‌و كوێماندە‌بات؟

پ.د.نەزاکەت حسێن

لە ساڵی ٢٠١٠ لە کاتی هەڵمەتی بانگەشەی پارتە سیاسییەکانی بەریتانیا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەیان گفتوگۆیەکی تەلەفزیۆنی نێوان ‘دەیڤید کامیرۆن’ و ‘گۆردن براون ساز کرا، ‘دەیڤید کامیرۆن’ ڕەخنەی توندی لە سیاسەتی پیادەکراوی بەریتانیا بۆ پاشکۆیی ئەمریکا گرت و وتی ‘بۆ دەبێت ئێمە هەر لەو سایدەوە بڕۆین کە ئەمریکا دەڕوات،ئەی شەقامەکە سایدی تری نییە؟’ . ‘گۆردن براون’ی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی بەریتانیا وەڵامی دایەوە: هەرکات بەهێزتربووین لە قەرزەکان،بەهێزتر بووین لە گەرمبوونی ژینگە، بەهێزتر بووین لە تیرۆریزم، ئەوکاتە دەچینە سایدەکەی ئەولاوە و بەدوای ئەمریکا وە نابین. ئەم وتەیە ئەوەمان پێ دەڵێت کە لە پێناو مەترسییەکان و زاڵبوون بە سەر ئەومەترسییانەی کە بە تەنها ناتوانین ڕووبەڕوویان ببیتەوە دەبێت هەندێک هاوبەشی قەبوڵ بکەین و چاوپۆشیی لەیەک بکەین. گەشەی ئەم هەرێمە و ئەو وەرچەرخانە ئابوری ودابینکردنە ئاسایش و توانا دیبلۆماسی و پەیوەندیە بەهێز و بەشداریە باڵاییەی لەسەر ئاستی جیهان و ناوەندە سیاسی و کۆنفرانسە جیهانییەکان پێی گەیشتوە،ئەو ڕێکەوتن و گرێبەستە ئابورییانەی لە ماوەیەکی کەمی حوکمڕانی بەدەستی هێنان، بە بەراورد بە ناوچەکە و وڵاتانی دەوروبەر. هۆی چاوتێبڕینی ناحەزان و دانانی ئەجێندای جۆراوجۆر و دەست تێوەردان بوو، کە زۆربەیان ئامانجیان لێکترازان وبۆشایی دروست کردنی نێوان لایەنەکان و ئیفلیجکردنی دام و دەزگا تەشریعی و تەنفیزی وبەڕێوەبردنەکان بوو. جگە لەو مەترسیە کە لە سەر توانا مرۆییەکان و ژێرخانی مرۆیی دانیشتوانی ئەم هەرێمە هەیە، کە چەندین بیر و ئایدیا و ڕێکخراوی نامۆ بەناسنامە و فەرهەنگی ئەم نەتەوە هاتونەتە ناوەوە و بنکۆڵی توانا مرۆیەکان دەکەن، بە ئەجندای جۆرا و جۆری دەعمی دەرەکی خەریکی تەجنید کردن و کاریگەری سەر ئەندێشە و فیکری تاکەکان و بە ئامانجی سڕینەوەی ئینتیمای نیشتمانی و ناسنامەی نەتەوەیی و تێکدانی شیرازە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دەروونی و پێکەوەژیان،کە یەکتر قەبوڵ نەکەین و خەریکی یەکتر ڕەتکردنەوەو تەکفیرکردن و سەرقاڵبوون بین بەوەی کامە دین باشە و کامە ڕەوتی ئاینی باشە و کێ ڕاستە و کێ هەڵەیە. ئەوە جگە لەوەی کە لە ناوخۆی خۆماندا بەئاشکرا پارت و لایەن هەیە کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم هەرێمە دەکات بەئاگا بێت یان بێئاگا . مەترسیی داعش و سەربەخۆیی ئابوری و شایستە داراییەکان و مانەوەت وەک کیان وقەوارە هەموو ئاڵنگاری بۆ دروست دەکرێت.ئەوە لە ڕاگەیاندن و سۆشیالمیدیا کە گەڕێین کە بەردەوام ئازاری سایکۆلۆجی تاکی ئەم کۆمەڵگەیە دەدات و ئەویش چەندین ئەجندای جۆراوجۆری دژە نانسنامەی ئەم نەتەوەی تێدا پیادە دەکرێت. بۆیە لەم کاتەدا سەرقاڵ بوون بەیەکترەوە و شپرزیی ماڵی کورد و دابڕان و لێکترازان هۆکار دەبێت بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی لە بارتری شێدار بۆ ئەو ئەجێندا جۆراوجۆرانەی دژە هەرێم و ناسنامەی ئەم نەتەوە. لەم کاتەدا نا لەیەک دوور بین تا دورتر بڕۆین بە لێک دابڕانەوە، درەنگتر دەگەڕێینەوە بۆ سازان، بە داخەوەش دەڵێم ئەوانەی لەبەرژەوەندیانە ئەم بارودۆخە وگەشەیان لە قەیران و سەرقاڵبوونی حکوومەت و دروستبوونی قەیرانە ئابووری و ئاسایشەکان هەیە، زیاتر پاڵپشتی مانەوەی ئەم بارودۆخەن و حەزناکەن سازان و ئارامیی دروست ببێت. بۆیە ئاشتبوونەوەیەکی نیشتمانیمان پێویستە تا بتوانین هەندێک قۆناغی سەخت تێپەڕێنین، دواجار ئەوەی ڕۆحی بەرپرسیاریەتی و نیەت باشی نەبوو لەگەڵ ئەم هەرێمە، خۆی
بڕی ئەو ڕێگەیە ناکات و بەجێ دەمێنێت.