عومەر چنگیانی
كە هەشت ساڵێک لەمەوبەر چکێ کەمتر، لە لاپەڕە “نۆ”ی ژمارە “2240” 2015/10/27 ئەم ڕۆژنامەی هەولێرەدا، لە ژێر نانیشانی (چاكسازیی ئایینی!)، یەکەم خەلەکی ئەم گوڵخەرمانەم بڵاو کردەوە، هەموو گیان و ڕۆح و هەست و نەستم هیوا بوو، کە ئەم وڵاتەمان بەرەوپێشکەوتنی شارستانی و نەمانی ئاغایەتی و بەگلەری و خێڵخێڵەکێ و تۆقاندنی بە ناو ئایین و هتد، سەرجەم بوارەکانی پێشکەوتن دەڕوات، کەچی زۆر زۆر بەداخەوە، لەم ساڵی 2023یەدا، زۆر بە چڕی هەنگاوەکان پێچەوانە دەڕۆن! من نەک گەشبینیم نەمابێت، وەلێ سەرسام ماوم لە بوونی ئەم هەموو خاپاندن و گەوجاندن و پێشبڕکێی بچووککردنەوەی ماڵی کورد و کارکردنە لەسەر ئەقڵی تاکی کورد و بە هەدەر دانی سامان و هزر و هەموو شتێکی و، گێڕانەوەی بۆ سەدە تاریکەکانی مێژووی پڕلەسەروەریمان، نەخاسمە بە ناوی ئایینە پیرۆزەکەی ئیسلامەوە، کە دەپرسم داخۆ بەرەوکوێمان دەبات و چ هەڵدێر و داڕمان و چارەنووسێکی ڕەشی پڕ لە جەهل و خورافات چاوەڕێمانە؟ من کە نە بڕوام بە ڕووخان و خورافات هەیە و نە بە خاپاندن و گەوجاندن، لەم گەرمەی حاڵلێهاتن و مەستی و بێئاگایی و چاوقوچاندن و زیندووکردنەوەی بیری هندۆسی لە ژێر ناوی جیاجیا و، خورافیەتەدا ئەو یەکەم گوڵخەرمانەم دەخەمەوە بەردەستی ئێوەی بەڕێز، کە لەو ڕۆژەی ئەوەم نووسیوە بەگوڕوتینترم و ئەوکات وتوومە: (….. بۆ تێگەیشتن لە ئایینە پیرۆزەکەی ئیسلام و، چاكسازی لە نێو ئایین خۆی و دەزگا پەیوەندیدارە ئایینییەكاندا تایبەت لە كوردستان بە پلەی یەكەم وابەستەبوون بە قورئانەكەی خوا و، پاشان فەرموودەی دروست، باشترین ڕێگایە بگیرێتە بەر. ناڵێم “ئایینەكە پێویستی بە چاكسازییە”، بەڵكو دەبێ پاك بكرێتەوە لەو هەموو خەوشوخاڵەی پێیەوە لچكێنراوە. دەمێكە گوتوومە “بەخۆداچوونەوە و ڕەخنەلەخۆگرتن ئەركی سەرشانی هەموو لایەكمانە”. وەك سەركۆنەی بەرامبەر و گازندە لێی و، خۆدەربازكردن لە دەرەنجامی هەر هەڵەیەك، ڕەوشتێكی ناپەسەندە و ئێمەی مرۆڤ هەموومان تیایدا هاوبەشین، پاساوهێنانەوە بۆ هەڵەنگووتن و دەرسلێوەرنەگرتنیشی، ڕەفتارێكی نابەجێیە. هەڵدانەوەی لاپەڕەی كتێبەكان، بۆ گەڕان بە شوێن بەڵگەیەكا، كە یارمەتیمان بدات بۆ شەرعاندنی تاوان، لە ناو ئێمەی ئیسلامخوازدا بە ئەندازەیەكی زۆر بەربڵاو و دیارە و، ڕەنگی داوەتەوە! ڕێزدانەنان بۆ ڕابردوو و، بە كەم تەماشاكردنی كرداری چاكی خەڵك، بەشێكە لە نیشانەكانی جوامێری و نەبەردیمان. هەموومان بڕوامان بەوە هەیە، لە كاتی هاتنەخوارەوەی قورئان تازە بە تازە، بۆ پێغەمبەری خۆشەویستمان محەمەد دروود و سڵاوی خوای لێ بێت، سەركەشی وا ھەبوو فێڵی لە خۆی دەكرد و، خۆی وەك دۆست و خاوەنبڕوا نیشان دەدا، كەچی باوەڕ ناكەین كە بە دەورمانەوە سەدان دووڕوو هەبن! (1)
ببینن کە قورئان لە سەدویەکەمین ئایەتی سوورەتی (تەوبە)دا چۆن باسی ئەو قۆناغەی هەندێکی مەدینە و دەورووبەری دەکات، دەفەرمیت:
(لەو دەوروبەری ئێوە لەو دەوارنشین و خێڵەکی و بیابانشینانە هەن کە دووڕوون و لە نێو مەدینەیشدا هی وا هەیە لەسەر دووڕوویی گۆش کراوە و تۆ نایانناسی و ئێمە دەیانناسین، لەمەولا دوو جار سزای سەختیان پێ دەچێژین و دەرەنجامیش دەینرێنەوە بۆ سزایەکی سەخت).
