عومەر چنگیانی
گوتراوە گەر شتێکی بەهادارت هەبوو باشترین جێگا بۆ شاردنەوە تێیدا کتێبە چونکە خەڵک ناخوێنێتەوە
و دەیشڵین کتێبخانە پارێزراوترین شوێنە چونکە کەس کتێب نادزێ، بابەتەکەی من ئەوە نییە هێندەی ڕق و قین هاتنەوەم لەم جەهلستانەی تێی کەوتووین و گوڵخەرمانی هەفتەی ڕابردووم زۆر بە ڕاشکاوانە کردە مووشەکێک و هەڵمدایە گۆڕەپانی هەموو ئەوانەی لە ژێر هەر پەردەیەکدا بێت، خەریکی گەوجاندنی سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان بە ناو دینیی خەڵکن و، ئیمڕۆیش بە ئەرکی دەزانم ئاوڕتان پێ بدەمەوە لە چوارەم خەلەکی ئەم گوڵخەرمانە کە لە ژێر سەردێڕی (ئیسلام لە هیچ كەسێكدا بەرجەستە نابێت) لە ژمارە 2256 سێشەممە 17ی نۆڤەمبەری 2015 هەر لەم هەولێرەوە، بڵاوم كردەوە و، ئەوکات وتوومە: (لەگەڵ ئەوەی كە ئەو بیرمەندانەی كۆن و، هاوچەرخ، كە هەمیشە بێوچان هەوڵیان داوە و، كاریان بۆ ئەوە كردووە و دەكەن كە كۆتایی بە كاڵفامێتی تێگەیشتن لە ئایینی ئیسلام بهێنن زۆرن و، زۆرجاریش گوتوومانە: “هیچ كەس مافی ئەوەی نییە لێمان بچێتە سەر دوانگە و، بڵێ: من ئیسلامم، نەك بۆی نەبێت بڵێ: من مسوڵمانم، ئەوەیشیان پێویست بە خۆپێوەنواندن ناكات. هیچ كەس مافی ئەوەی نییە قورئان بكاتە قەڵغان و، لەو دیویەوە، خۆی حەشار بدات و، پاشان جاڕ لێ بدات: كە هەركەس لەگەڵ جەنابیدا بێت، ئەوە مسوڵمانە و، هەركەسیش دژی ئەو بێت، یان بە ئاكاری ئەو ڕازی نەبێت، ئەوا ئەو كەسە، دژایەتیی قورئانی كردووە و، یەكێكە لە دژمنەكانی خوا و، ئیسلام و، لەئایینهەڵگەڕاو (مرتد)ە! هیچ كەس مافی ئەوەی نییە بڵێ: من لە لای خواوە دەستنیشان كراوم و لە خواوە بۆم دیاری كراوە، كە نابێ سنوورم لەگەڵدا ببەزێندرێت. هیچ كەس بۆی نییە بڵێ: من كەسێكم كە شەرع بەرزی كردوومەتەوە و، لە ڕەخنە گەورەترم، یان نابێ پێم بگوترێت: ئەو ماڵە، یان ئەو قسەیەت لە كوێ هێنا؟ من پیرۆزییەتییەكی تایبەتیم هەیە؛ كەچی نەمردین، بیستمان و، بینیمان بەبێ ئەوەی سێودووی لێ بكەن، هەموویان بە زیادیشەوە گوتران! لەناو خۆیاندا لەسەر كارێكی ماددینە و، دنیایینەی پەتی، پێكدا هەڵدەپژێن، كەچی كێش و، ترازووی شەڕەكان دەگۆڕدرێن، لە شەڕی خۆیانەوە، بۆ شەڕی نێوان ئیسلام و، كفر، لە بۆچوونێكی سیاسی و، دژەبۆچوونێكی ترەوە، كارەكە دەگۆڕدرێت و، دەبێتە دەستەواژەی خواناسی و، باوەڕهێنان بە خوا و، خوانەناسی و بێبڕوایی! پشتیوانی لە ئیسلام و، دژایەتیکردنی خوا! ئایینی ئیسلامیش، لە هەموو تۆمەتباركردنێكیان بەدوورە. ئەوەی ئێمە لە ئیسلام تێگەیشتبووین و، لە ڕێگەی قورئانی پڕ لە بەخششەوە، لێی شارەزا ببووین، ئەوە بوو كە ئایینی ئیسلام، نە بەرجەستە دەبێت لە كەس و، هیچ گرووپ و شتێكدا و، نە لە سەردەم و كاتێكی دیاریكراویشدا كۆتایی دێت! ئەوەی ئێمە لەم ئیسلامە گەیشتبووین، ئەوەیە، كە ئایین بۆ ئەوە هاتووە، كە كۆمەڵێك “بەها”ی جوانی هێناوە و، لە هەركوێیەكدا ئەو بەهایانە هەبوون، ئەوا ئیسلامیش لەوێ هەیە! لە هەرجێیەكیشدا ئەوانە نەبوون، ئەوا ئیسلامیشی لێ نییە! ئەوەی ئێمە لە ئیسلام گەیشتبووین، ئەوەیە: كە بەوە قایل نابێت، ئاڵای شەكاوەی پەیوەست بێت
بە ناوچاوی هیچ تاك، یان نەوە و نەتەوە و ڕچەڵەكێكەوە، یان پابەند بێت بە كۆشك، یان شار، یان پەیكەرێكەوە.
