شیڤان شێرزاد – هەولێر
شانۆگەریی داگیرکردنی تاریکی بەرهەمێکی شانۆییە و لە دەرهێنانی هونەرمەند ئیحسان عوسمانە، کە چیرۆکەکەی لە رۆمانێکی بەختیار عەلی، رۆماننووسی کوردەوە وەرگیڕاوە و کەڤاڵ سدقی تێکستەکەی بۆ شانۆ ئامادە کردووە، دوا نمایشی لە شاری ڤیزبادنی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
لە کۆتا نمایشی دا، ئیحسان عوسمان، لە بری هونەرمەندی کورد فەرهاد کەسکین رۆڵی گێڕا، کە لە نمایشەکانی دیکەدا رۆڵەکەی گێڕابوو.
رۆمانی داگیرکردنی تاریکی، گەشتێکە بە مێژووی تورکیا و کورد و ململانێ سیاسییەکانی تورکیا لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا.
ئیحسان عوسمان، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە، بە (هەولێر)ـی راگەیاند: ئەوەی خوێنەری بەرهەمەکانی بەختیار عەلییە، بەتایبەت رۆمانەکانی و کاتێک رۆمانی ‘داگیرکردنی تاریکی’ـی خوێندەوە زۆر کاری تێی کردووە، بۆیە بڕیاری داوە وەک بەرهەمێکی شانۆیی بەرهەمی بێنێت.
لەبارەی ناوەرۆکی بەرهەمەکە، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لەبارەی قەدەخەکردنی زمانی کوردییە، قەدەخەکردن وشەیەکی کەمە بۆ دەربڕین، بەڵکو ویستیان لە رێگەی قەدەخەکردنی زمان، کولتوورێک لە نێو ببەن و ئەو هەوڵە لە 1923 لە تورکیا دەستی پێکرد.
گوتیشی: “بە دەرفەتم زانی ئەو مێژووە رەشە لەسەر گەورەترین تەختی شانۆی ئەوروپا پێشکەش بکەم.”