خوێنەری هێژا! لەو ڕۆژەوە كە بانگەوازخوازیم بۆ خۆم هەڵبژاردووە و، ئەم شتانەم ورووژاندووە، زۆر بە داخەوە زۆربەی كات ڕووبەڕووی سەنگەرلێگرتنی كەسانی خورافی، نەخاسمە “مەلای نامەلا” بوومەتەوە و زۆر جار گوتوومە بە مەلاكان: “ئەوەی ئێوە دەیزانن و “دیزە بەدەرخۆنە”ی لێ دەكەن سەر ناگرێ و، ڕۆژێك دادێت بە هەزاران پرسیاری وا دێتە پێشەوە، كە ئێوە خۆتان پێ ناگیرێ لە بەریاندا و، ئەوكات دەبێ زۆر زۆر ماندوو بن تا “بە ناو قەناعەت”ە پڕ لە لاسایی و تەمبەڵییەکەی خۆتان بۆ كەسێكی تر بگوێزنەوە!” “ئەوانەیش كە نایزانن و، پێتان شەرمە دانی پێدا بنێن و، ئامادەیش نین فێریان ببن، ڕۆژێك دادێت بە شێوەیەك دەتانحەپەسێنێ، كە چۆكتان پێ دادەدات!” هەمیشە ئەو پۆخڵەواتانەی لە دووتوێی كتێبەكانماندا هەبووە و هەیە، لای من جێگای ئەوە بووە خۆمان یەكلایان بكەینەوە و ئایین بە پێوەری
قورئان بپێوین پێش هەموو شتێک.
هەمیشە گوتوومە و دەیڵێمەوە بۆ ئەبێ مەلا وا بزانن ئەوانن كە قورئان و شەریعەت تێگەیشتوون و، دنیا لەوان بەدەری تێدا نییە و، ئەو بە هەزاران عەرەبیزانەی نێو دەزگا زانستی و ڕاگەیاندنەكان و سیاسەتمەدار و بیرمەند و ڕۆشنبیرانەی كورد، كەسیان هیچ تێناگەن؟! یان ئەوان وا بزانن دەتوانن كتێب و، سەرچاوە ڕیز بكەن و، دۆڵابی پێ بڕازێننەوە و خەڵكی تر نە پێی دەكڕدرێ و، نە تێیان دەگات؟ كاكی مەلا! تا تۆ بە سەد كولەمەرگیتەوە، كتێبێكی وەك (مجموع)ەکەی ئیمامی “نەوەوی”ت بۆ دەكڕدرێت، ئەوان بە حوكمی كار و پێگە و دەسەڵاتیان، ئەو و سەدان سەرچاوەی تر دەكڕن و خەڵكی بە كرێ دەگرن كاریان لەسەر بكەن و، ئەوەی تۆ بە شەرمەوە وەك زانست بە فەقێكانیشتی ناڵێیت، ئەوان بە ئاستێكی تردا كاری لەسەر دەكەن! ئەوە ئێوەنە زۆربەتان ئاگاتان لەوە نییە لەم وڵاتەدا توانستێكی زۆر تەرخان كراوە بۆ جوێندان ڕێک بە قورئان و محەمەد و، تەنانەت كارئاسانییشیان بۆ دەكرێت!؟