نرخی نەوت رۆژی هەینی کۆتایی بە بەرزبوونەوەکانی چەند رۆژی خۆی هێنا و نزیکەی یەک دۆلار دابەزی، دوای ئەوەی بازرگانان روویان لە فرۆشتنی نەوت کرد بۆ کۆکردنەوەی قازانجی هەفتەی رابردووی خۆیان.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە هەروەها بووە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی نەوت زیاتر دابەزێت.
نرخی نەوتی برێنت رۆژی هەینی یەک دۆلار و 49 سەنت دابەزی و بە 79 دۆلار و 87 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار و 49 سەنت دابەزی و بە 75 دۆلار و 42 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
جۆن کیلدۆف، دامەزرێنەری کۆمپانیای راوێژکاری (ئیگەین کاپیتاڵ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، “لە دوای بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە رۆژی هەینی و کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە، نرخی نەوت دابەزیوە.”
بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە رۆژی هەینی بەرزبووەوە، دوای ئەوەی دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی 15 مانگی رابردوودا.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست بۆ کڕینی کاڵا و کانزاکان بەوپێیەی کڕینی ئەو کاڵایانە لەو وڵاتانەی بە دۆلار مامەڵە ناکەن، قورستر دەکات.
سەرەڕای ئەوەش، رۆب هاۆرس سەر بە بانکی (وێلس مەنەیجمێنت) سەبارەت بە بازاڕی نەوت رایگەیاند، “هەفتەی داهاتوو ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەیە، بەوپێیەی کە هەڵاوسان لە ئەمریکا کەمبووەتەوە و نیگەرانیش سەریهەڵداوە لە کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت.”
هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 1959 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا
نرخی زێڕ رۆژی هەینی نەیتوانی درێژە بە بەرزبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی بدات و دوورکەوتەوە لە بەرزترین ئاستەکانی خۆی لە دوای مانگی چواری ئەمساڵەوە.
رۆژی هەینی، هەر ئۆنسە زێڕ رۆژی هەینی بە رێژەی 0.1٪ دابەزی و بە 1959 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی زێڕ هەفتەی رابردوو بە رێژەی 1.8٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی دوای ئەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا ئاماژەیان بەوە دا رێژەی هەڵاوسان لە مانگی شەش رووی لە دابەزین کردووە و هیوایەکی لای بازرگانان دروستکرد بەوەی کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا رەنگە روونەکاتە بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی کە کۆتایی ئەم مانگی بڕیاری لەسەر دەدات.
دانیەل پاڤیلیۆنز، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (RJO Futures) لەو بارەیەوە رایگەیاند، “لە ماوەیەکی کورتخایەندا نرخی زێڕ هێندە گۆڕانکاریی بەخۆیەوە نابینێت، تاوەکو ئەو کاتەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیار لەسەر سوودی بانکیی دەدات و دەڵێت، بەنیاز نییە سوودی بانکیی بەرزبکاتەوە.”
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، ئەگەر ئەوە رووبدات، نرخی زێڕ ئەگەری هەیە زیاتر بەرزبێتەوە.