ڕائیب جادر – هەولێر
ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان لە دیبلۆماسیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی زیاتر بووە، ڕۆژانە سەرۆک و بەرپرسانی باڵای وڵاتان سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی ئەڵمانیای کرد و لەگەڵ ڕاوێژکار و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، ئەڵمانیا بەھێزیی ھەرێمی کوردستان بە کلیلی سەقامگیریی ئابووریی و سیاسیی عێراق دەزانێت. شارەزایانی بواری نێودەوڵەتی، دەڵێن: وڵاتانی ھەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بەردەوام پێویستیان بە ھەرێمی کوردستانە، ئەوەش وای کردووە ھەرێمی کوردستان ببێتە جێی سەرنجی وڵاتانی زلھێز.
پەیوەندییەکی بەھێز لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەڵمانیادا ھەیە. ئەڵمانیا، لە کاتی شەڕی دژی داعشدا پاڵپشتیی گەورەی ھەرێمی کوردستانی کرد. بۆ نموونە، چەکی میلان یەکێک لەو چەکە کاریگەرانە بوو ئەڵمانیا ڕادەستی پێشمەرگەی کرد بۆ تێکشکاندنی ھێڕشەکانی داعش، ھەروەھا ئەڵمانیا دوای دەستپێکردنی ھێرشەکانی داعش بە ئاراستەی ھەرێمی کوردستان لە ھاوینی ٢٠١٤دا، ڕاوێژکاری سەربازی ناردە ھەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ڕاھێنانکردن بە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و ساڵی ٢٠١٦ نزیکەی سەد و شەست ڕاوێژکاری سەربازیی ئەو وڵاتە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق بوون، دوای ھێڕشەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و زیادبوونی گوشارەکانی سەر ھەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە یەکێک لەو وڵاتانەی پاڵپشتیکاری گەورەی ھەرێمی کوردستان بوو ئەڵمانیا بوو.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٦-٦-٢٠٢٣، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دوای چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کۆبووەوە. نێچیرڤان بارزانی، گوتی: بۆچوونمان لەسەر پتەوترکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەڵمانیا ھاوبەش کرد. ھەروەھا ئۆلاف شۆڵتز، جەختی لە بەردەوامیی پشتگیریی ئەڵمانیا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کردەوە.
سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە گوتی: ھەردوولا لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، دۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی ھەولێرـ بەغدا، ئاڵنگارییەکانی بەردەم عێراق و ھەڕەشە و مەترسییەکان، بیروڕایان گۆڕییەوە.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەکە لە تویتێکدا نووسی، شەرەفمەند بووم کە لە بەرلین لەگەڵ ئولاف شۆڵتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کۆبوومەوە. بۆچوونمان لەسەر پتەوترکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەڵمانیا ھاوبەش کرد. ھەروەھا سوپاسگوزاری خۆمم دەربڕی بۆ پشتگیرییەکانی ئەڵمانیا لە کاتە سەختەکاندا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا.
لە دوای کۆبوونەوەکە، نێچیرڤان بارزانی، قسەی بۆ ڕۆژنامەڤانان کرد و کۆبوونەوەکانی لە ئەڵمانیا بە گرنگ ناوبرد و گوتی: ئەڵمانیا بەلایەوە گرنگە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان بەھێزتر بن.
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، نێچیرڤان بارزانی، دەشڵێ: ئەوەی جێگەی بایەخی ھەردوولامان بوو لەو کۆبوونەوەیە باسمان کرد، چۆنیەتیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە باس کرد، داواشمان کرد ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، سەردانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بکات، ئەویش بە بایەخەوە گرنگی بە پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراق دەدەن.
فەلاح مستەفا، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ھەرێمی کوردستان خوازیاری قووڵترکردنەوەی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ ئەڵمانیا و دەیەوێت کۆمپانیای ئەڵمانی زیاتر لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن.
فەلاح مستەفا، گوتیشی: ھەرێمی کوردستان داوای لە بەرپرسانی ئەڵمانیا کردووە کە لە بوارەکانی مەشق و ڕاھێنانی پیشەیی، دابینکردنی ھەلی کار و کەمکردنەوەی بێکاری، کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا و چەند بابەتێکی دیکە کە ئەڵمانیا تێیاندا ئەزموونیان ھەیە، ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکات.
