نرخی نەوت لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕەکان لە رۆژی هەینی دابەزی و نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا و چەندین بانکی ناوەندی دیکە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان چاوەڕێی کەمبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوتی خاو بکەن.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 29 سەنت دابەزی و بە 73 دۆلار و 85 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 35 سەنت دابەزی و بە 69 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی پێنجشەممە، نرخی نەوت سێ دۆلار دابەزی، دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی بەریتانیا رێژەی سوودی بانکیی بە رێژەی 0.5٪ بەرزکردەوە.
هەروەها بانکە ناوەندییەکانی نەرویج و سویسرا سوودی بانکییان بەرزکردووەتەوە.
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، نرخی نەوتی برێنت و نرخی نەوتی سووکی تەکساس بە رێژەی 3.5٪ دابەزیون.
ماری دالی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لقی سانفرانسیسکۆ رایگەیاند، بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی دووجاری دیکە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئەگەرێکی کراوەیە.
نرخی زێڕ بۆ 1920 دۆلار دابەزی
نرخی زێڕ رۆژی هەینی دابەزینی زیاتری بەخۆیەوە بینی و ئۆنسەیەک لە 1933 دۆلارەوە دابەزی بۆ 1920 دۆلار و لەو ئاستەدا داخرا. پێش نیوەڕۆی رۆژی هەینی تەنانەت نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی 1910 دۆلار دابەزی.
دابەزینی نرخی زێڕ دوای ئەوە روویدا کە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ پێویستە دووبارە سوودی بانکیی بەرزبکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکەن.
لە مانگی شەش بە تەنیا نرخی زێڕ بە رێژەی 2.6٪ بەهای خۆی لەدەستداوە. هەروەها لە مانگی پێنجدا نرخی زێڕ بە رێژەی 1.8٪ دابەزیوە.
بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهان دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دراوە سەرەکییەکانی جیهان کە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی کڕینی زێڕ گران لەسەر بەکارهێنەران و کڕیاران و وەبەرهێنەران بکەوێت.
ئید مۆیا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، “بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا زیانی گەورە لە نرخی زێڕ دەدات.”
مۆیا دەڵێت، تەنیا چانسی زێڕ ئەوەیە لە دوای بەرزکردنەوەکانی سوودی بانکیی ئابووری روو لە سستی بکات و بازرگانان ئاراستەیەک بگرنەبەر کە بۆ خۆدەربازکردن لە مەترسییەکانی وەبەرهێنان لە بازاڕەکانی بۆرسە، روو لە کڕینی زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارامی وەبەرهێنان بکەن.
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، نرخی زێڕ هێڵی پشتیوانی بەهێزی 1900 دۆلاری هەیە و دەتوانێت تاوەکو چەند هەفتەی داهاتوو لە سەرووی ئەو ئاستەوە مامەڵەی پێوەبکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا نرخی زێڕ رووبەڕووی هێڵێکی بەرگری 1960 دۆلار بووەتەوە، رەنگە ئەستەم بێت بەمزووانە بتوانێت ئەو ئاستە بشکێنێت ئەگەر نرخەکان بەرەو بەرزبوونەوە ئاراستەی خۆیان بگۆڕن.