سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەورووپا: داوای پشتیوانیی هەڵبژاردن لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی دەکەین

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندییەکانی دەرەوە، سەردانی ئەورووپایان کردووە و بە یاوەریی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لۆکسەمبۆرگ، ژان ئاسڵبۆرن، کۆبوونەوە.
سەفین دزەیی لەوبارەیەوە بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “لەگەڵ وەزیری دەرەوەى لۆکسەمبۆرگ، لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و هەڵبژاردنەوە قسەمان کرد. لەو گفتوگۆیەدا دووپاتمان کردەوە گرنگە کۆمەڵی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکەن؛ ئەو هەڵبژاردنەى دەبوو ساڵی ڕابردوو کرابا و لەبەر کۆمەڵێک هۆکار دوا کەوت، بۆیە گرنگە بەر لە کۆتاییی ئەمساڵ هەڵبژاردن لە هەرێم بکرێت”.
دەشڵێت: “لە بەشێکی دیکەدا، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و عێراق کرا، بەتایبەت ئەو گرفتانەى لە ئارادان، وەکوو پێکهاتنی حکومەت و ڕێککەوتنەکانی هەردوو لا و یاساى بودجە و کەموکوڕییەکانی بودجە، هەروەها ئەو ئاستەنگانەى دێنە سەر ڕێگەى هەرێمی کوردستان”.
“لەلایەکی دیکەوە باس لە پەنابەران و ئاوارەکان کرا، بەتایبەت ئێزدی و کریستییانەکانی دەشتی نەینەوا و ئەو خەڵکانەى شنگال، کە سەباری ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا، بەهۆى پەکەکە و هەندێک هێزی میلیشیایی، ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان”.
پرسی نەوت و ڕاگرتنی ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، باسێکی دیکەی گفتوگۆکان بووە. لەوبارەوە دزەیی دەڵێت: “داوا کرا یەکێتیی ئەورووپا، لە پرسی نەوت و گاز و بودجە، پاڵپشتیی لێکتێگەیشتنی زیاتری نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بکات. لە هەمان کاتدا جەخت لە پاڵپشتیی دیموکراسی و ئازادییەکان و ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان کرایەوە”. ڕامانگەیاند، “هەرێمی کوردستان باوەڕی تەواوى بەو ئازادییانە هەیە، کەموکوڕییەکانیش لەو بوارەدا، پەیوەندی بە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نەبووە، کە دەکرێ نوێنەرایەتیی وڵاتان بۆ پێشخستنی بوارەکە هاوکاریی زیاتری هەرێم بکەن. لە بەرانبەردا وەزیری دەرەوەی لۆکسەمبۆرگ، پاڵپشتیی خۆیانی بۆ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان و هەر مەترسییەک لە ناوچەکەدا دەربڕی”.
وا بڕیارە شاندەکەى حکومەتی هەرێم، سەردانی چەند وڵاتێکی دیکەى ئەورووپا بکەن و لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی دەرەوەى ئەو وڵاتانە کۆ ببنەوە.

فەرمانگەى میدیا و زانیاری