د. ئازاد موحسێن، شارەزا لە بواری نێودەوڵەتی، دەڵێت: سەردانی سەرۆک و بەرپرسانی باڵای وڵاتان بۆ ھەرێم و سەردانی بەرپرسانی ھەرێم بۆ وڵاتانی زلھێز، دەرخەری ئەوەیە کە وڵاتانی جیھان دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش بنیات بنێن، ھەرێمی کوردستان وەک دیفاکتۆ بووەتە بەشێکی گرنگی سیاسەت و ستراتیجیی ئەوان، وەک ھاوپەیمانێکی سەرەکی ئەو وڵاتانە حیسابی بۆ دەکرێت، ئەو دیدارەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لەڕادەبەدەر گرنگە و دەریدەخات ھەرێمی کوردستان بۆ ئەڵمانیا یەکێکە لە نزیکترین ھاوپەیمانەکانی ناوچەکە، چ لە ڕووی پەیوەندییە ئابوورییەکانەوە، چ لە ڕووی بەھا ھاوبەشەکانمانەوە.
د. ئازاد موحسێن، دەشڵێ: ھەرێمی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ سەلماندوویەتی ھەرێمێکە دەتوانێت ببێتە کاراکتەرێکی سەرەکی بۆ ئاسایشی عێراق و ناوچەکە، ھەر کاتێکێش لە ناوچەکە تیرۆر پەرە دەستێنێت، ئەو وڵاتانە زۆر گرنگی پێ دەدەن و پشت بە ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەگە دەبەستن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە توندەڕەوەکان.
ھۆزان خورشید، چالاکوانی بواری سیاسی، ڕایگەیاند: تێڕوانینی دونیا بۆ کورد جیاوازترە لە ڕابردوو، ئەم کارانە و ئەو جووڵە دیبلۆماسییانەی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت و ئەو ڕابەرایەتییەی کە سەرکردەکانی ھەرێم دەیکەن، دەیسەلمێنێ پێگەی ھەرێمی کوردستان بەھێز بووە، ئەگەر پێشتر پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی چاوەڕوانی و ھاوکاری ھەرێم بووبێت، ئێستە پەیوەندییەکان براونەتە ئاستی پەیوەندی ھاوبەشەوە.
گوتیشی: وڵاتانی ھەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەردەوام پێویستیان بە ھەرێمی کوردستانە، لەڕووی ئاسایشی نەتەوەییەوە، ھەرێمی کوردستان، ئەندامێکی گرنگی ھاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتی دژی داعشە، پێشمەرگە لە تێکشکاندنی داعش ڕۆڵێکی کاریگەری بینی و تا ئێستەش ئەو ڕۆڵە بەردەوامە، لە بواری وزەش بەتایبەتی گرنگی دان بە پەرەپێدانی گاز دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەرتر ببینێت.
ئاشنا بابان، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دەڵێت: سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، بۆ ئەڵمانیا بۆ دۆخی ئێستەی ھەرێمی کوردستان گرنگە، بەتایبەتی کاتێک سەردانەکەی بەڕێزیان دوای بڕیاری ناوبژیوانی پاریس و بڕیاری دادگەی فیدراڵی و چەندین ڕووداو دێت، بۆیە ئەو جۆرە پەیوەندییانە گرنگن بۆ ئێمە، جگە لەو ڕووداوانەی پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستان چەندین ڕووداوی گرنگ لەسەر ئاستی جیھان ھاوکێشەی جیھانی گۆڕیوە، لە سیاسەتدا بەرژەوەندی ھەیە، ئەڵمانیا لە دوای ڕووداوەکانی ناوچەکە کێشەی گازی بۆ پەیدا بووە، بۆیە لەو سەردانانە دەکرێن ڕێککەوتنی سیاسی و ئابووری گەڵاڵە ببن، وەک دەزانین لە زۆر ڕووەوە ئێمە دەوڵەمەندین، بەڵام بێگومان نایانەوێ ئێمە وەک ھەرێم گەشە بکەین، بۆیە پێویستمان بە ھاوکاری و پاڵپشتی وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا ھەیە. ساڵانی ڕابردوو ئەڵمانیا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی ھاوکاریی ھەرێمی کوردستانی کردووە، لە ڕووی سەربازییەوە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستانی داعش زۆر ھاوکاربووە و ھاوپەیمان بووە، ھەتا لە خوێندنی باڵا ئەڵمانیا ڕۆڵی ھەبووە لە ھاوکاری کردنی ھەرێمی کوردستان بۆ دابین کردنی زەمالەی خوێندن.