لەسەنتەری شاری دھۆک بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دھۆک دانرا کە بڕیارە بکرێتە نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی حوزەیرانی 2023، لە شاری دھۆک، بە گوژمەی 371 ھەزار دۆلار، بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی (بەڕۆشکێ)ـی دھۆک دانرا کە بڕیارە بکرێتە نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە.
لە رێوڕەسمەکەدا عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک و ئەفراسیاب موسا، بەرێوەبەری گشتیی تەندروستی دھۆک و بەرپرسانی حکومی ناوچەکە بەشدار بوون.
نەخۆشخانەکە زیاتر لە 130 قەرەوێڵە و چوار ژووری نەشتەرگەری لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لەوەی کە تاقیگە و 10 قەرەوێڵەی چاودێری چڕی تیادایە.
لەمبارەیەوە ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دھۆک دوای دانانی بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دھۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “نەخۆشخانەی کۆنی فریاکەوتنی دھۆک کە دەکرێتە نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە، بە گوژمەی 535 ھەزار دۆلار نۆژەن دەکرێتەوە و لەو بڕە پارەیە، 371 ھەزاری دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکە تەرخان کراوە و بڕە پارەکەی دیکە بۆ کڕینی پێدوایستی پزیشکی تەرخان کراوە”.
نەخۆشخانەی کۆنی فریاکەونی دھۆک بڕیارە لە ماوەی سێ مانگدا، نۆژەن بکرێتەوە و لە کۆتایی مانگی ھەشتی ئەمساڵ بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە دەکرێتەوە کە لە 130 قەرەوێڵە پێکدێت و دەبێتە یەکەم نەخوشخانەی چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە لە پارێزگای دھۆک.
لای خۆیەوە فریدریکو جاوجیلی، بەرێوەبەری گشتی رێکخراوی “ئاسپۆ” کە پاڵپشتی دارایی پڕۆژەکە دەکات لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوەدا، زیاتر لە 10 ساڵە لە شاری دھۆک کار دەکەن و گوتی: “ئەمە حەوتەمین پرۆژەیە کە لە بواری تەندروستی دا لە پارێزگای دھۆک جێبەجێی دەکەن، 60 کەسمان بردووە بۆ ئیتالیا بۆ ئەوەی لە بواری پزیشکی دا، زانیاری بەدەست بھێنن و دووبارە گەراونەتەوە کەرتی تەندروستی دھۆک، ئێمە لە ھاوکاریکردنی تەندروستیی دھۆک بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر خزمەتگوزاری پێشکەشی نەخۆشەکان بکەن”.
دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی دەری دەخات کە لە ھەرێمی کوردستان، نۆ ھەزار و 61 حاڵەتی شێرپەنجە تۆمارکراون، لە پارێزگای سلێمانی سێ ھەزار و 323 و لە ھەولێر، چوار ھەزار و 304 کەس و لە دھۆک، ھەزار و 434 کەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون.
ھەر لەوبارەیەوە عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژە بەوەدا کە زیاتر لە 20 ملیار دینار بۆ نۆژەنکردن و دروستکردنی نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای دھۆک تەرخانکراون و زۆربەیان کاری تیایدا دەکرێت و گوتی: “دوای تەواوبوونی نەخۆشخانەی شێرپەنجەی دھۆک، ئیتر زۆربەی زۆری تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە لە دھۆک لە بری ئەوەی بۆ وەرگرتنی چارەسەر بچن بۆ سلێمانی و ھەولێر، دەتوانن لە نەخۆشخانەی شێرپەنجەی دھۆک چارەسەر وەربگرن”.