مه‌سرور بارزانی بۆ باڵیۆزی ئیتاڵیا: سوپاس بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئیتاڵیا

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە (28ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبەری 2021) پێشوازی لە “برونۆ ئەنتۆنیۆ”، باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق کرد، کە بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی سەردانی کردبوو.

لە دیدارەکەدا، کە میکێلێ کامیرۆتا، کونسوڵی ئیتالیا لە هەولێر ئامادەی بوو، سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی ئیتالیای کرد بۆ کار و خزمەتەکانی لە پێناو برەودان بە پەیوەندییەکانی ئیتالیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرکەکانی داهاتوویدا.

باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق، سوپاس و پێزانینی بۆ هەماهەنگیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ باڵیۆزخانەی ئیتالیا دەربڕی و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی هەمەلایەنە لە گەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور، بارودۆخی گشتی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و دۆخی کۆچبەرانی سنوورەکانی بێلارووس و پۆڵەندا، چەند تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.

ھەواڵی زیاتر