ھەولێر
لە ماوەی ڕابووردودا پرۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پیشمەرگە هەنگاوی باشی بۆ نرا و بە نزیکەیی نیوەی ئەو خاڵانە جێبەجێ کران کە لەو پرۆسەدا دیاری کراون؛ بەڵام ناکۆکیی سیاسی و داواکاریی حزبی لە لایەک و دەست لە کارکێشانەوەی وەزیری پێشمەرگە، ڕێزدار شۆڕش ئیسماعیل، لەلایەکی دیکەوە پرۆسەکەی سست کردووە.
یەکێک لە خالەکانی ئەو چاکسازییە کە جگە لە خواستی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان داواکاریی وڵاتانی هاوپەیمان بووە، ئەویش یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە لە ژێر چەترێکدا و بە سەرپەرشتی وەزارەتی پێشمەرگە و هاوئاهەنگیی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا.
هەرچەند لەو بوارەدا پێشکەوتن و لێکگەیشتنی بەرچاو وەدەست هاتوون، بەڵام هێشتا جێبەجێ کردنی پرۆسەکە، بە هۆی بیرکردنەوەی تەسکی حزبایەتیی، لە ئاستی داوادا نییە و زۆری ماوە.
وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگە نابێ و ناکرێ لە کڵاوڕۆژنەی بەرژەوەندیی حزبییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت؛ چونکە هێزی پێشمەرگە، هێزی پارێزەری گەلی کورد و خاکی کوردستانە و دەستبردن بۆ هەڵسووڕاندنی ئەو هێزە بە ویستی حزب، لە ڕێباز و ئەرکە ڕەسەن و پیرۆزەکەی دەترازێنێت.
پێکهاتە و دامەزراوەیی هێزی پارێزەری گەل و وڵات، دەبێ بە گوێرەی توانایی و ئاستی شارەزایی و دڵسۆزی و گوێڕایەڵیی و لەخۆبووردەیی بێت، نەک پلە و پایەی حزبایەتی.
ڕۆڵی گرنگ و جێبایەخی پێشمەرگە کە لە ڕوانگەی هاوپەیمانانەوە، بە تایبەتیش پاش تێکشکاندنی داعش، هێندەی دی پتەوتر و گرنگتر دەرکەوت؛ ئێستە ئەرکی هەمووانە شکۆی ئەو هێزە بپارێزن و نەهێڵن ببێتە قوربانیی کایەی کورتبینیی
حزبایەتی.. ئەگەر لە کەرتی بەڕێوەبردن یان ئابووریدا، ویستی حزبیی بەسەر بەرژەوەندی باڵادا زاڵ بووبێت و سیستەمی پەنجا بە پەنجا پیادە کرابێت و داهاتووی گەل و نیشتمان کرابێتە قوربانیی، ئەوا پیادەکردنی ئەو سیستەمە بەسەر پێکهاتەی هێزی پێشمەرگەدا سەرەتای کارەساتێکی نیشتمانی و نەتەوەیی قەرەبۆ نەکراوەیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە و لە ڕوانگەی بڕوای تەواو بە مافەنەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردەوە مامەڵە لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا دەکات و بەو بڕوایەشەوە بەرەنگاری هەرجۆرە پیلانێک دەبێتەوە کە بیەوێ ئاستەنگ بۆ ڕۆڵی مێژوویی نیشتمانی و نەتەوایەتیی پێشمەرگە دروست بکات.