رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پەکەکە سیاسەتی ناشرینکرندی هەرێمی کوردستانی دەستپێکردووە، لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانی رۆڵی کارای هەبووە لە بە لارێدابردنی داوا رەواکانی خۆپیشاندەران و چەند کەسێکیش دەستگیرکراون کە سەربە پەکەکەن لە رۆژانی دهاتوودا زانیارییەکانیان بڵاودەکرێتەوە.
دیندار زێباری، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: “لە خۆپێساندانەکان پەکەکە رۆڵێکی زۆر خراپی بینیوە، بەتایبەتی لە خۆپشیاندانەکانی سلێمانی و خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی، هەوڵیداوە لە رێگەی لایەنگرانی داوای رەوای خەڵک بە ئاقارێکی دیکە ببەن، لە راستیدا پەکەکە بووەتە بارگرانی بۆ سەقامگیری هەرێمی کوردستان”.
گوتیشی: “پەکەکە رۆڵی هەبووە لە کۆچپێکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ بێلارووس، لەناو کۆچبەران کەسانێک هەبوون هەوڵیان دەدا لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وێنەی کوردستان ناشرین بکەن، بۆیە دەبێ یەکەمجار تۆمەت ئاراستەی پەکەکە بکرێت و پێی بگوترێت واز لەو جۆرە سیاسەتە بهێنێ”.
دیندار زێباری، راشیگەیاند: “پەکەکە بابەتی کۆچبەرانی وەک کارتێک بەکارهێناوە، بۆ لێدان لەناوبانگی هەرێمی کوردستان، لایەنگرانی پەکەکە هەوڵیانداوە لە میدیاکان و سۆشیال میدیا هەوڵیانداوە کوردستان بە ناشرینی پیشانبدەن”.