پیرۆزەیی و، پارێزراوی لە هەڵەكردن، لەو سیفەتە گەورانەن، كە هەر تایبەتن بە خوای گەورەوە و، قورئان لە 23ەم ئایەتی سوورەتی “حەشر”دا، دەفەرمێت: “پەروەردگارتان خوای بێهاوەڵە، كە گەورە و پیرۆز (قودوس)ە”.
كەوابوو (هەریەك، لەو دوو سیفەتە پیرۆزێتی و بێهەڵەیی بدرێت بە هەر تاكێك لە كۆمەڵدا، ئەوە هاوەڵدانانە بۆ خوا، بدرێتە پاڵ هەر شوێنەوارێكیش، ئەوە بتپەرستییە.
تێكۆشان و، هەوڵی ئیسلام و، ئامانجە هەرە سەرەكییەکەیشی، كە بۆی هاتووە و، تا هەتاهەتایە لەسەری بەردەوام دەبێت: دژایەتیكردنی هەموو شێوە هاوەڵپەیداكردن و، بتپەرستییەكە لە هەر شێواز و، كاڵایەكدا هەبێت. لە كوێی قورئان ورد ببیتەوە و، بگەڕێیتەوە، بۆ هەرباسێكی پێغەمبەرانیش، دروود و سڵاوی خوایان لێ بێ، لەو دیو ناردنیانەوە، هەر ئەو مەبەستە گەورە بەدی دەكەیت، وەك قورئان لە 36ەم ئایەتی سورەتی “نەحل”دا، دەفەرمێت: “بۆ هەر نەتەوەیەك، پێغەمبەرمان ناردووە، بۆ ئەوەی بانگیان بكا بۆ خواپەرستی و دووركەوتنەوە لە تاغووتپەروەری”. بە ڕاستی ئەم یەكلاییكردن “تەجرید”ە و تایبەتكردنەی بەها و ڕێنماییانەی ئیسلام، تایبەتمەندییەكی
ئایینی ئیسلامە و هەر دەستێوەردان، یان داڕنینێك لێی، لێزیادكردنێكە لە ئایین و، بەربادییەكە، لە كارە بەربادەكانی ئادەمیزاد و، ئارەزوویەكی نەبەكام و، کرچوكاڵی مرۆڤە و بەس، بگرە دادەنرێت بە بەشێك لە خەونەكانی سوڵتانیی كاتی، یان بە ناو ڕۆحیی ئادەمیزاد و حەزێكە لە حەزەكانی!
لەلای مسڵمان، پێغەمبەر، دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، نە بریتییە لە خوا و، نە بەشێكە لە خوا! قورئان لە 93�ەم ئایەتی سوورەتی “ئیسرا”دا، دەفەرمێت: “بڵێ: گەورەیی بۆ خوای بێهاوتایە و، باشە من لەوە بەدەر هەم كە مرۆڤێكم و پێغەمبەرم و، بەس.” تێبینی: خوێنەر دەتوانێ بشگەڕێتەوە بۆ (لاپەڕە 3ی خەباتی ژمارە (1632)/2004/11/27 و،
((القرآن والسلطان، هموم اسلامیە معاصرە، فهمی هویدی).).