پێشمەرگەیەکی برینداری هێرشەکەی داعش لە کوڵەجۆ گیانی لەدەستدا

یەکێک لە بریندارەکانی هێرشەکەی دوو رۆژ لەمەوبەری داعش لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گیانی لەدەستدا و بووە شەشەم شەهیدی ئەو هێرشە.

 ئەمڕۆ دووشەممە 29-11-2021 دوای دوو رۆژ لە هێرشی داعش بۆ سەنگەرێکی پێشمەرگە، بریندارێکی دیکەی هێرشەکە بە ناوی عومەر تۆفیق حەمید کە لەدایکبووی 1986ـە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. 

شەوی شەممە 27-11-2021 چەکدارانی داعش لە ناوچەی تەپی تەڵان لە سنووری کوڵەجۆ هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، لەکاتی بەهاناوەچوونی پێشمەرگەکانیش، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و پێنجی دیکەش برینداربوون، کە ئەمشەو یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا.

  شێرزاد محەممەد کە خزمێکی نزیکی عومەر تۆفیقە رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ نزیک کاژێر 9 گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی دەکەن و سبەینێش لە کەلار بەخاکی دەسپێرن. عومەر تۆفیق لە ساڵی 2004ـەوە پێشمەرگەیە و پێنج منداڵی هەیە کە یەکێکیان کوڕە و چواری دیکەیان کچن.

 ناوی شەهید و بریندارەکانی پێشمەرگە و شوێنی نیشتەجێبوونیان: شەهیدەکان: 

ئیبراهیم بارام – عەربەت

 ئیسماعیل محەممەد – سەیدسادق

 ئاراس سەمین – سەیدسادق 

ئەمین حوسێن- زەڕایەن 

نەبەرد سەعید – عەربەت 

عومەر تۆفیق – کەلار  

بریندارەکان:  

هێمن رۆستەم محەممەد – سەیدسادق

 جەمال کەریم محەممەد – هەڵەبجەی تازە 

 عەتا عەلی – سەیدسادق 

عەفان خالید حەمە عەلی – خورماڵ

ھەواڵی زیاتر