دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

كاوە ئەحمەد میرزا هێشتا دڵی لای نواندنە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

هونەرمەندی توانا كاوە ئەحمەد میرزا، بە “پاشا”ی نووسینی سیناریۆی درامای كوردی دادەنرێت كە تائێستا سیناریۆی بۆ زیاتر لە 10 درامای كوردی نووسیوە.

هونەرمەند كاوە ئەحمەد میرزا زیاتر لە 80 ساڵ تەمەنیەتی و بەهۆی حەز و خولیای زۆری بۆ هونەری كوردی، هەر لەسەرەتای گەنجێتییەوە هاتۆتە بوارەوە و زیاتر لە 60 ساڵە لەگەڵ بەرهەمی هونەرید دەژی، ئێستاش كە نەخۆشی تەنگی پێهەڵچنیوە، بەڵام هێشتا هەر لە خولیای هونەردایە و دەیەوێت كار بۆ بەرهەمهێنانی درامایەكی نوێ بكات.
كاوە ئەحمەد میرزا هەندێك لە بەسەرهاتی ژیانی خۆی بۆ (هەولێر) باسكرد كە لەقۆناغی سەرەتای كاری هونەریدا لەڕێگەی هونەرمەندی كۆچكردوو مامۆستا (تەها خەلیل)ەوە پەیوەندی بە كۆمەڵەی هونەرەجوانەوە كردووە، بەڵام بەهۆی كەمی تەمەنەوە تەنها ئیشی دیكۆر و ئامادەكاری شانۆیان پێكردووە و دواتر بۆتە كۆمبارس لە كاری هونەری و پاشانیش رۆڵی ئەكتەری بەرجەستە كردووە.
لەساڵانی شەست و حەفتاكانی سەدەی رابردوو بەهۆی كلتوری ئەو كاتەی كۆمەڵگەی كوردییەوە زۆربەی خێزانەكان رێگەیان بە كچەكانیان نەدەدا لە كاری هونەریدا بەشداری بكەن، بۆیە زۆرجار ئەكتەرە پیاوەكان بۆشایی نەبوونی ئافرەتیان پڕدەكردەوە لەوانەش ئەكتەری دیاری كۆچكردوو عومەر چاوشین رۆڵی سەرەكی گێڕاوە، پاشان كاوە ئەحمەد میرزا.
كاوە ئەحمەد وتی “بەهۆی ئەوەی ئەو كاتە ئافرەتان كەمتر دەهاتە بواری نواندن، بۆیە بەناچاری پیاوان رۆڵەكانیان دەبینین، سەرەتا باوكم پێی باش نەبوو من ئەو رۆڵە ببینم، نەك لەبەرئەوەی حەزی لە كاری هونەریی نەبوو، بەڵكو لەبەرئەوەی پێی باشبوو خودی ئافرەتان رۆڵی خۆیان ببینن، بۆیە زۆریش هانی خوشكەكانیشمی دەدا بۆ كاری هونەریی، بەڵام دواجار بۆ منیش رازی بوو”.
ئەو هونەرمەند بەشدار بووە لە تیپی نواندنی شۆڕش لە ساڵانی پەنجاكان، لەوێش دووبارە هەر بەهۆی نەبوونی ئافرەتەوە چەند جارێك رۆڵی ئافرەتی بەرجەستە كردووە لە كاری هونەریی، ئەوانیش (پیسكەی تەڕپیر، تاوان) و چەند بەرهەمێكی دیكەش.
ناوبراو سەرەتای ساڵانی حەفتاكان بۆتە ئەندامی تیپی نواندنی سلێمانی و لەوێشەوە دەرگای بۆ كاری گەورەتر هاتۆتە پێشەوە و بۆتە چالاكترین ئەندام، هەر بەو هۆەوە سەرقاڵی نووسین و وەرگێڕانی دەق و پاشان نووسینی سیناریۆ بووە.
كاوە ئەحمەد وتی “وەك هەموو هونەرمەندان دەزانن نووسینی سیناریۆی تەلەفزیۆنی بوارێكی ئاڵۆزە، بەڵام من هەر لەسەرەتای نووسینمەوە هەوڵم داوە ئەو بوارە پڕبكەمەوە،بۆیە لە سەرەتای حەفتاكان تا ساڵی 2010 كاری نووسینی سیناریۆم بۆ زیاتر لە 10 دراما نووسیوە”.
درامای (ژاڵە) كە ساڵانی هەشتاكان بە یەكێك لە كارە هونەرییە گرنگەكانی هونەری كوردی هەژمار دەكرێت كە ئەم هونەرمەندە بەچەند كارێك بەشداری كردووە ئەوانیش (ئامادەكردنی سیناریۆ و رۆڵبینین).
ئەم هونەرمەندە ئێستا لە هەشتاكانی تەمەندایە و هێشتا بەردەوامە لە حەز و خولیاكانی بۆ كاری هونەری و سیناریۆی درامای (كۆتایی خەونەكان)ـەکەی ئامادەیە و ئەگەر لایەنی تەندروستی رێگەی پێ بدات دەیەوێت خۆیشی رۆڵی تێدا ببینێت.