پەیامنێری هەولێر
دوێنێ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێک گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، کە ئەوە سێیەمین سەردانی فەرمی مەسرور بارزانی بوو بۆ تورکیا وەکو سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمەوە بۆ تورکیا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە کراوە.”
سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، لە کاتێکدایە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی عێڕاق تا ڕادەیەک نیگەرانیی لای بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە و حکوومەتی عێڕاق لەڕێگای پەسەند کردنی بودجەیەکی سیاسییەوە ویستی دژایەتیی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد و لە لایەکی دیکەشەوە ماوەیەکی کەم تێپەڕیووە بەسەر هەڵبژاردنەوەی ڕەجەب تەیب ئۆردوگان وەک سەرۆککۆماری تورکیا و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی ئەو وڵاتە.
ڕێباز عەبدلڕەحمان، چاودێری سیاسیی و شارەزا لە بواری تورکیا، پێی وایە، سەردانەکە لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە و لە هەمان کاتدا زۆر پێویست بوو. ئەو چاودێرە، باس لەوە دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خەریکە بە تەواوی لەوە بێ ئومێد دەبێت کە حکوومەتی عێڕاق لەژێر فشاری دەرەکیدابێت یا بە مەبەست نیەتی جددی نییە لەوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بنبڕ بکات و لەگەڵ هەر ڕێککەوتنێک پێشێلکارییەک دژ بە دەستوور و مافەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
بە گوتەی ڕێباز عەبدلڕەحمان، ڕەنگە ئەم سەردانەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنقەرە، گرێ کوێرەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستانیش بکاتەوە کە وەستانی زیانێکی زۆری بە ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان داوە.
وڵاتی تورکیا یەکێکە لە وڵاتە کاریگەرەکانی ناوچەکە، تەنانەت لە ڕووی بازرگانییەوە یەکێکە لەو وڵاتانەی بە گەورەترین هاوبەشی ئابوری لەگەڵ هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
لە ماوەی ڕابردوود ، هەرێمی کوردستان و تورکیا لە چەندین بۆنەدا ئەوەیان نەشاردووەتەوە ھەوڵیانداوە پەیوەندییەکی پتەویان هەبێت، تاوەکو بتوانن بەسەر بەربەستە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکەدا زاڵ بن و دۆخێک لە ناوچەکە دروست بکرێت کە پارێزگاری لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکرێت و سەقامگیریی ناوچەکەش وادەخوازێت پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا هەمووکات لە ئاستێکی باشدابێت.
پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوانیان، لەدوای ساڵی 2007 وە بەخێرایی پەرەیسەند. لەکاتێکدا لە ساڵی 2007 دا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا یەك ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بوو. لە ساڵی 2013دا گەیشتە لووتکە و بۆ 8 ملیار دۆلار بەرزبووەوە.