به‌هۆی كه‌مبوونی ئاوی ژێرزه‌وی و به‌فیڕۆدانی، له‌ هاویندا کێشەی كه‌مئاوی سه‌رهه‌ڵده‌دا

چواس خالید – هەولێر

٢٥ی حوزه‌یران، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ چاره سەركردنی گرفت و كێشه‌كانی ئاوی ماڵان ڕایگه‌یاند، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌ به‌ ته‌رخانكردنی بیست ملیار دینار، بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی كه‌مئاوی له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر.

له‌و چوارچێوه‌‌دا به‌پێی پلانی پارێزگای هه‌ولێر، ئاماده‌ سازیی كراوه‌ بۆ چاره‌كردنی گرفتی كه‌مئاوی له ئەمساڵدا و پارێزگاری هه‌ولێر سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ڕاده‌سپێرێت، كه‌ دوور له‌ ڕۆتین و به‌شێوه‌ی ته‌نگه‌تاوی و له‌زووترین كات بۆ ئه‌و سێ مانگه‌ی هاوینی ئه‌مساڵ، فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌ستكراوه‌تر بن و ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان بكه‌ن، كه‌ به‌شێكیان لێدانی چاڵاو و چاككردنه‌وه‌ و چاره‌كردنی گرفته‌ ته‌كنیكییه‌كانی دیكه‌ی چاڵاوەکانە.
هاوكات، تیشك خراوه‌ته‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو له ‌پێناو چاره‌كردنی گیروگرفته‌كانی كه‌م ئاوی هه‌ولێر گیراوه‌ته‌به‌ر، وه‌ك بنیاتنانی پۆند و دروستكردنی به‌نداو، كه‌ ئه‌وانه‌ به‌شێكن له‌ چارەكردنی ستراتیجیی ئاوی هه‌ولێر، له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، بیست و هه‌شت پۆند و به‌نداوی بچووك دروست كراون.
شاری هه‌ولێر شازده‌ هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوی پێویسته‌، كه‌ به‌ هه‌ر سێ پڕۆژه‌ ستراتیجییه‌كه‌ی ئاوی ئیفرازی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م، سێزده‌ هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو دابین ده‌كرێت و له‌ ڕێگه‌ی هه‌زار و دوو سه‌د و چل چاڵاویشەوە‌، سێزده‌ هه‌زار مه‌تر سێجاكه‌ی دیكه‌ دابین ده‌كرێت.
جیا له‌ فراوانبوونه‌ خێراكه‌ی شاری هه‌ولێر، تا دێت یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون لێره‌وله‌وێ به‌رز ده‌بنه‌وه‌ و ژماره‌ی هاوبه‌شانی ئاو ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ زیاتر و زیاتر ده‌بێت، به‌پێی ئاماره‌كان، له‌ ساڵی ٢٠٢١، له‌ كوردستان نۆ سه‌د و نه‌وه‌د و سێ هه‌زار و دوو سه‌د و بیست و سێ هاوبه‌شی ئاو هه‌بوون، كه‌ ئێستا له‌ ملیۆن و نیو هاوبه‌ش نزیك ده‌بێته‌وه‌، كه‌ به‌هۆی دابه‌زینی ئاستی ئاوی ژێر زه‌وی، كه‌ سه‌رچاوه‌ی به‌شێكی زۆری ئاوی ماڵانه‌ و ده‌ستپێوه‌نه‌گرتنی هاووڵاتیان به‌ ئاو، له‌ وه‌رزی هاویندا، هه‌ندێك گه‌ڕه‌ك و شاره‌كانی كوردستان ڕووبه‌ڕووی كه‌م ئاوی ده‌بنه‌وه‌.
هاوكات حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش جیا له‌ بنیاتنانی پۆند و به‌ندا و جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌ سه‌رانسه‌ری كوردستان، ساڵانه‌ له‌ وه‌رزی هاویندا به‌ ته‌رخانكردنی گوژمه‌ی پێویست لایه‌نی پێوه‌ندیدار ڕاده‌سپێرێت به‌ چاره‌كردنی گرفتی كه‌م ئاوی ئه‌و شوێنانه‌ی ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه‌.
هاوشێوه‌ی ئه‌مساڵ، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پار و پێراریش گوژمه‌ی پێویستی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م گرفته‌ له‌ وه‌رزی هاوین ته‌رخان كردووه‌، كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ١٢ی ئابی پێرار، به‌ مه‌به‌ستی چارەكردنی كه‌می ئاوی خواردنه‌وه‌، ملیارێك و دوو سه‌د و په‌نجا ملیۆن دیناری بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌رخان كرد.
پاریش به‌ مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدان و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ و كڕینی پێداویستی بۆ پڕۆژه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی ئاو و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاری خه‌رجكردنی گوژمه‌ی زیادتر له‌ نۆ سه‌د و په‌نجا ملیۆن دیناری دا، بۆ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر، كه‌ ئه‌و گوژمه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٧% ی داهاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر بوو و ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی جیاجیای له‌و شاره‌ پێ جێبه‌جێ كرا.